ئاڵەکۆک

مستەفا شەوقی add_a_photo
شەوقی دەفتەری شیعری شەوقی
٩. ھەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی
ھەڵستاون جەوانانی وەتەن دیسان بە بێ باکی
لە حەسرەت دەردی کۆنە مڵکی بابیان، ھاتنە چالاکی
دە دڵ عەزم و لە سەر شۆری جەوانی ھاتوو دەخوازن
کە بڕژێنن لەسەر خاکی وەتەن خوێنییان بە سەر پاکی
بڵا تێرئاو ببێ بەو خوێنە سوورە گوڵ لە مێرگۆڵان
بە شوعلەی نووری ئوممێدیان وەتەن با بێتە ڕووناکی
وەتەن ئەی موڵکی باپیرم! لە بۆچ ئەوڕۆکە ڕووخاوی؟
لە بۆچ جێ و مەسکەنی وەحش و تیوورە خاکەکەی پاکی؟
لە بۆچ عەولادی تۆ یەعنی برازا و مام و جیرانم
بەڵێ باپیرە گەورە و خوشک، پوور و باوکە خۆ داکی
لە ژێر کابووسی جەھل و کۆت بە یەخسیری دەناڵێنن
سەراپا پۆشەکی ڕەش، جلکی ماتەم بۆچ دەبەر ناکی؟
لە غوربەت لاوی کوردان بۆ نیگای وەسڵی تۆ مەحزوونن
شەو و ڕۆژ ناسرەوێن بۆ شەھدی شیرین، ژەھری تریاکی
لەسەر شاخی بڵیند و مێرگی شینی تۆ بڵا ڕابن
بە شۆری دڵ بخوێنن بولبولان ئەوڕۆ بە غەمناکی
وڵات و شاری مە خۆشە بڵا حەیفە کە وێرانە
لە بۆ چاوی بە فرمێسکی جەوانان سورمەیە خاکی
زمانی کوردی شیرینە و ھەواری ئێمە ڕەنگینە
بڵا چونکە ھەموومان دوشمنین زۆر سەعبە ئیدراکی
نیفاقی مە گوناھێکی عەزیمە، جا وەباڵی وی
بە گەردنی شێخ و ئاغا و مەلا و دەست و میسواکی
لەنێو دەستەی جەواناندا لە پێشدا شەوقی وێستاوە
بە نووری حوببی مەوتین دڵفرووزە ھاتە ڕووناکی
لە ڕێگای دەوری ھیوا یەعنی ئوممێد دەست بە دەست دەگرن
بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکەن جا خاکەکەی پاکی
بە موناسەبەتی زیندووبوونەوەی ھیوا

پەراوێز edit