ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٨٩. پایز
پایزە، دار ودەوەن بێ ڕەنگن١
قەل و مەل، بولبولەکان بێ دەنگن

باخە بێ بەرگە، پەسیویکی نەما
بێ حەشارگەن، کوڕ و کیژ دڵتەنگن

بەتەنێ سەروی بڵیندباڵا مان
بێ خەزان بەرزن و شۆخ و شەنگن

دڵییان پێوە هەڵاوەسراوە
بە نەسیم دێن و دەچن، سەرسەنگن

***

داخەکەم بۆ کوڵ وکۆی جەرگ و دڵم!
چوو بە تاڵانی خەزان بەرگ و گوڵم

***

پایزە و کاتی خەزانی گوڵوکات
گوڵوکات ڕێکی بە باچوو لە وڵات

خێڵ سەرەوخوارە، هەواران چۆڵن
لەو کەژ وکێوە بەجێما 'ئاوات'

سارد وسڕ لەو سەرە دڵ جێماوە
چاوەڕێی هاتە، بەڵام هاتی نەهات

شێت و پێت ئەی دڵی بێچارە، کوا، ٢
تازە نۆبووکی بەهار دێتەوە لات؟

***

ڕەبەن و بێکەس وکارە دڵی وا
هێند تەمادار و ئەوەندە بە هیوا

***

هەڵیان گرتووە خەرمان کوڕ وکاڵ٣
تازەلاو، ڕەنجبەری کورد دێنەوە ماڵ

پەڕوپۆی تازە بەڵا دەرکەنەوە
لەو کوڕ وکاڵە جوانە پەڕ وباڵ٤

ڕێک لە سەربان و لە کووچە و کۆڵان
وەک مناڵ تازە کە دێنە گوڕوگاڵ

ویرەویریانە بە سەبر و بە دزی٥
نەکو پێیان بوەڕن پیرە گەماڵ

***

ئاشکرابن لە کون و کاڕێژێ
بابی کیژ بێتو قسەی پێ بێژێ

***

دەرودەشت چۆڵ لە خەلە وخەرمانان
ڕەنجبەران دێنەوە بۆ سەربانان

ماوەیەک بوو کە لەبەر تاوی بەتین
هەڵوەریبوو پەڕ وپۆیان بە خەمان

جلکی کۆنە لە بەری خۆ دەدڕن٦
دەست ڕەنجبەرانە جلی تازە وجوان٧

کاتی زستانە، بەڵام دووبارە
بێ وچاندانێ هەموو دەبنە شوان

***

بێ کەپەنک و سەگ و گۆچان، چ دەکەن؟
لەو کەژ وکێوە، لە سەرمان چ دەکەن؟

***

دەنگەدەنگیانە، دەڵێن گۆرانی
بە زمانی زگوماک، سۆرانی

کورت و کرمانجی لە دەرک وبانان
خۆ دەلاوێننەوە لاو بە جوانی

پاروە نانێکی لە ماڵێ کە بخۆن
چاترە کوردە لە نانی شوانی

گەرچی شانازییە شوانی بۆ کورد
جوانە لەو شوانە دەس وگۆچانی

***

با بەهار بێتەوە خاکە لێوە
دەرکەوێ چادر وجیغ لەو نێوە

***

ئەو کەڕەت لاو دەگرن باش سەر سوێ
لە کچی مەمک و کوڵم سێو و بەهێ

وەک گوڵوکاتی بەهار سەوز و سوور
کیژ دەڕازێننەوە خۆ سەرتاپێ

ئەو حەلە، کاتی تەماشا وگەشتە
ئەوکەڕەت ڕۆژی وەدەرچوونە لە دێ

هەر جحێڵێکی ئەوینی پێ بێ،
بە ئەوین دێتە سەما و هەڵپەڕکێ

***

ڕێم نییە من کە فەقیرم پیرم
تا بڵێم هێندێ لە ڕا وتەگبیرم٨

***

با نەڵێن نانی شوانی وایە
ئەوە نانێکە لە باغی نایە

ئەوە ڕێ و شوێنی گەلی پیاوانە
بەڵگە شانازی ڕەسووڵی خوایە

من بە قوربانی دەس و گۆچانی
کوڕی کورد نابێ بڵێ سەرمایە

دەنگی بلوێرە نەوای ئاسمانی
سەد نەوا ڕازی لە نێو دڵدایە

***

من کە 'کامیل' م و هێندێ پیرم
ئەوە بوو ڕا و قسە و تەگبیرم

١. چاپی ئەنیسی: پاییز. بەداخەوە وشەی 'پایز'ی کوردی لە زۆر شوێندا وەک پاییز دەنووسرێت و هۆکارەکەشی کارتێکەریی ڕاستەوخۆی زمانی فارسییە. لێرەدا بەتایبەت ئەو مەسەلەیە بە ڕوونی دەردەکەوێت. پاییز بە دوو یاء کێشی شیعرەکە تێکدەدات، هەر بۆیەش من بە یەک یاء نووسیم.
٢. چاپی ئەنیسی: کووا. ئەو وشەیە بە شێوەی ئاسایی دەبێ 'کوا' بێت. دانانی پیتی زیادی کارێکی مەزمووم و ناپێویستە واهەیە خوێنەر تووشی هەڵەش بکات.
٣. چاپی ئەنیسی: هەڵییان. لێرەشدا وێدەچێت یەک پیتی یاء بە زیادی دانرابێت. هەر بۆیەش من قرتم کردووە.
٤. چاپی ئەنیسی: جووانە. لێرەشدا من دوو پیتی واوم پێ باش نەبوو و هەر بۆیەش بە یەک واوم نووسی هۆکارەکەی ئەوەیە دوو پیتی واو ئەگەری ئەوە دروست دەکات کە وەک وشەی 'جوو' واتە جوولەکە بخوێنرێتەوە و پاشانیش، خوێنەر بە شێوەی ئاسایی واتە بە یەک واو، هەر بە 'جوان'ی دەخوێنێتەوە و کێشی شیعرەکە دەپارێزێت.
٥. چاپی ئەنیسی: وێرەوێریانە. ئەوەندەی بزانم ئەو دوو وشەیە بە شێوەی ویرەویر دەنووسرێت و دەگوترێت. هەنبانە بۆرینەش بە هەمان شێوەی نووسیوە و واتای گۆرانی لەسەر خۆ، سۆزە و نێورین (زەمزەمەی فارسی)ی بۆ لێداوەتەوە.
٦. واتە دادەکەنن و فڕێی دەدەن.
٧. چاپی ئەنیسی بە شێوەی سەرەوەی نووسیوە کە دیارە هەڵەی تێدایە. من سەرچاوەی دیکەم بۆ بەراوردکاری لە بەردەست نییە و هەر بۆیەش خۆم دەبێ ساغی بکەمەوە. بە گوێرەی ناوەرۆکی میسراعی یەکەمی فەردەکە کە باس لە دڕاندن و فڕێدانی جلکی کۆنی کوڕەلاوی ڕەنجبەر دەکات، واهەیە بتوانین میسراعی دووهەم بەم شێوەیە بنووسین کە دیارە دەتوانێ جیاواز بێت لەوەی وا شاعیر خۆی گوتوویەتی: 'ڕەنجبەر دەکڕێ جلی تازە وجوان'
٨. چاپی ئەنیسی: تەکبیرم.
(لاپەڕە ١٣٩ تا ١٤٢ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

پەراوێز edit