ئاڵەکۆک

ئەحمەد هەردی add_a_photo
هەردی ڕازی تەنیایی
١٥. چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە
فاتمە، دوو چاوی مەستت، پڕ تەلیسمی جوانییە
پڕ شەرابی خۆشەویستی و عارەقی یەزدانییە
بەژن و باڵاکەت نموونەی هەیکەلی یۆنانییە
لار و لەنجەت مۆسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
تاقە پڕشنگێکی چاوت ئەوپەڕی ئاواتمە
گەرچی دڵداری لە خاکی ئێمەدا ئەفسانەیە
هەر بەتەنیا بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە
گیانەکەم، ئەمما دڵی من لەو دڵە شێتانەیە
بێ ئەوەی هیچ شک بەرێ، کوژراوی ئەو چاوانەیە
هەر بەتەنیا خۆشەویستی شک ئەبەم، ست فاتمە
سەروەتم ناوێ، بزەی تۆ، ئەوپەڕی ئاواتمە
خۆشەویستی وا کە نامەی خوایە بۆ پێغەمبەران
بەرز و ناسک، وەک هەناسەی پڕ گوڵاوی دولبەران
نەک وەکوو حەزکردنی دینار و گەوهەر پەروەران
ئەو کەسانەی بۆ قڕانێ، چەندە دڵیان هەڵوەران
خەڵقی تر پارەپەرستی با بکەن، ست فاتمە
من بە تەنیا، تۆ پەرستی ئەوپەڕی ئاواتمە
زۆر کەڕەت هانم ئەدا داخی دەروونی پڕ گڕم
بۆتی هەڵڕێژم سکاڵای ناسکی گەرم و گوڕم
داخەکەم کاتێ کە دێمە بەردەمت، واقی وڕم
وام ئەشێوێنێ بە جۆرێ نایەڵێ هیچ دەربڕم
بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتمە
گوێیە بۆ ئەم ڕازە شل کەی، ئەوپەڕی ئاواتمە
سلێمانی - ١٩٥٠

پەراوێز edit