ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
هەوا نییە،
دوا هەناسەی سوورە گوڵە.
باران نییە،
ئەوە فرمێسکی تێکەڵی مناڵی سەرپشتی لانک و
پیری سەر لێواری گۆڕە.
بەفر نییە
ئەوە باڵی پەپوولەیە هەڵدەوەرێ.
تەرزە نییە،
ئەوە سەری سپیی کۆترە
وڵاتی لەشی جێ هێشتووە
شێعر نییە،
ئەوە ڕۆح و ئەوە گیان و ئەوە کەشی شاعیرێکە
تک تک، تک تک
دەتوێتەوە و هیچ کەسێک هەستی پێ ناکا.
***
لای مرۆڤ هیچ
لای باڵندەش ئابڕوومان چوو
کاتێک حاجیلەی میوانی پەنا قەڵای هەولێرمان کوشت
لای زیندوو هیچ،
لای کۆچکردووش ئابڕوومان چوو
کاتێک پەیکەری «حاجی»مان
دا بەر گوللە.
لای خەڵک هیچ
لەلای خۆشمان ئابڕوومان چوو؛
کاتێک بە دەستی خوێناوی،
خۆمان پێشانی یەکەمین ئاوێنە دا.
لای ئەمڕۆ هیچ،
لای سبەینێش ئابڕوومان چوو
کاتێک نیشانمان دا شەهید
قەدری ژیانی نەزانی و
خۆی بە کوشت دا.
***
ئەم ئاسمانە بۆ هێندە بێ باڵندەیە! ؟
نەکا فڕین لەم وڵاتە کۆچی کردبێ!
ئەم باغە بۆ هیچ گوڵێکی لێ ناپشکوێ! ؟
نەکا بەهار ئەو وڵاتەی جێ هێشتبێ!
ئەوە چەند ساڵە ئەم شارە لە جێی باران
خۆڵی بەسەردا باریوە،
ئەی ئەم شآرە بۆ ئەوەندە تۆزاوییە؟
ئەم شەقامە چەند لە مێژە بریندارە
ئەم کۆڵانە چەند لە مێژە گوێی بۆ سرتەی
کوڕ و کیژە دڵدارەکان هەڵنەخستووە،
ئێمە بۆ هێندە پێک نامۆین؟
ئەگەر ڕۆژێک ئاشتی بێ و بمانپشکنێ بڵێین بۆ چی؟
***
چاومان پڕە لە کەلاک و دەستمان پڕە لە تاوان و
دڵمان پڕە لە کەمین و
گوێمان پڕە لە ڕەمزی شەڕ
هەر کەس لە دەروونی خۆیدا ڕووخاو،
سەیرترین کەلاوەی سەر ئەم جیهانەین.
حاکمی یەک دەست و یەک لاق،
دوژمنی دەست و قاچێکی دیکەمانین.
ئێمە سەیرترین حاکم، سەیرترین دوژمنی سەر ئەم دونیایەین.
هەر کەس لە تابووتە لەشی خۆیدا نێژراو،
ئێمە سەیرترین مردووی ئەم جیهانەین.
فیفتی هابیل، فیفتی قابیل

ئێمە دوژمنترین برای ئەم دونیایەین.
ئێمە بێکەس و بێ‌پەناین،
تازە بادی خۆش مرووریش
بە شارەزووردا ڕانابڕێ
تا «نالی» خۆی بە قوربانی تۆزی پێی کا؛
تازە «شێخ»یش ناچێتە نێو خەونی موریدەکانیەوە و
چاپخانەکەی«پیرەمێرد»یش لە ڕووی نایە
تاقە یەک وشە بنووسێ.
***
بمبوورە ئەمشەو برینت دەکولێنمەوە هەڵەبجە گیان!
ئەرێ زامی پێنج هەزار شەهیدی یازدەی ئازار
پڕئێشتر بوو
یا یەک کەسی براکوژی؟
ئەرێ دووکەڵی کیمیاوی هەڵمژین ناخۆشتر بوو
یا هەوای ئێستای شارەزوور؟
هەڵوەرینی هەموو چرۆی «باغی میر» و دار هەناری
ئەو سەردەمی ناخۆشتر بوو
یا ژاکانی تاقە یەک گوڵی ئێستاکە؟

من لەمڕۆوە گوێ بۆ ڕادیۆکان هەڵناخەم
با هەواڵی شەڕ نەبیسم؛
هیچ ڕۆژنامەیەک وەرناگرم
با باسی شەڕ نەخوێنمەوە؛
چاو لە تەلەویزیون ناکەم
با مەیدانی شەڕ نەبینم؛
من لەمڕۆوە
دەڕۆمەوە بۆ چەند سەدەی بەر لە ئێستام؛
بۆچی نەڕۆم؟
هەرچی گوڵ و پەپوولە و کیژ و جوانییە
دونیا بردی بۆ شێعری خۆی،
تەنیا خوێن و شەڕ و مەرگ و گریان ماوە
بۆ شێعری من
***
هەور هەموو بارانی ئاسمانی هێنا،
گوڵێک نەبوو پێشکەشی کەین؛
تازە چۆن هەور
باران بۆم وڵاتە دێنێ؟
شنە هەموو بۆنی خۆشی دونیای هێنا،
پەنجەرێکمان نەکردەوە تاوێک تیا بحەسێتەوە؛
تازە چۆن شنە بۆنی خۆش
بۆ ئێمە بە دیاری دێنێ؟
ئێمە نەبووین لە جێی گەنم، فیشەکمان چاند؟ !
لە جێی کێڵان، تۆپمان لێ دا
بە جێگای ئاو، خوێنمان پێ دا؟
ئێستا مناڵانی ئێمە هیچیان نانی گەنم ناخۆن،
دەبێ هەویری باڕووتیان بۆ بشێلین.
***
ئێمە مەلین:
بە قەفەسەوە هەڵدەفڕین،

مرۆڤین و
بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین،

شاعیرین و
بە چەکەوە گوڵ دەنووسین.
شەڕ نەیهێشتووە بە لاوی دڵداری بکەین،
ڕەنگە لە سەردەمی پیری
لە پیرێژنێکی جیرانمان، ماچێکی حەرام بفڕێنین؛
گوللە نەیهێشتووە چریکەی بولبولێکمان گوێ لێ ببێ،
ڕەنگە لە ئاگربەسێکدا بۆ نەواری دەنگی بولبولێک
گوێ هەڵخەین؛
دووکەڵ نەیهێشتووە گوڵ بۆن کەین
ڕەنگە بەناچاری، عەتر
بەسەر گوڵە نایلۆنییەکاندا بپژێنین.
***
من ڕاگەیەنراوێکم دی لێی نووسرابوو:
ئێمە کۆمەڵێک ڕووناکبیر، بڕیارمان دا حیزبێکی نوێ دامەزرێنین،
بەڵام تا ئێستا نەکراوە هیچ ڕەنگێ بدۆزینەوە، کە پێش ئێمە حیزبێک نەیکردبێتە ئاڵا،
داوا لە خەڵکی کورد دەکەین، ئەگەر کەسێ ڕەنگێکی تازەی پێ شک دێ پێوەندیمان پێوە بگرێ!
***
ڕەش ڕەش، ڕەش ڕەش،
ئەوە ڕەنگێکی لە بیرچووی ئاڵایەکی هەڵنەدراوە.

سوور سوور، سوور سوور،
ئەوە چۆمێکی نەسرەوتووی
لە کێوی لەش هەڵبڕاوە.
***
من لەتەنیشت گۆلی ورمێ
هەست ڕادەگرم،
لە جیاتی گوێ
هەموو جارێ کە گوللەیەک پێک وەدەنێن، ڕادەچەنم،
کە لەشی یەکترتان پێکا
ترپە لە گیانم هەڵدەستێ؛
کە دڵۆپێک خوێنیان ڕژا
«دڵ وەختە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور.»
***
خوایە تۆ لە گشت شوێنێک هەی،
بمانبوورە؛ ئێمە میوانداری چاک نین.
فریشتەکان! بمانبوورن؛
بمانبوورن مناڵانی نوتفەبەستووی شەوانی پڕ ترس و شەهوەت؛
بمانبوورن مناڵانی لە منداڵدانی دایکدا
باوک کوژراو؛
بمانبوورن مناڵانی پاکی ئەمڕۆ و
براکوژانی سبەینێ؛
ماچی ئەمڕۆ و تفی سبەی؛
بمانبوورن دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ڕژاو؛
مسقاڵ مسقاڵ
گۆشتی لە ئێسقان جیاوە بووی
لەشی شەهیدی نەناسراو!
***
خۆ ئێوە دوو وەرزی ساڵ نین
کە زەرد و سەوز، هەرگیز بە یەکتری نەگەن
ڕۆژ و شەو نین
نوور و تاریکی نەتوانن پێک هەڵبکەن
مار و پنگ نین
نەتوانن جیرانی یەک بن.
نا ببورن،
کورد و کوردن
کە ناتوانن، بە بێ مەرگی یەکتر بژین!

هەر کێلە و کێلە و کێل دەڕوێ -لە جیاتی گوڵ-
من دەترسێم کە گۆڕستان
هەموو خاکمان لێ داگیر کا
هەر خوێنە و خوێنە و خوێن دەڕژێ –لە جیاتی ئاو-
من دەترسێم خوێن ڕووبارمان لێ داگیر کا
هەر ڕۆحە و ڕۆحە و ڕۆح دەفڕێ -لە جیاتی مەل-
من دەترسێم کە باڵی ڕۆح
سێبەر لەسەر ژینمان بکا
***
ئەم ئێوارە پەپوولە سولەیمانەیەک دەیخوێند:
بۆ ئاگاداری:
حاجیلەیەکی نێو شاری هەولێر شەهید کراوە، کۆڕێکی پرسەی بۆ دانراوە.
تکایە هەموو مەلانی گەرمێن بەشداری بکەن.
هەر مەلەش، ئاگای لە گیانی خۆی بێ. بولبول بێ چریکە، کۆتر بێ تەقڵە و کەو بێ قاسپە بێ.
شوێن: هێلانەکەی حاجیلەی شەهید
کات: دوای خەوتنی هەموو خەڵکی شار.
***
ئێمە هێندەمان ئەم خاکە ئازار داوە
تازە خەڵکی وڵاتی دیش وەرمان ناگرن
Where are you from?
I’m from Kurdistan
تۆ کوێندەرێی؟
کوردستانیم.
من لە چاویدا هەست دەکەم
یەکدابەدوو دەنگ و باسی ڕادیۆکانی بیر دێتەوە،
ئەو دەبێتە کاریلەیەکی سەر زەرد و
ئەمن دەبمە گورگی سەر ڕەش؛
خۆی لە نیگام دەدزێتەوە!
***
ئێمە بەتەمای ژیان بووین
گەرچی تووشی مەرگێکی بەسپایی هاتین:
–ئەوەندەش بەختەوەر نەبووین
لە کورتە کاتێکدا بمرین.

من دەترسێم ڕۆژێک پیرەمەگروونەکان
سیروان و تانجەڕۆ بکەن بە دوو باڵ و
وەک سیمورغ بە جێمان بێڵن؛
ئەودەم ئێمە بۆ پەناگا و بۆ ئەشکەوت و
بۆ لێقەومان ڕوو لە کوێ کەین؟
دەترسێم ڕۆژێک دارستان
پەنجە دە پەنجەی هەورەکان بهاڵێنێ و
ئێرە چۆل کا؛
ئەو دەم دەبێ،
بۆ میوە و بۆ ژوان و سێبەر
دڵ بە چ شوێنێک خۆش بکەین؟

دەترسێم ڕۆژێک خوداوەند
فریشتەکانی ڕابگوێزێ و فەرمان بدا:
نابێ هیچتان لە مەداری ٣٦ دەرەجە نزیک بن
ئەودەم ئێمە بەبێ خودا و بێ فریشتە
چۆن بوێرین بچینەوە بەر ئاوێنە؟
***
ها خاڵۆ سپی‌پۆشەکەم!
تۆ چت دەوێ
ئەمشەو لە خەونەکانی من؟

سڵاو ڕۆڵە شاعیرەکەم،
–من ئەو کەسەم بۆ یەکەم جار
وشەی پێشمەرگەم بۆ چەکدار
پێشنیار کرد.
هاتووم، هەتا وشەکەم وەرنەگرمەوە
ناڕۆمەوە.
ها دایکە پرچ کوێستانییەکەم!
تۆ بۆ ئاوا غەریبانە
لە بەردەرگای خەونەکانی من وێستاوی؟
–من ئەو کەسەم کە یەکەم جار، وشەی شەهید
لەسەر ڕۆڵە کوژراوەکەی من دانرا
هاتووم هەتاکوو ئەم ناوە
لەسەر ڕۆڵەم نەسڕمەوە، ناڕۆمەوە.
ئەی ئێوە بۆ چی وێستاون هاوڕێیانم؟ !
–کۆڕی زکری دەروێشانە ئەمشەو، بەڵام
مانگ هەر تەنیا یەک دەفەیە و بەشمان ناکا.
هاتووین بچینە سەر سیروان
تا هەر دەروێشەی دەفی خۆی لێ وەربگرێ.
ئەی ئێوە بۆ کۆبوونەوە مناڵەکان؟ !
–ئەمشەو مەیلی پاکبوونەوەی ژێر بارانمان هەیە بەڵام
دڵۆپ دڵۆپەی بارانە تەڕمان ناکا
هاتووین بچینە ژێر تاڤگە
گوناهەکان بشۆینەوە.

جارانی زوو
لە سەر گردی مامەیارە دارێک هەبوو
کە پاییزان گەڵاکانی هەڵدەوەری،
پۆل پۆل چۆڵەکەی لێ دەڕوا؛
لەسەر کێوی پیرەمەگروون دوندێک هەبوو
کە هاوینان کچی بەفری، ڕەدووی ڕووبارێک دەکەوت،
پۆل پۆل کەوی لەسەر دەنیشت؛
لە داوێنی شنروێشدا شاعیرێک بوو
گەر مناڵێکی پێخواسی چاو پێ کەوتبا
شێعرێکی بۆ دەکرد بە کەوش؛
گەر دایکێکی ڕۆڵە کوژراوی دیتبا
شێعرێکی بۆ دەکرد بە کوڕ؛
گەر وەنەوشە لەژێر تووتڕکا خامۆش با
شێعرێکی بۆ دەکرد بە دەنگ؛
بەڵام ئێستا لە گشت شوێنێک
هەر شیوەنە و هەر واوەیلا
منی شاعیر، یەک شێعریشم بۆ نانووسرێ
دەزانی بۆ؟
«مەزاجی کوردەواریم تێک چووە، دەروێش عەبدوڵڵا»

ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
سەرمان بۆتە لاقی کەسێکی نەناسراو،
هەر بە شەق تێمان هەڵدەدا.
دەستمان بۆتە دارەدەستی کەسێکی تر،
هەر کۆترێک بە لایدا بڕوا تێی هەڵدەکا؛
دڵ بۆتە زەبتی جاسووسی،
هەر خەیاڵێ بە دەروونماندا تێپەرێ
بۆ نەیارانی باس دەکا.
ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
مەمکی دایکان وشک بووە و
مناڵ گوانی مانگا دەمژن.
سفرەی ماڵان بەتاڵ بووە و
مناڵ لەگەڵ باڵندەکان چینە دەکەن؛
شەو بەشی خەویان ناکات و
بۆخەوی دووری زستانی تەمرین دەکەن.

مناڵەکان! کە بەیانان لە خەو هەستان،
هەتاو بۆ نێو دەروونتان بانگێشتن بکەن
کە خەوتان هات،
سەر بنێنە سەر کەروێشکەی گەنمەکان و
مانگ بێننە نێو خەونەکانتان؛
ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتن،
پێ لە ڕووبار قەرز بکەن، دەنگ لە تاڤگە،
ڕەنگ لە بەهار.

ئەگەر لە شوێنێک دا ون بوون،
لە پەپوولە پرسیار بکەن.
مناڵەکان ئێوە هەر زوو
ڕەنگ لە ئاڵا وەرگرنەوە و
بیدەنەوە بە وەرزەکان.
دەنگ لە تفەنگ وەرگرنەوە و
بیدەنەوە باڵندەکان.
هەر لە پێش چاوی ئاسمان
هەموو چەترەکان بشکێنن؛
بەڵکوو هەور ئاشت بێتەوە و
تینوایەتیمان بشکێنێ.
هەر کەسێکتان چاو پێ کەوت
نیگایەکی مناڵانەی پێ ببەخشن،
خۆی لەبەر گەرم دابێنێ.
کۆڵان بە کۆڵان ڕاکەن و
لە دەرگای هەموو ماڵێک دەن
بڵێن فەرموون:
وشەی ون بووی برایەتیمان دۆزییەوە
تکایە چاک بیپارێزن،
با ئەمجار لێتان ون نەبێ!
بە شەقامەکاندا ڕاکەن،
هەر کیژێکتان چاو پێ کەوت
چەپکێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگی
لە کراسە ڕەنگ مردووەکەی دەن.
مناڵەکان! ئەمشەو بۆ ئێوە دڵپرم.
***
نا، نامەوێ ئەمشەو بگریم، بەڵام چ بکەم؟
خۆ فرمێسک پرسم پێ ناکا!
نامەوێ شێعر بنووسم،
وشە تەگبیرم پێ ناکا!
شێعر بۆ هەتاو دەنووسم،
سێبەر وڵام دەداتەوە،
شێعر بۆ ئاگر دەنووسم،
دووکەڵ وڵام دەداتەوە؛
شێعر بۆ باران دەنووسم،
تفەنگ وڵام دەداتەوە.

خۆ من ناڵێم، شێعر دەڵێ:
چەکی نێو دەستی پێشمەرگە
ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە
گەر داینێ لە برسان دەمرێ.

خۆ من ناڵیم، شێعر دەڵێ:
فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە
-کاکڵە گوێزە-
فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ.
خۆ من تاوانێکم نییە
شێعر پرسیارم لێ دەکا:
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی،
نیشتمان، زیندانی گشتی،
ڕۆژئاوا، تاراوگەیەکی هەمیشەیی
ئەتۆ کامیان هەڵدەبژێری؟

ئێمە گەڵاین
هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛
مناڵین و
هەر لە لاویدا پیر دەبین.

جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.

جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین»
کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام،
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!

پەراوێز edit