ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
مارف ئاغایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور
٦٥. پێنج کۆپلە شێعری یاغی
(١)
تا چاو بڕ دەکا
ئاڵقەی پرسیارم
بە هەودای ڕێدا هەڵپەساردووە.
بەڵام ئاڵقەکان
تەنافی دارن،
تەرمی وەڵامم
پێ نیشان دەدەن.
ئەرێ ئەمن کێم؟
تا زیاتر لە خۆم نزیک دەبمەوە
زیاتر لە بوونم،
دڵسارد... ناهومێد.

بڵێی ڕۆژێک بێ
بەو ڕاستیە بگەم:
من تراویلکەم!

(٢)
هەر تەنیا من نیم.

زەمانیش کاتێک سەرەڕۆیی کرد
لە نێو چوارچێوەی «سەعات»یان خست و
وەک کەڵی گێرە
خولیان پێ لێ دا

هەر تەنیا من نیم!

(٣)
ئاوێنەی ڕۆحم
قوڕ و چڵپاوی ڕێگەی دژواری
پێدا پڕژاوە.

ترپەی دڵیشم
دەنگی دەفێکە
لەنێو چەمەریی
ناشتنی تەرمێک.

(٤)
دەزانن خوێنم
دەگەڵ چ ئاوێ،
تێکەڵ کردووە؟

ئاوی ئەو بەفرەی
لە لەپی دەستما
گیانی بەخت کرد
تا تێراوم کا.

چاوم بە دەشتی قاقڕ هەڵنایە،
خوێنم پێشکەشتان،
ساڵی داهاتوو
ڕۆحم دەنێرم
بۆ باغەوانیی
گوڵزاری لالە.

(٥)
لە ڕۆژی ڕوونیش
چرای دڵ هەڵکەن
–بە گڕی برووسکە–
ئەو دەم تێدەگەن
کە ئەو هەتاوە
چەندە بێ تیشکە!

پەراوێز edit