ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
مارف ئاغایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور
٤٠. سەفەری مەرگ و ژین
بارانە و دەبارێ، سەرتاپای ڕۆحی من تەڕ بووگە و
لە پەڵەی هەورێکی چڕ زیاتر
هیچی تر شک نابەم کە بیکەم بە چەتر.

تۆفانە و هەر تەنیا ژێر باڵی شەپۆلێکی یاخی،
زریانە و سەرشانی قامچییەک،
گریانە و هەر فرمێسک
شک دەبەم کە پەنای بۆ ببەم.

ئەم ڕێیە هێندە دوورە، وەک باڵای باران بێ
لە زەوی ڕاخرابێ.
ئەم ڕێیە بەستەڵەک،
وەک باڵای تەرزە بێ.
ئەم ڕێیە بەرتەسک،
وەک پردی برووسکە.
هەنگاوم هەر ئەڕۆن.
وەک ئاوێک کە تازە لە دەستی بەنداوێک
ڕزگاری هاتبێ.
چرای چاو، گەش دایسێ
وەک تازە چەخماخەی لێ درابێ.
دەبێ تیژ وەک خەون، ڕێ ببڕم
دەستانێک دەبینم خەریکن کە ئاسۆ ڕاگوێزن.

ئەم ڕێگا درێژە
تۆمارە و
چیرۆکی شکانی لەسەر سینگ نووسراوە.
لە ڕەگی لەش زیاتر
چەمی خوێن بە نێویا گەڕاوە.

ڕێگایە و هەر ڕێگا، هەر ڕێگا
هەڵدێم و کەروێشکی بازرەی هەنگاوم
سێبەری تفەنگی چەند ڕاوچی لەسەرە:
–ناتوانن بتگرن، ئاو دەتکا بە ئاو و دار بە دار
بەرد بە بەرد
تۆ هی ئەم خاکەیت و
لە تیرەی بەرد و ئاو و خاکیت–

سەرمامە و کڕێوە
لە بەژنم ئاڵاوە.
برسیمە و سەهۆڵی کەشک‌ئاسا
بۆ توێشووی ئەم ڕێیەم دانراوە.
بێ پەنام،
هەر ڕنوو مەنزڵمە.
تەنیام و هەر تەمەن هاوڕێمە.

ئەم سیما ماندووەم لە قابی ئاوێنەی سەهۆڵا دەبینم.
بە ناچار جاروبار
پێ لەسەر سەری خۆم دادەنێم.
جارجارە وێنەکەم دەیبەستێ و ناتوانم کە دەری بهێنم،
جاروبار سەهۆڵە دەشکێت و
گنجێکی تازەتر، ڕێی پیری
لە دەشتی نێوچاوان خۆش دەکا.

بەرەو خۆر ڕێ دەبڕم، لە سەرمان کەم ماوە ڕەق هەڵێم.
وەک کانیی ویشک کراو
لە حەسرەت چەند دڵۆپ ئاودامە پێی بگریم!
ئەم ڕووحە تینووەم بە ڕووباری ئاگر ئاو دەدەم.
هەر تەنیا پێنووسی برووسکە دەتوانێ
ئەم مێژووە پڕ هەڵس و کەوتانە بنووسێ.
هەر هەور دەتوانێ ڕایگوێزێ.

مێژوومان شێعرێکە: لە هەوەڵ بۆ ئاخر، لە ئاخر بۆ هەوەڵ،
خوێندنەوەی هەر یەکە.
مێژوومان دەستێکە دەیان جار، لە یەک کون
مارپێیان وەداوە.
ڕێبواری نێو مژێکی خەستە و
دەیان جار هەر دەوری خۆی داوە.

هەرێمی مەرگ و ژین دەپێوم

ئەم دڵە تەنیایەم پێم دەڵێ:
چلۆن گوڵ ناتوانێ بۆن بە «با» نەسپێرێ،
چۆن سنوور ناتوانێ ڕێی خەون ببەستێ،
چۆن تاڤگە ناتوانێ دەنگی خۆی بێدەنگ کا،
منیش قەت ناتوانم
کە هەنگاو بەم ڕێیە نەسپێرم.
کە کێڵگەی ئارەزووم بە تیشکی خۆرەتاو نەدێرم.

تەرزەیە و دەبارێ، هەر دەنکەی خەنجەرێک
ئەم ڕۆحە زامدارەم دەجنێت.
زریانە و خەرمانی خۆی بە سەر برینم دا دەکا.
زیندوومە و تەمتومان خەڵاتم بۆ دەبڕێ.

هەنگاوم بە دەریا دەسپێرم:
دەریایەک بەرهەمی ڕووباری تراویلکە.
چاوەکان بە ڕەنگی خۆڵەمێش ڕادێنم،
چووک دەشتی سەر گۆنا بە فرمێسک.

دەڕۆم و هەر دەڕۆم، دەبارێ و دەبارێ

نازانم ئەم هەورە لە کێهە داپیرەی جەرگ سووتاو
ئەم گریانە فێر بووە؟
ئەم چەمەی سروودی لای لایە بۆ کەنار دەخوێنێ
لای لایەی دایکانەی بۆ خەوی کام هەتیو بیستووە؟
ئەم دۆڵەی کە گەرووی دەکاتە شمشاڵی شوانی با
«لاوکی هەڵەبجە»ی
لە دەنگی کام مناڵ بیستووە؟

کۆڵانم کۆڵانی شەوگارە و تاریکی شوورەیە.
گەرووی شەو، ڕوانینم قووت دەدا
کەند و قووڵک: هەنگاوم
نیشتمان: ئەندێشەم.
زریانە و شێت بووە
داو بە داو مووی سپیی ئەم ئاسمانە پیرە دەردێنێ.
زریانە و تاوانی سەر زەوی
لە ئاسمان دەستێنێ.

ڕێ دوور و ماوە کەم:
کات بۆتە بەفرێکی بەر هەتاو
هەر لەژێر سێبەری باڵاما ڕایدەگرم.
ڕێ بۆتە هەرێمی بەستەڵەک
هەر لەژێر هەتاوی ڕوخسارما
گڕی تێ بەر دەدەم.

دەڕۆم و دەپرسم:
ڕیشەی ئاو هەتا کوێ لە ناخی خاکدایە
کە دەستی هیچ شێتە شەماڵێ ناتوانێ لە خاکی هەڵبڕێ؟
ئاو چلۆن خۆی کردە خواوەندی نیشتمانی هەور؟
ئەی من چۆن دەتوانم ببمە ئاو؟

دەڕۆم و خەیاڵی داهاتوو هەنگاوم خۆش دەکا:
هەتاکوو موعجزەت پێ شک بێ
قەت مەحاڵ ناتوانێ بە چۆکتدا بێنێ.
هەتاکوو سۆمایەک بۆ چاوانت مابێ،
تاریکی ناتوانێ هەرەست پێ بێنێ.
ئەگەرچی جارجارە ئاوازێک پێم دەڵێ:
چۆن ڕێژنەی هاوینان تینوێتیی خاک و خۆڵ ناشکێنێ،
وەک چۆن کارگ بە تاقە برووسکێک
سەر وەدەر ناهێنێ،
خۆ پۆلووی دڵی تۆش
هەر بە نەرمە بایەک گەش نابێ!

دەڕۆم و بە سەر تەمی زۆر خەونی سەوزا ڕێ دەبڕم،
ڕەشەبا، پێنووسی گەردەلوول
لەسەر ڕووی مێژوودا تاو دەدا.
کارەسات بە ئەسرین،
تەسبێحی پەژارە
بۆ زکری داپیرەی مێژوومان
ساز دەکا.
دەڕۆم و دەبینم:
برووسکە و
داری هەور
تەکاندن.
تەرزەیە و:
بەری دار
وەراندان.

دەڕۆم و دەبیسم:
ئەم شوێنە، مەڵبەندی گومانە

لە یەقین دەگەڕێی
مەیدانت گیان دانە
لە هەرمان دەگەڕێی!
چەمیت و دەتەوێ دەریاکان بە دواتا ڕێ ببڕن.

دەڕۆم و شەڕابی ڕابردوو
ئێستاکە دەنۆشم،
بۆ مەستیی داهاتوو.
چاوەکان بەش دەکەم:
چاوێک بۆ ڕابردوو
چاوێک بۆ ئێستام و
مەخابن، ئەی کوانێ
چاوێک بۆ داهاتوو؟

دەڕۆم و دڵنیام چیرۆکی دڵداری
قەت دوایی پێ نایە:
ڕێبوارم،
دڵدارم ڕێگایە.
ڕێبوارم،
هاودەنگم، گۆرانی:
گەرمایە بۆ لەشم

هاوارە بۆ گەروو
ڕێگا بۆ هەنگاوم،
گۆرانی.

دەڕۆم و دەپرسم چ سەختە بە پردی سەهۆڵینی شەودا تێپەڕین.
چ سەختە بێ چرا ڕێ بڕین!
لەش ماندوو
ئەندێشەم بەرزەفڕ.
وەک «تیری تاریکی»
نادیارە چارەنووس.

پاش هەموو هەنگاوێک
تابووتی بەفرێکی خۆڵ‌ئاسا دەبینم
هەنگاوی پێشترم دەنێژێ.
مژێکی سامناکیش بە سەرما تەپیوە،
تاوێری سەهۆڵین لە چیای بەفرەوە دێنە خوار.
پەنجەرەی بچووکی نێو گەرووم
بەرەو ڕووی ئەم کۆچە دەخەمە سەر پشت و
هەنگاوم بە گەرمای بەیت و باو، لاوک و حەیرانان
دەسپێرم:

«بڵێن بە سەری سەفینێ
 دەگەڵ من گەلێک یار بێ
سەری خۆم بۆ نەوی کا،
کەلێنی دەربەندێ
لە من ڕا دیار بێ»

دەڕۆم و دەخوێنم:
«ئازیز، ئەرێ ئازیز لە من ئازیز خانێ
ئەمن ئاورێکم بەربۆتە دەروونێ
ئەوی دیکەم بەربۆیە دەروونخانێ
نە بە بایە دەکوژێتەوە
نە بە بارانێ،
نە بە پێمەڕەی
نە بە گڵ وێهەڵدانێ،
نە بە بەفرێ، نە بە کڕێوەی دە جستانێ،
خۆ نە بە غەمی دە نیوەشەوانێ،
نە بە فرمێسکی دە گریانێ»

دەڕۆم و هەر دەگریم.
هەر ئاسمان و بەفرە
چاوم و
بارانە.
بارانە و دەبارێ، سەرتاپای ڕۆحی من تەڕ بووگە و
لە پەڵەی هەورێکی چڕ زیاتر
هیچی تر شک نابەم
کە بیکەم بە چەتر.

دەڕۆم و دەڕوانم: هەر بە قەد تابووتێک بۆ دیتن ڕێ هەیە،
لەنێوان ئاسمان و زەویدا
هەر بە قەد بەرزاییی تابووتێک مەودایە،
ڕۆ دەچم، هەر بە قەد تابووتێک تا ناشتن،
دەڕۆم و چەند هەزار تابووتێک
هەتاکوو کۆتایی ڕێ ماوە.
دەڕوانمە شوێنی پێم
زۆرتر وەک: چاوەڕێی هاتنەوەی کەسێک بێ،
نەک هاتن!

دەسبەسەر کردنم هەر تەنیا خەونێکە:
هەوری ڕۆح
گشت ڕۆژێ بە دەستی وەردیان
زیندانی دەکرێت و
پاش تاوێک چوارچێوە جێ دێڵێ.
فڕینم عیشقێکە:
هەوری ڕۆح
گشت ڕۆژێ، هەناسەی ئازادی
لە ژووری زیندانا هەڵنەمژێ، ناسرەوێ.

دڵۆپی نێوچەمم،
ڕۆژ نییە بە سەر چەند هەڵدێرا نەڕووخێم،
شەو نییە خەو لە نێو وە خەبەر بوونمدا نەنێژم.

لە داڵانی بێدەنگی شەودا
شێتۆ کەی شێعرم و وڕێنە هاودەممە.

چەند سەدە پشت سەرم:
شۆقێکی ڕابردوو
چەند هەنگاو پێش سەرم:
سێبەرم خۆی بە گژ مەترسی دا دەکا
هەر ئەوە پێشمەرگەم.
لەم ناوە هەر منم و دەروونم:
نەمزانی کۆڵانی دەروونم
دوورترین کۆڵانی جیهانە و لە ناویا ون دەبم.
نەمزانی زەمان، وەک زەمانی سەر پەردەی سینەما توند دەڕوا.

زستانە و بەهاری دەبینم!
سەهۆڵ: دار، قەندیل: لک، تەرزە: بەر،
من پەیکی نەوبووکی پێکەنین بۆ زاوای گریانم.
نامەوێ گشت خەونە تاڵەکان، دووپاتی دوێنێ بن
گشت خەونە خوشەکان خەیاڵی سبەینێ.
دەزانم ئاسمان سنوورە بۆ فڕین، کەناریش بۆ مەلە
نە مەلە، نە فڕین، بە سەر خاک، ئەم خاکە پاکەدا ڕێ بڕین،
دەڕۆم و دەمهەوێ بە ناخی ڕووداودا ڕەها بم:
وەک باران لەنێوان ئاسمان و زەویدا
دەڕۆم و دەمهەوێ کە لە نێو قامووسی مێژوودا
هەرەس و خیانەت
بدەمە دەستی با

دەڕۆم و بانگ دەکەم:
من هەموو تەمەنی خەوتنم دەفرۆشم
بە ساتێک بێداری،
بە خەیاڵ چەند زاری ئاوەڵا دەبینم.
لە دوورڕا بڵیندگۆی هاوار و
لە نزیک
ئەشکەوتی باوێشکن.
قیامەت لە دڵما ڕابووە:
ڕەشەبا، دوو باڵی پەپوولە دەبڕێت و
هەڵفڕین: ئەفسانە.
ڕەشەبا هەنگاوی ڕێبواران دەدزێت و
ڕۆیشتن: ئەفسانە.
قیامەت لە دڵما ڕابووە
لە جەرگەی وڵاتی گریانا
فرمێسکم
لەنێو خەڵک تەنیام و
بە تەنیاش خەڵکێکم.
زەمان وەک گۆڕکەنێک
کاتەکان دەنێژێ
چۆلەکەی بەفر دێ و لە ترسی باشووی با
خۆی لە نێو باوەشمدا دەکا.
بە خەیاڵ هەڵدەفڕم:
لە چیندا دوو دەستم لە کورسی دەبەستن
دوای تیرێک لە پشت سەر
هەروەکوو پەیکەرەی پاشای دوای دەسەڵات
بەعەردەم دا دەدەن
لە وڵاتی عەرەبان
تیژایی شمشیرێک، نەرمایی گەردنم شەق دەکا و
گڕگانێک لە خوێنی چیای لەش
لە سەری بێ سەروشوێنی من دەگەڕێ؛
فەڕانسە و گیۆتین،
گۆی سەرم و
پێی هەمووی ئەوانەی
تۆپی‌پێی پێ دەکەن؛
ڕۆژئاوا و بێدەنگیی یەکجاری
لەسەر ڕووی کورسیلەی کارەبا،
وڵاتانی هاوسێ و ئازادی:
لەنێوان سێدارە و تیرباران.
بە خەیاڵ، سەرسووڕماو دێمەوە:
ئەو هەموو شێوەیە بۆ مەرگی من هەیە و
هەر تەنیا یەک شێوە بۆ ژینم؟

سەردەمی مناڵی! تۆ لە کوێی:
کێلە شین:
جل و بەرگ، لە بەفر
پشتێندی، لە مژ و
جامانەی لە هەور
ئێستا کە گەورەم و
کێلە شین:
بێ بەفر و بێ مژ و بێ هەور!

دەڕۆم و لە دەریای بەفردا
ماسییەکم بێقەرار
بەڵام نەک وەک ماسی،
هەر تاوێک
ڕووی هەنگاو لە لایەک.
هەست دەکەم مژێکی نادیار
بە سەر ڕووی ساوترین کاتەکان کێشراوە
دەڕۆم و لە کلوە بەفرەکان دەڕوانم، ئاشنان؛
فرمێسکی سەرسپیی ڕابردوون؛
دەلەرزم، بە پۆلووی ئەو یادە گەرمانەی
لە کوانووی مێشکما ڕامگرتوون؛
لەش گەرم دادێنم،
دەپرسم ئەی دایە تۆ لە کوێی
زللەیەک لەو کۆرپە لاسارەی خۆت بدەی
کە لەنێو کۆڵانی زستانا
ون بووە و
هەورەکان دەکاتە نیشانە؟ !

بەفرەکان!
خۆ هاڕەی ماشینی نێو شەقام
نەیهێڵا لە ڕازتان حاڵی بم؛
دوندەکان!
خۆ دووکەڵ نەیهێڵا
باسکی چاو لە باڵای بەرزتان باڵێنم؛
ڕێگاکان!
خۆ دیوار نەیهێڵا خۆم هەڵتانبژێرم.

ئێستاکە دەزانم
چەند تاڵە تەمەنێک تێفکرین
لە یەک کات بڕیار دان
چەند تاڵە تەمەنێک بڕیار دان
بێ یەک کات تێفکرین؛
کون بە کون لە مەرگی هەڵاتوو لە ترسی بێ باکیم دەگەڕێم
بەپڕتاو بە پشت سەر گوللەیەکدا دەڕۆم
کە گیانی ئەنگاوتووم،
مردنی ئەو شوێنەی کە هیچکەس لەوێ دا نەژیاوە
چ خۆشە!
ژیانی ئەو شوێنەی کە هیچ کەس لەوێدا نەمردووە
چ شیرین!
چ سەیرە لەم شوێنە
سەفەری مەرگ و ژین!

نازانم کە چاڵی تەنیایی چەندقووڵە
بەڵام تا زێدەتر ڕۆدەچم
هەڵچوونم زیاترە،
خوایە تۆ تەنیاکەی ئاسمان و
من تەنیای سەر زەوی،
لە کوێدا بتبینم؟

دڵم بۆ خەونەکان دەسووتێ:
خەونەکان دەریان و
هیچ کەسێک تێیان دا ناخنکێ؛
خاکن و
هیچ کەسێک پێی داگیر ناکرێن؛
هەورن و
ناتوانن لی هیچ کوێ بسرەون؛
ڕێگان و
بێ هەنگاو دەپێورێن.
بەڵام من داهاتوو دەبینم
کە مرۆڤ بە خاتری خەونەکان
دادگایی دەکرێت و
ناتوانێ حاشایان لێ بکات؛
داهاتوو دەبینم:
خەونەکان وەک شاهید
دێنە نێو دادگاکان؛
گوڵ وەکوو دایناسۆر
دەبێتە ئەفسانە و
ئازادی
دەخزێتە نێو زیندان.
دەمهەوێ
ڕێگەیەک بە تاقی کەمەوە
نە هیچ کەس لەم لاوە پاڵم دا
نە هیچ کەس لەو سەری بانگم کا.
دەگەڕێم
تا تەمەن ئێزنم دا
لە شتێکی ونبوو نا:
لەو شتەی کە دەبێ کەشفی کەم
بۆ توێشووی ئەم ڕێیە
یا دەبێ لە دەستی چارەنووس هەڵێم و
یا دەبێ چارەنووس
لە دوندی بەرزترین کێوەوە
وەک تاڤگە هەڵدێرم.
دەزانم،
ڕۆیشتن، تاقانە یارێکە
دەتوانێ لە ‌غوربەت دەرمخا؛
دەزانم؛
تا لە نێو ڕووداو بم
دووکەڵی ئاگرەکەی
ناهێڵێ بیبینم؛
دەڕۆم و لە وڵام دەگەڕێم،
ئەوەیە فەلسەفەی ئەوانەی
پرێسکەی ئەندیشەم دەگەڕێن!
دەمەوێ تازەتر بڕوانم
ئەوەیە فەلسفەی ئەوانەی خەریکن کوێرم کەن!
بەڵام ئەی ڕێگای پیر
ناهێڵم منی گەنج
بکەیتە گاڵتەی خۆت؛
دەزانم تابووتێک بە سەرتا دەرباز بێ
سەد تابووت
سیبەرت لێ دەکەن؛
دەزانم یەکەم جار
تۆ بە پێی پەپوولە لێ دراوی،
ڕێبوارێک هەر تەنیا:
ئەسپی با و بۆنی گوڵ.
بەڵام من
هەڵوەدای عیشقێکم
کە مێژوو نەتوانێ بیسوێنێ
وەک عیشقی نێوان زەوی و تاو؛
شێتی ئەو ئاوێنەم نەتوانێ نیشان دا
زۆرتر وەک هیتلێری دەچم تا ماندێللا
دەڕۆم و دەزانم
ئاوردوو بۆ گەرما
شەم لە بەر ڕووناکی و
ئەمنیش بۆ «نەوەستان»
دەسووتێین.
دەڕۆم و دەزانم، لە ئاسۆ
ئەم ڕێیە لەم زەوییە لە چەرە هەڵدەبڕێ و
دەتوانم لە ئاسمان
باران و بەفر و نوور دابەش کەم؛
دەتوانم لە ئاسمان
باران و بەفر و نووردابەش کەم.

بەڵام ڕێ، ڕێگای پیر
جارجارە دەترسێم
کە زەوی، پاش عومرێک هەڵسووڕان
گێژ ببێ و بکەوێ
دەترسێم لە ڕۆژی جێژنێکدا
ئەندیشە قوربانی بکەن و
هەر بەشەی بەڕێ کەن بۆ شوێنێک،
دەترسێم
لە حیلەی ئەو ئەسپەی پێم دەڵێ:
بوولەرزە لە ڕێیە.
دەترسێم لە چرکەی سەعاتێک کە دەڵێ:
سێ میلەی نێو سەفحەم
بە وێنەی سێدارە دەوەستن
دەترسێم لەو چاوەی پێم دەڵێ:
ڕوانینم دەبێتە ئامرازی جاسووسی.
دەترسێم ناچار بم (بۆ تاوێک)
لە شوێن و لە زەمان هەڵبڕێم
تا بەڵکوو بزانم کێمە! کێم؟

ڕێگای پیر!
تۆ بڵێی فەوارە
هەر هەتا بەرزترین شوێنێکی بتوانێ هەڵکشێ
جوان بێت و
هەناسە،
هەر هەتا ئەو کاتەی بتوانێ
لە فەزای ئازادا بیکێشێ.

پەراوێز edit