ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
١. ئێوارەی غەمگین
خۆرنشینی ئاسۆی بەهار
لە خوێناوی ئاوابوونا
وردە وردە ئەچێتە خوار
کڵپەی دوایی لە دەروونا
ئەسوتێنێ بۆ شەوی تار.
***
ئەڵی: بوونی ئەم دنیایە
وەکوو تیشکم ئەتوێتەوە
کام شەوقی جوانیی ڕووی دنیایە
وەک هەناسەم ئەبڕێتەوە.
***
کام بەهار زۆر شەنگ و شۆخە
کام ئاواتی دڵ قەشەنگە
کام دنیا پڕ لەخۆشییە
دوور لە ڕەنگی ڕەش پۆشییە
ئەبڕێتەوە، ئاوا ئەبێ
ڕۆژی لەناو شەوا ئەبێ
***
ئێوارەیە دنیای جوانی
وەکو ساوایەکی دڵ پاک
بزەی مژدەی سەر لێوانی
ئارامە بۆ گیانی ڕووناک.
***
منیش تەنیام لە قەدپاڵێ
سەرنجم ونی ئاسۆیە
دڵی پڕم.. وەک مناڵێ
خەیاڵی وا لەشوێن تۆیە.
***
دەروون بە ئاخی ناکامی
پەستە وەک سەیوانی ماتەم.
سروشت باوەشی ئارامی
گرتۆتەوە بۆ ئەم کاتەم.
***
ئەرخەوانی گیانی پەستم
دڵنیایی دڵم ئەکا
لەنێرگزی بیر و هەستم
هۆنراوە بۆ تۆ ڕێک ئەخا.
***
هەزاران یادی ڕابردوو
لەناو بیرما یەن و ئەچن
وەک ئەستێرەی ڕێ ون کردوو
لەهەوری خەمما ون ئەبن.
***
دە ئەی ئێوارەی خۆرنشین!
مەڵبەندی تاسەی تەنیایی
ئەی جێنزرگەی ماتەمین
لە خۆر بکە ماڵ ئاوایی!
***
منیش وەک تۆ لە ئاسمانی
نائومێدیی دڵا وێڵم
وەک تۆ بەهاری ژیانی
تەمەن کورتیی جێ ئەهێڵم.

پەراوێز edit