ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس گۆڕستانی چراکان
١. گۆڕستانی چراکان
بە بەرگی تازەی شێعرەوە
بەرگێ لە وردەپوولەکەی ئەسرین
با بریسکەی بێ مەراق و بدرەوشێنەوە ئاخ و داخ!
بەرگێ لە شەماڵی وەنەوەشەیی شەفاف
لەمدیوەوە با هەناوی کزەکانی هەموو دیار بێ
بەرگێ لە پەلکەگیای غەمگین وەختێ کە فەسڵی دابڕان
بە ئەسپایی ئەیکاتە بەر ئێوارانی عاشقان و باڵای سەفەری غەریبان!
بە جلی تازەی شێعرەوە
ئەو جلانەی کە خەیاتە باریکەلەکەی خەیاڵی خۆم
لە ژوورە نسرمەکانی تەنیایی و تەریکییا
هێور هێور لە بەر فانۆزێکی هیلاک
بۆی بڕیم و بە تەقەڵی وردەهەنیسکی شەوانە
بۆیشی درووم!
هەر بە کاڵا و هەر بە پێتاوی شێعرەوە
بەو کڵاوەوە کە پەپووسلێمانکەیێکی عاشق
بە دەم خوێندنی سورەتی ئەوینەوە
لە سەری کردم و بەو بۆینباخەوە کە دار هەنارێکی بێوەژن
بە دوو دەستی لەرزۆکەوە بۆی بەستم و
هەر بەو کڵاشە دۆمیانەیشەوە کە دار بەڕوویێکی هەورامان
دوای خوێندنەوەی پێدەشتێکی پەخشانم
لە بەردەمی هۆرەیێکی کاکۆڵ درێژ و
'کنالەیلێکی' چاوڕەشا لە شارەزوور پێشکەشی کردم!
هەر بە کراسی شێعرەوە
وەک پۆشاکی چیای تەم لە دامێنا گرمۆڵە بوو
وەک بەرگی گڕەژۆی دارستانێکی کۆست کەوتوو
هەر بە جل و بەرگی شێعرەوە ئەڕۆم
بێ مۆڵەت وەرگرتن لە یەکەم ڕەشنووسی تووڕەم
بێ مۆڵەت وەرگرتن لە ڕەشەبا چەنەبازەکەی ڕەخنەگر
بێ مۆڵەت وەرگرتن لە بازگەی هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێ
لە هیچ کەوشەنێ و لە هیچ پیرەرێ و لە هیچ دارێکی سەرەڕێ
ئەڕۆم
هەر بە کاڵای مۆسیقا و چریکەوە ئەڕۆم
واتە بەو جریوە و جووکە و نەغمانەوە
بەو گڕاگڕ و گژەگژەی ژانانەوە ئەڕۆم
کە لە بێشەی لەشمەوە دێنە دەرێ
بە چکچکەی ئەو دڵۆپە زیوینانەوە
ئەو دڵۆپی حەسرەتانەوە ئەڕۆم
کە لە نامۆییم ئەتکێنەوە و ئەچۆڕێنەوە و ئەبریسکێنەوە
ئەڕۆم
پێ بە پێی ڕۆشتنی شپرزەیی
شان بە شانی ڕۆشتنی سەراب
قۆڵ لە قۆڵی پاییزا
ئەڕۆم
چون هەوری ڕاونراو لە گاپێڵی کێوانا
بە شێوەی 'با'یێکی ترساو لە چەخماخە
بە وێنەی کیژوڵەیێکی قوتاربووی ئەوسا لە هەوای هەڵەبجە
ئەڕۆم
هەر بەو شمشاڵی ئاخ و داخانەوە
کە برینەکانم بۆ تەنیاییمی ئەژەنن
بە پەڵەخوێنی نەوتاوی کەرکووکی سینەمەوە
کە بەردەوام سەری بڕڕاوی تیا هەڵدێ
ئەڕۆم
بە خۆم و دەسکەنەیێک لە قژی ئەو ژنەوە ئەڕۆم
کە شمشێری فەتوایەک
لەسەر تاوێرەبەردێکی تەوێڵە
بە نێوی خوداوە گەردنی ڕفان و لە دواییدا وەک دیاری دای بە منارەیێک!
ئەڕۆم و
سەفەرێکی تازەم لە بەرە
سەفەرێ بە پێی پەتی خەمان
سەفەرێ بە سواری تراویلکە و
سەفەرێ بە سواری هەواڵی ناوەخت و
سەفەرێ بە سواری دووکەڵێ کە پاشکۆ و خورجینی پڕ کردووە لە چاوی کوژراوی باران!
سەفەرێکی تازە
بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش
بۆ مەملەکەتێ لە کووچە و شەقامی بێدەنگی
بەڵام پڕ لە خەڵکی
پڕ لە گۆرانیی نوستوو
پڕ لە شووشە شەرابی شکاو
پڕ لە کوێرەکانی
پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو
سەفەرێکی تازە
بەرەو سەعیری بنەوە
بەرەو بن بیڤی تەم و مژ
لە بندینی گریان و فوغانی ئاوەوە ئەڕۆم
سەفەرێ کوت و مت وەک سەفەری
باڵندەیەکی بەچکە لێ ون بووی وێڵ و شڵەژاو
چون تیلماسکی هەورێکی برینداری لە ئاسمانا لێقەوماو
چون سەفەری جۆگەیێکی سەرچاوە کوژراو
کە هەر ئەڕوا و بە دەم شەپۆڕی نێرینەی شەپۆلەوە
وڕێنەیێتی و نە ئەتوانێ بگەڕێتەوە
سەر خوێنی سەرچاوە و
نە ئەیشزانێ لە بەر دەمەوە
بە کام تووناوتوون ئەگات و
بە کام جەیحوونی نادیار و بە کام گراداڤ
لە کوێدایە چارەنووسی ئاو
هەر بە جل و بەرگی شێعرەوە
هەر بە پۆشاکانەوە کە بادی خۆشمروری نالی پۆشی بووی
ئەڕۆم
کەڕەتێ ئەبم بە سەمەندەر و بە چریسکە و باڵ لێ ئەدەم و
کەڕەتی دی ئەبمە پەپوولەی وێرانە خاک و
لە ناو گارۆی درەختی گریانا هەڵئەنیشم و
جارێکی دیش ئەبمە سێبەری ئەنجن ئەنجنی شاخ و
لە دواییشا بە شەوقی تینووی سوورەهەتاو!
هەر بە جل و بەرگی مۆسیقاوە
بە کاڵای تەمبور و باڵەبانەوە
بە سڵسڵەی وەزنەوە
وەختێ ئەمکا بە لەنجەی کڵپەداری وشە و
کاتێ ئەمکا بە سەمای پەلوپۆداری ئەشکەنجە و
لە ناکاویش بە تەپ و تۆزی کاروانی جەستەی
کۆستێکی درێژی لەو خوارە بە جێماو!
ئەڕۆم و
سەفەرێکی تازەم لە بەرە، سەفەرێکی شین و مۆر
بە خۆم و جانتا ڕەشەکەی بن دەستمەوە ئەڕۆم
کە لە دە گیرفانی خۆشەویستی زیاتری هەیە و
لە هەر گیرفانێکیشا، تیشکێ یان پەندێ
یان باڵندەیێک، یان قەسیدەیێک
یان تەمێکی لە ناودایە!
ئەوەتا لە یەکەم گیرفانا
شپرزەییم گمەگمێتی و
لەسەر هێلکەی شێعرێ کڕ کەوتووە و خەریکە مانگەشەوێ هەڵبێنێ!
ئەوەتا لە دووهەما
لاوانەوەی دایکم بووە بە تووتاکێکی ڕەش و سپی و
لە نێوان خەزانە خەمێکی درێژ و
ڕنۆ بەفرێکی کڵۆڵ و قەتیسا دێت و ئەچێ!
لە سێهەما نامەی کچێ
کە پڕێتی لە پەلکەگیا و
لە شەونمی حەرف و
لە زەنگینانەی پرشنگ و
بووە بە بالیفی خەیاڵێکم و
شەوانە پژاڵی تەنیایی لەسەر ئەڕوێ!
لە چوارەما 'با'یەکی ئاوس خەریکە
ژان بە دووانەی باران و برووسکەوە بگرێ!
لە پێنجەما پەڕی شەبەنگێ ئەوەرێ
لە شەشەما هەر لە خۆوە وشەیێکی جەحێڵ ئەمرێ
لە حەوتەما ڕەنگێکی تازە هەڵئەفڕێ
لە هەشتەما لە پڕێکا وەیشوومەیێک دائەبارێ و
لە نۆیەما بەفرم ڕەش ڕەش هەڵئەگەڕێ و
لە دەهەما کێلانێکم ئارام ناگرێ و
لە تیغی خۆی ڕائەپەڕێ!
هەر بەو جانتایەوە ئەڕۆم
ئەمجارەیان زۆر دوور ناڕۆم
هەتا سنووری باشووری ئەم زمانە و
جوغرافیام ئەدەم بە کۆڵی مێژوودا و
مێژووم ئەسپێرم بە ئەسپێ و ئەسپیش سەری
خۆی بە سەحرای پەراگەندەکان ئەسپێرێ
من بە سەر پشتی ئەسپەوەم
هەتا بەر دیواری بابل ئەیئاژووم و
لەوێوە ڕا سەریش لە خاکی سۆمەر و
مەملەکەتی تەمووز ئەدەم
من بە شوێن ئێسک و پروسک و کاسەسەرم و
من بە شوێن خۆما ئەگەڕێم
ئەمجارەیان زۆر دوور ناڕۆم
بەڵام قووڵ قووڵ
بەرەو جیهانی بنەوە دائەگەڕێم
من ڕۆئەچم و سەرنج شۆڕ شۆڕ ئەکەمەوە
تا ئەو شوێنەی
کە ڕووبەڕوو مەرگ ئەبینم!
ئەمجارەیان من سەرزەمین بەجێ دێڵم
هیچ کارێکم بە ئەستێرە و
بە داروباری سەرەوە و
بە شەقام و بە تەلار و بە خۆر نییە
هەر بەرەو بن دائەچۆڕێم
لە ناو نیشتمانی گڵا
لە وڵاتی خۆڵ و قوڕا
بۆ ئاوی کوژراو ئەگەڕێم!
بۆ ئەو پەری و فریشتانەی یەزدانی شووم
یەکە یەکە فڕاندنی
لە بنەوە پەل ئەکوتم بۆ نەهێنی
تا بە ڕووت و قووتی بیگرم!
لە بنەوە خوا ئەدوێنم و
هەرچی بێدەنگی زەمانی تاریکایی و
تەنیاییە
ئەیهەژێنم
لەخوارەوە
لە بنی بنەوەی نەخشەیێکا
کە بورکانێک تیا نوستووە
من ئەمەوێ تووڕەی کەم و هەڵیسێنم!
زۆر دوور ناڕۆم
هەر لە نەخشەی مەرگی ڕەنگاوڕەنگی خۆما
لە چوارچێوەی دیروکێکا
کە هەر ناسنامەی دۆزەخ و
خۆڵ و تۆزی بزربوونی
بە من بەخشی
سەفەر ئەکەم
زۆر دوور ناڕۆم!
من هەر وەکوو باگژەیێک
کە سەحرا شێتی کردبێ و
سەراب جێ پێی هەڵگرتبێ و
چون تەندوورەی گێژەڵووکە
بە چواردەوری لەشی خۆما ئەخۆلێمەوە
یەک مەنزڵی دیارم نییە
یاخوو ئەدرەسێ بۆ دواجار
ڕووی تێکەم و بڵێم لەوێ
ئیتر سەرم لە باوەشی
دوا سۆراغا وەک سروەیەک
دا ئەسەکنێ و
بڵێم لەوێ
وەڵامێکی چون یەقینی خوام دەسکەوێ!
من بە نادیارا ئەگەڕێم
دەلیلم شپرزەییە و
سەرابێ پێشم ئەکەوێ!
هەموو چۆڵەوانی و دەشتێ
هەموو قاقڕ و کاولاشێ
بانگم ئەکەن
قەلەڕەشکە و داڵ لە مندان
پەپوو ناوچەوانی منە
لە هەر کوێیەک کە بێدەنگی
پارچە عەردێکی یخ دابێ
لە هەر شوێنێ کە نەهێنی و
مەرگ و ونبوون لەوێدا بێ
لە هەر شوێنێ بۆنی
گومان و ترس و لەرز
بۆنی زریکە و ناوی خوا
لەگەڵ خۆڵا تێکەڵ بووبێ
ڕووی تێ ئەکەم!
بە ڕێگەکانی دووکەڵا
سەفەرێکی خۆڵەمێشی
بە دەشت و دەری هاوارا
سەفەرێکی وەیشوومەیی
بە ناو ژمارەی بزرا
سەفەرێکی بێ ئاکام و
بە ناو لاڵبوونی زمان و
بە ناو کەڕبوونی دنیا
سەفەرێکی بێ کۆتایی
من ئێستا وەک مەراق ئامادە و چون هاوار لەسەر پێم!
ئەپرسم، لە پێشا پێ بخەمە کام خاکی واوەیلا و کام عەردی زریکە و
کام وەرزی کوژراوی لەشمەوە! ؟
سەرەتا بچمە ناو کام گەرووی زایەڵە و کام ماڵی گەڕۆکی مەرگمەوە! ؟
یەکەمجار سەر بکەم
بە چیدا؟
بە تەمدا! ؟
بە خوێندا! ؟
بە گڵدا! ؟
بە کوێدا! ؟
لە بەردەم کام دەشتی شیوەن و
کام هەوای خنکاو و کام گۆڕی ئەستێرە و
دەربەندی قیژەدا بوەستم! ؟
پێم بڵێن، چۆن بڕۆم! ؟
ڕاستە و ڕاست! ؟
چون پرسی برینی دڵنیا
بەرەو خوار
بۆ دنیای ژێرەوەی تارومار! ؟
بەرەو ژوور، بۆ لای خوا! ؟
چۆن بڕۆم؟
بەرامبەر سەرابی خۆرئاوا مل بنێم! ؟
یان هەڵمی سورباوی ڕۆژهەڵات! ؟
پێچاوپێچ! ؟
بە وێنەی گینگڵی، ئاشقەوماشقەی شەپۆلی نێو زەریا! ؟
پێم بڵێن: چۆن بڕۆم! ؟ لەگەڵ کێ! ؟
بە قسەی کام خۆڵ و کام لم و
کام سەحرای عەدەم و
بە قسەی کام ڕەنگی پەلکەگیا و
کام پووش و پەڵاشی ڕۆمادی و کەربەلا و
بە قسەی کام لاڕێی ڕەشەبا و
کام داڵی نوگرەکەی سەلمان و
کام جرجی خوار بەغا بکەم و
کام گومان بکەمە ڕێبەری سۆراغی سەفەرم! ؟
پێم بڵێن: چۆن بڕۆم! ؟ لەگەڵ کێ! ؟
لەگەڵ من!
من ئەگەر پێشت نەکەوم
نە ئەسپی ئەفسانە و نە مەراڵی خەون و
نە تەیری شیعر و نە بای جادووگەر بەو مەرگانە نازانن
نە یەکە و نە دووە و نە سێیە و نە هەزار
شوێنم کەوە
دەست بگرە بە پرچمەوە
من ژنێکی خەڵکی 'زینانە'م
ناوم 'کاڵێ'
سەرگوزوشتەی دۆزەخ و دۆزەخەوان و
بەیتی حەشر و قیامەت و حیکایەتی دابڕان و
هەڵقرچان و هاتنەوە لەو دنیاوە
لە لای منە!
ئەوەی کە ئاو پێی ئەزانێ و
ئەوەی کە داری سەرەڕێ و باڵندەکان
پێی ئەزانن، کورتەی خەمە و ئێجگار کەمە
من بۆ خۆم قیژەی ناو چاڵ و
من ڕەنگی شەوی دڕەندە و
من بۆنی جەستەی پاسفندەی
بەردەم سەگەڕەشی ئەوێ و
ئافاتەکەی سیاساڵ بووم!
من بۆ خۆم چوومە پێخەفی مردنەوە
من خۆڵەمێشی ئەوێ بووم
من لەوێوە هاتوومەوە
لە هەزاران هەزار گوڵ و
لە هەزاران هەزار کانی و
لە هەزاران هەزار قومری و
شەنگەبێری و ئەسپی پیر و
جوانووی شاخ و لە سمۆرە و
لە کەروێشک و لە پەپوولە
هەر سێ چوارێ گەڕانەوە!
تۆ دەست بگرە بە پرچمەوە
شوێنم کەوە، من لەوێوە هاتوومەوە
نە پەلک و نە باویلکە و
نە پەمووی بابردوو بوون!
نە پاشەڕۆی دڕک و داڵ و نە عوجاج و
ئێوەم لە تۆزا بینییەوە
گۆرانییەکانتان وەکوو کراسی بەرتان ڕزی و هیواکانتان
لە بەردەم ئێسک و پروسکا ورد و خاش و
هەتاویشتان لە مەملەکەتی ناوشەوی خۆڵا ئەیزریکان!
نە ڕۆژنامەی دڕاو بوون و نە پەڕەمریشک و نە قوتوی فڕێدراو و
و نە شووشەی شکاو و
کە چی بوون بە هەموویان!
قەڵەم و جزدان و هەندێ دراوی ئاسن و
بازن و مت و مورووتان
ملوانکە و ئەڵقەی پەنجەتان هەر هەموویان
جگە لە خۆتان بێ وەی بوون!
ئاپوورەی 'مانگ'ی نوستوو بوون
خەرمانەتان تۆز و خۆڵ
لەپە و ڕوو یان لەسەر پشت پاڵکەوتوو
چاڵی چاو و کاسەسەر و کونی لووت و
ناو دەمیش ماڵی تازە بۆ دووپشکی بیابان!
دەس بگرە بە پرچمەوە
یان بە لکی درێژی خەممەوە
یان بە دووکەڵی دەنگمەوە
شوێنم کەوە!
ئەمە نە وڕێنەی شێعرە و
نە ڕێشکە و پێشکەی بەر چاوی خەوە و
نە ڕایەڵەکانی فانتازیای خەیاڵ
'تۆپزاوا'
یەکەم هاوینەهەواری خێڵی مردن!
یەکەم ئیزگەی دەنگی تیژی پەپوویەکی شەوەزەنگی باڵ لە ئاسن!
تۆپزاوا
دەشتێک لە ترسی ترساو و
بەراییێک لە ڕامانی خوداوەندی بێ قودرەتی بەردەم دۆڵپاکانی بەغا و
چوڕستانێ لە پرسیاری سەرگەردان و
پرسگەیێک بەر لە دەروازەی جەهەننەم!
تۆپزاوا
خەریتەیێک لە نەهێنیی
پێچاوپێچی سەراب و تەم
بەنگەڵەیەک، دوو بەنگەڵە و بیس بەنگەڵە و
درێژ درێژ، لەمسەری هەوای خنکاو و
تاساوەوە هەتا ئەوسەری بێدەنگی ئاسۆیەکی پشت کۆماوەم
دنیا زەلیل
جادە زەلیل، شاخ زەلیل و ئاو زەلیل و سروشت زەلیل
زیلێک، دوو زیل و هەزار زیل
لێرەوەیە کۆچێکی سوور، کۆچێکی دوور
ڕێچکە ڕێچکە و کاروان کاروان
هەناسەی بەفر هەڵەگرێ و
شەوقی مانگەشەو هەڵەگرێ و
خەندەی ناو بێشکە هەڵەگرێ و
لاوک و حەیران هەڵەگرێ و
لە دواییدا 'با'ی گڕاگڕ
یەکە یەکە لە ناو وەیلا دایان ئەگرێ!
لێرە
زەبوونە ڕووناکی
زەبوون زەبوون خراوەتە ناو تەندوورەی دەبابەوە و
هەر دوو چاویشی بەستراوە!
لێرە مەلوولە گۆرانی
مەلوول مەلوول خراوەتە ناو گەرووی لوولە تۆپەوە و
دەم و لێویشی دووراوە
لێرە ئەسیرە ئازادی
ئەسیر ئەسیر خراوەتە ناو سنووقە فیشەکەوە و
سنووق لەسەر لێواری مەرگ دانراوە و
فتیلێکی لێ بەستراوە!
لێرە لێرە لێرە
لێرە قەدەغەیە کزە گەورە ببێ و لە دواییدا ببێ بە گڤەی ڕەشەبا!
لێرە قەدەغەیە گزنگ پێ بگرێت و باڵا بکا و
ببێ بە سوورەهەتاو و
بچێتە سەر لوتکەی چیا!
کۆمەڵێ پیاو
دەوالی 'مانگ'ی عاشقان بە نەهێنیی دوای نیوەشەو!
دەوالی چرای هەژاران وەختێ چرا تازە چاوی چووبێتە خەو!
کۆمەڵێ پیاو، دژی زەردەخەنەی ئاو و دژی خونچە و دژی ڕەنگی سپی و هەتاو
کۆمەڵێ پیاو لە ترومی هێلکەی پیس و لە نەژادی بەربەریەکان!
کۆمەڵێ پیاو، هەموو لە قوڕی ئەمەوی
کۆمەڵێ سەر، هەموو لە دوورگەی تاریکی
کۆمەڵێ دەس، هەموو لە شمشێری حەجاج
کۆمەڵێ ڕەنگ، هەموو لە ڕەنگی ئافات و
کۆمەڵێ دەنگ، هەموو لە دەنگی نەهات و
کۆمەڵێ بۆن، هەموو لە بۆنی شانزەی سێ و
پەیامێکی مەنجەنیقی و
پەیامێکی بێ پرسیار و
مێژوویەکیش لە منارەی کەللەسەر و
سەروەرییەک لە جۆگەخوێنی ئەبەدی!
تۆپزاوا
لە پاییزا نیوەشەوێ
بەدەر لە تەقویمی دنیا
هی زەمانێ کە کاتژمێر
سەعاتی خۆی تیا سەر ئەبڕی و
چاڵی بۆ خولەکی جەستەی هەڵئەکەنی و
بە خۆڵی چرکەکانیشی دایەپۆشی!
بەدەر لە هەموو ژیانێ
لە پاییزا نیوەشەوێ
لەناو سەڕسەڕی بەنگەڵەی سێهەما بوو:
ئەڵقەیەک ژن، ژنە خەزان
بازنەیێک لە عەبدی مێی سەروقژ بژ
پەڕەسێلکەی ڕەش و سپیی دەم بەنیزا
کۆمەڵێ ژنی هەڵوەریو
وەک لق و پۆپی ڕووتاوەی درەختێکی بەر ڕەشەبا
جارێک سەریان بەیەکەوە ئەنووسان و
لەناکاویش دەستیان لە یەکتر بەر ئەدا
ئەڵقەیەک ژن
لە ڕەگەزی گەڵاڕێزان
لە توخمی شەوی تەمتوومان
بووبوون بە پەرژین بۆ ژنێ
لە ناوەندا ئەیزریکان
ژنەی ناوەند پاڵکەوتووە و
لەسەر پشتە و نیوەی لەشی
لە باوەشی چەند ژنێکا و
نیوەکەی تری بەڕەڵڵا
وەختێ ئازار گرژ ئەبۆوە
بە پڕاوپڕی بەنگەڵە و
بە پڕاوپڕی زەمان و
ئەم دنیایە ئەیقریشکان
تەوژمی ژان و جۆگە خۆین لە ناوگەڵا
لەگەڵ تیشکی گڵۆپێکی زەردا و
لەگەڵ نیزا و لەگەڵ ویردا
تێکەڵ بە یەکتری ئەبوون
لەبەر چاوی پیسی قەمە و
بەر تەماشای چەند نێزەدا
جۆگەلەی خوێن لەژێرەوە دزەی کرد و
چووە دەرێ و ئەڵقەی بەزان
ئەوسا ئیتر نیزا و ویرد و قیژەی ژنە و هەوای ژووری کۆنکرێت و سەروملی مشایخ و
ئەسحابەکان، بە پرژە پرژی ئەو خوێنە هەر هەموویان سوور هەڵگەڕان!
لە پاییزا نیوەشەوێ
بەدەر لە ویژدانی دنیا
لە بەنگەڵەی فەنابووندا
کچێکی بوو بە قەد پەپوولەیەک نەژیا
چیتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
چیرۆکی سەمای ئەو ئاوەڵ کراسانەی
کە 'قەحتان' و 'عەدنان' و 'دەحام'
بە پێشدەمی قافڵەی زیلەکانەوە هەڵیان ئەواسین! ؟
ئاوەڵ کراسی خۆم و دایکم و خانزاد و مەستوورە و عادلە خانم و
حەپسە خانی نەقیب و عەنبەر خاتوون؟
کە یەک بە دوای یەکا لە زاخۆوە
هەتا قەڵاکانی سەلمان ئەشەکانەوە؟
چیتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
حیکایەتی مناڵەکەم کە لە ئاودەستێکدا بووم و تەمەنی
چارەکە سەعاتێک و لە دوایا لەناو قاقای عەسکەرێکا مرد! ؟
ئاخر چی بگێڕمەوە
زەلیلی کە بووبووە کراس شیتاڵی شیتاڵی بەرمان؟
حەیا کە قەترە قەترە ئەتکا و 'نەزهەت تۆغان' ئەیخواردەوە! ؟
چیرۆکی ئەو بەفراوانەی ئەبوون بە گڕە و
ئەو هەڵاڵانەی ئەبوون بە عوجاج! ؟
چیتان بۆ بگێڕمەوە! ؟
حیکایەتی ئەو جەستانەی وردە وردە
کرمەڕێز ئەبوون و ئێمەیش کرمەکانمان لە برسانا ئەخوارد! ؟
چیتان بۆ بگێڕمەوە! ؟
ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە! ؟
قیژە چۆن ئەنووسرێتەوە! ؟
عەرعەر چۆن ئەخوێندرێتەوە! ؟
ئەبێ خۆڵ قسە بکا خۆڵ!
ئەبێ چاڵ قسە بکا چاڵ!
مار و مێروو بیگێڕنەوە
ئەو چاوانە و ئەو گۆی مەمک و ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنە و مەقامانە
چییان لێهات! ؟
ئەبێ خودا خۆی ڕۆژێ سەرمان لێبا و
پێمان بڵێ ئەو ڕۆژی حەشرە چۆن ڕوویدا! ؟

لە تاریکە شەوێکی هاوێنی ١٩٨٨دا هەر لە ڕۆژئاوای 'تۆپزاوا' بە چەند کیلۆمەترێ دوور دەحام لەسەر گردۆڵکەیێک ڕاوەستابوو. لەوێوە چاودێری هەڵکەندنی ئەو ڕیزەچاڵانەی ئەکرد کە چەند شۆڤڵێ بەردەوام لمۆزیان تێژەنیبوو. 'قەحتان و عەدنان'یش لە دامێنا هات و چۆیان بوو. دەحام لە هەڕەتی هێز و گوڕ و سەرکەوتنا بوو. دەحام لەبەر خۆیەوە ئەیوت:
-ئێمە واهاتووین کە نەڕۆین!
هەر وەکوو چۆن شمشێر هاتە ناو خوێنەوە و ئیتر نەڕۆی!
ئەسپ هاته ناو شاڵاوی قادسییە و یەرموکەوە و ئیتر نەڕۆی
باهۆز هاته ناو دەنگی سوارچاکانەوە و ئیتر نەڕۆی
دیجله هاتە ناو جەستەی ئەم عێڕاقەوە و ئیتر نەڕۆی
ئێمە وا هاتوون کە نەڕۆین
باز هاتە ناو ئەم ئاسمانی عەڕەبەوە و ئیتر نەڕۆی!
ئێمە وا هاتوون کە نەڕۆین
مانەوە لەناو تەماشای یەک بە یەکی ئەم خەڵکەدا
مانەو لەناو بێدەنگی و لە نادیارا و
لە چرپەچرپی زمان و جوڵانەوەی دەست و پەنجە و لە شەوگاری هەناسەدا!
هەموو شتێ بە ڕەنگی خۆمان ڕەنگ ئەکەین
ڕەنگی دوورگە، ڕەنگی سەرۆک، ڕەنگی قائید
ئاو و هەوا و شاخ و دەشت و دار و بەرد و [لەدایکبوون] و مردن و هەموو شتێ
بە ڕەنگی خۆمان ڕەنگ ئەکەین
هێز هێز هێز هێز
حەقیقەتێ لە یەزداندا و لە ئاسندا و
لەناو چەکدا و لە مستەکۆڵەی ئێمەدا
حەقیقەتێ لە ئاگرا
لەم ڕاجیمە و زرێپۆش و خومپارانە و لە لوولەی ئەم تۆپانەدا!
وەک ڕابردوو
ملمان کەچ کرد بە زریانی ئۆقیانوس تا پاردەی چین و
ئەندەلوسمان وەک موستیلە کردە پەنجەی مێژوومان و
دنیامان وەک ئەسپ زین کرد!
ئەبێ ڕابردوو بێتەوە بەردەممان و
خۆمان هەڵدەینە سەر پشتی و
بیئاژوین بەرەو ئایندە!
من ڕاوەستاوم لە مەجدا
سەرم لەناو ئەستێرەدا و
قاچم لەسەر تەپڵی سەری شاخ داناوە!
هەموو کێوەکانمان یخ دا
گەیشتینە دوا نوختەی بەرد و نەهێنی
ئاومان گۆڕی بەو شێوەیەی گوللە ویستی
بامان گۆڕی بەو شێوەیەی بۆمبا ویستی
وەرزمان گۆڕی بەو شێوەیەی قائید ویستی
مێژووی یاخیمان هەڵتەکاند
بەو شێوەیەی کە بارووت و تەقینەوەی باوەڕ ویستی
تەماشاکە وا ئیستاکە نەک هەر خۆیان کام چیایان زۆر بڵند و دانەوییە و لەسەر چۆکە!
وەختێ هاتم هەر لە ڕێوە من بەزەییم فڕێدایە چاڵێکەوە و
هەتا نەمرد بەجێمنەهێشت
هەر لە ڕێوە من فرمێسکم لەم چاوانەم قەدەغە کرد
هەتا نەمکوشت بەجێمنەهێشت!
لەم ساتەدا شەوەزەنگ ئەزرنگێتەوە
مانگ دیار نییە و هەر چاوی شۆڤڵ ئەبینێ و
هەر دەنگی شۆڤڵ ئەبیسرێ و وا ئێستاکە
من لەسەر گردێ وەستاوم
گرد نووزەی دێ و لە دامێندا
شەوقی تیژی شۆڤڵەکان
ڕیزەچاڵێ نیشان ئەدا
ڕیزەچاڵێ هەڵکەنراون
چاوەڕوانی پڕبوونەوەن بە حەرف و وشەی زمانێ کە غەریبن بە زمانم
بە دیرۆکێ کە یاخییە لە دیرۆکم
بەو سەر و دەست و قاچانەی
لە نەژادی مەجووسن و لەم بەهەشتی ئەم وڵاتەدا جێگە ناگرن!
لەسەر گردێ ڕاوەستاوم
گرد نووزەی دێ و
لەناو دەنگی گرمژنی
حەففارەدا، پاڕانەوە و
زریکە و قیژە و هاوار و
تا هاژەهاژی زەریاشی
تیا ون ئەبێ!

لە هاوینی ١٩٨٩دا و لە ژێرزەمینی ماڵێکی شاری سلێمانیا شاعیرێکی گەنج، سەربازی فیرار، خەریکی نووسینی کۆمەڵێ لەو قیژە و زریکە پەرت پەرت و خۆڵاویانە بوو کە لە سەحرای عەرەبستانەوە هاتبوون و دوای ساڵێک گەیشتبوونە ژێرزەمینەکەی ئەم. بەداخەوە ئێمە لەو هەموو هەناسە و قیژە و زریکە و وێنە و ئاوێنە ورد و خاشانە، ئەم چەند نموونەیەمان دەسکەوت
یەکەم:
لەو بیابانەی خوارەوە
لە هەرجێیێک هێڵەکێ خۆڵ ببێژنەوە
لەسەر کۆزەری هێڵەکا
ئەبێ هەر وردەنینۆکی پەنجەیێک و
یان وردەئێسکی لۆلاقی
کوردێکی تیا بدۆزنەوە!

دووەم:
گوێچکەی شێعرم
زۆر پووکەپووک و کڕووزە و
ناڵەناڵی عومری خۆمی بیرچۆتەوە
بەڵام ئەوەی کە بەردەوام
لەناو گوێچکەی شێعری منا
دێت و ئەچێ و ئازارە و ئەزرنگێتەوە
زریکەی ژنە ئەنفال و کچەکانمە و
هەتا ئەمرم ئەم کاروانی زریکەیە
هەر دێت و دێ و دوایی نایە و
نابڕێتەوە...
سێهەم:
ئەو ڕۆژەی خۆڵ بێتە قسە و
بڵێن بدوێ و یان بنووسە و لە جیهانا
پێشبڕکێیە لە ئازارا
من دڵنیام ئەرزێک نییە لە دنیادا
خۆڵێک نییە لە دنیادا
ئەوەندەی کۆستی لای ئێمە جوان بنووسێ و
پڕ بێ لە شەوی زمان و
لە ئاخی کورتەچیرۆک و
لە ئەشکەنجەی شانۆنامە و
لە داهێنانی ناو مردن
من دڵنیام ئەگەر غەدرمان لێنەکرێ
نۆبڵی خوا
لە خەڵاتی مەرگەسات و بێکەسیدا
هەر ئەم کوردە وەریئەگرێ!
چوارەم:
تەنها وەختێ
کە خواوەندی تیا نوستبوو
حەقیقەتی تیا نوستبوو
ساڵی ئەنفالی ئێمە بوو!
پێنجەم:
لەو دنیا
کە قوربانییەکانی ئێمە هەڵەسنەوە و
ئەچنە بەر بارەگای خودا و
بە یەکەوە هەموو خۆیان ئەتەکێنن
ئەو تۆزەی لەوان هەڵەسێ
سەراپای عەرشی خواوەن و
پەروەردگار دائەپۆشێ!
شەشەم:
مێژوویێکە
هاوارمان هێندە تەنیایە
برینمان هێندە بێکەسە
تەنیایی لێمان بێزارە و
بێکەسییش لێمان وەڕسە!
حەوتەم:
شەوێک ئەسیاری هەناسەی
ڕۆژژمێری هەشتا و هەشت بووم
ئەمویست گۆڕیچەی بژمێرم
ئەمویست هەنیسکی بژمێرم
ئەمویست فرمێسکی بژمێرم
هەتا خودی ژمارە خۆی
هاتە جواب و وتی: چی ئەکەی! ؟
منی ڕۆژژمێر ناوێرم
مەرگەساتی تۆ بژمێرم!
هەشتەم:
ئەڵێن ژنێکی گەرمەسێر
داویەتیە دەشت
بووە بە گڕەی بێ داڵدە و
بە تەوارێکی شێت و وێت
ئەڵێن بووە به زیگاری
سەرقەبرانی باڵندەکان
بووە بە زێوانی گردی
دار چوالە جوانەمەرگەکان
خەڵکی ئەڵێن هەر کەس بە لایا تێپەڕێت
گوێی لێ ئەبێت
ژنە ئەڵێت:
زۆر جار شتم لێ ون بووە
جارێک مریشکێکی کونج و
جارێکی دی دوو جووجەڵە و
لە بیرم بێ دوو موستیلە و
دوو جاریش دوو پەنجا فلسی و
جارێکشیان کارژۆلەیێک
بە دوایانا من ناو ماڵ و ماڵە هاوسێ و
ئەم ڕێ و بان و دەشتانەیان بۆ گەڕاوم
بەڵام ئیستا من سۆمای چاوم ون بووە
من ڕوانین و من بیستنم لێ ون بووە
دەستەکانیان لێ دزیوم
کوولەکەی ڕۆحیان بردووم و
من ژیانم لێ دزراوە
من نازانم ئاخر کوێیان بۆ بگەڕێم! ؟
نۆیەم:
چونکە ئەوان لەو دوورەن
چاوێک نییە لە منەوە نزیک بێ!
چونکە ئەوان زۆر تینوون
ئاوێک نییە لە منەوە دوور نەبێ
چونکە ئەوان پەژموردەن
شتێک نییە لەناو منا شین ببێ
چونکە ئەوان نادیارن
منیش دیارم نەماوە
دەیەم:
من هەر دانیشتووم
بەرامبەر شاتووی داوێن پەمەیی و
چۆلەکەیەک دێ و ئەنیشێتەوە و
لە جریوەیا هەواڵی پێیە
- هێشتا هەر ماون
سڵاویان هەیە!
من ڕاوەستاوم بەرامبەر هەوری
هەناو قەترانی و
دێتە سەر سەرم و گرمە گرم ئەکا و
هەواڵی پێیە
- وان لە شوێنێکا
منیش ناوێرم بە سەریا ڕەد بم!
من درێژبووم و 'با'یەکی گێژی کراس خۆڵاویی
ئەگاتە لام و هەواڵی پێیە
- لە تۆپزاوان
هاوار هاوار و زریکە و قیژە
منی کەڕ کردوو
شەوانی ژانی ئەو هەموو ژنە
منی کوێر کرد و
وا بەم حاڵەوە
گەیشتوومە لات!
یانزەهەم:
هەموو جارێ
بە دۆڵەکەی ئەسحابانا
کە ڕەد ئەبم
درەختی سەر شەخسەقەبرێ
ڕامئەگرێت و دێتە پێشێ
بە چڵێکی تیز بە پاشمەوە ئەکات و
پێئەکەنێ و دوایی ئەڵێ:
گەوجە! ئەوەی لەبن منا ڕاکشاوە و
جارێک لووتی و
جارێکی تر تۆ قاچەکانی ماچ ئەکەی
گڵی ئەخۆی
خۆڵی ئەخۆی
یەکەم ئەستێرەت ئەم کوشتی و
یەکەم کانیت ئەم خنکاندی و
یەکەم خوێننامەی ئەنفالیش
بەدەم باگژەی لمەوە
ئەم بوو بەسەر مەزرا و ڕەز و
دەغڵ و ژن و شاخەکانی تۆدا خوێندی!
دوانزەهەم:
لەو ساڵەدا
لە جێی کولانەی داڕووخاو
سەگەکانی ئەو گوندانە
لانکە و بێشکەی بەجێماوی مناڵانی ئێمەیان کرد بە کولانە!
سیانزەهەم:
لە خوار کفریژنێک هەیە
لە چاوانیا و لە بینینیا
سێ ڕەهەندی تیا نەماوە
نە ڕۆژهەڵات نە خۆرئاوا و نە لای باکوور
لەوساکەوە چاوەڕوانە
هەموو ڕۆژێ دێتە دەرێ و
لەبەر دەرگا دائەنیشێ و
چاو ئەبڕێتە
ئاسۆی دووری
تەنها ڕەهەند
دەشتی باشوور!
چواردەهەم:
درەختەکانی گوێ سیروان
زۆر بە دەگمەن خەو ئەبینن
بەڵام ئەگەر خەویان بینی
تەنها یەک دیمەن ئەبینن
هەڵکێشان و بڕینەوە و
گواستنەوەیان بۆ بیابان!
پانزەهەم:
دنیا بە باڵای ئەم کۆستەی
خۆم ئەپێوم
لەهەر کوێوە یان هەر کەسێ
فرمێسکێکی بۆ ناردبم
ئەیخەمە چاوی ڕۆحمەوە و
تا هەتایە هەڵیئەگرم
ئەوەی یەک قسەی کردبێ
بۆ ئەم هۆڵۆکۆستی غەدرە
من سەد پەیڤی خۆشەویستی
بۆ ئەنێرم
بەڵام ئەگەر خوداوەند و پێغەمبەر و یەزدانیش بێ
خۆی لادابێ لە بینینم
نە ئەیبینم و نە من گوێشی بۆ ڕائەگرم!
شانزەهەم:
ئەنفال... ئەنفال
ئەگەر ئەم ئاوەکوژراوە
یەک بە یەکمان نەیخۆینەوە
لە خۆشەویستی سەرچاوە و
لە خۆشەویستی ئاو ناگەین
ئەنفال... ئەنفال
ئەگەر ئەم ڕەنگە کوژراوە نەپۆشین و
ئەگەر ئەم هەوا خنکاوە هەڵنەمژین
کەسمان ناژین
حەڤدەهەم:
لەو ساڵەدا
سەگی بیابانی خواروو
گورگی بیابانی خواروو
بە تازەیی
ئەوەندە کوردیان خواردبوو
خۆیان لە کۆنە بەرماوەی
قەل و داڵ و
لە لاکی تۆپیو لا ئەدا
لەو ساڵەدا
هەژدەهەم:
من ناهێڵم ئەم گریانە هەرگیز هەرگیز ڕەنگی بچێتەوە
من ناهێڵم ئەم مردنە ژیان بیری بچێتەوە
من ئەم زوڵمە
لەناو شووشەبەندی شێعرا
دائەنێم بۆ:
ئەو زارۆکەی
دوای چەند قەڕنێ دێت و ئەزێ و
لە ڕەحمی ئەم وڵاتەوە سەر دەردێنێ و
ئەلف و بێی چرا فێر ئەبێ و
ئەم غەدرە ئەخوێنێتەوە!
نۆزدەهەم:
تا ئەتوانم ئەم دووکەڵە درێژ درێژ ئەکەمەوە
بۆ ئەوەی چاوی ئایندە پڕ کەم لە ئاو
تا ئەتوانم ئەم قیژەیە درێژ درێژ ئەکەمەوە
بۆ ئەوەی گوێچکەی داهاتوو
پڕ کەم لە گڤەی زایەڵە و
لە وردەناسۆری شکاو
بیستەم
کە جۆگەلەیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا هەرچی گوڵ بوون لە هۆش خۆ چوون
وەختێ گوڵیشیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا هەرچی مەلە نابینا بوون
کاتێ مەلیشیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا درەخت هەموو بوورانەوە و هەندێ مردن
کە درەختیشیان تیرۆر کرد
ئەوسا ئیتر هەرچی شێعرە
لە فڕین و لە باڵ کەوتن!
بیست و یەک:
بەربەریەکان!
لەم گۆڕانە سامناکتریان
لە ناخمانا هەڵکەنووە
کەس بەشوێنیانا ناگەڕێ!
ترسناکتر لەسەر زەوی
دەیان ساڵە لە گۆڕەکانی دەرووندا
گوڵی سپیی خۆشەویستی و
کۆترەکانی لێبووردن و
هەنگی ماچ و
بەهای ڕەوەشتیان ناشتووە
کەس بە شوێنیانا ناگەڕێ
بیست و دوو:
لەم وەرزەوە
چاوی زەردی پێڵو سپی
کێڵگەی گوڵەبەڕۆژەکان
ڕوو ناکەنە نیگای خۆر و
لەگەڵیا ناسووڕێنەوە
وەکوو جاران
ئەوان ئیستا مل کەڵەگەت
هەر تەماشای ڕێی قافڵەی
بەرەو خواری یاران ئەکەن
بەڵکوو لەناکاو بێنەوە و
ئەوسا ئیتر بەر لە خەڵکی و
بەر لە درەختی لەش قورسی
گوێ جۆگەکان
ئەمان یەکە یەکە ڕاکەن
مژدە بەرن بۆ ماڵەکان!
بیست و سێ:
لە بەسرەدا
نزیک پەیکەرەکەی 'سەیاب'
لە ئاهەنگی تاج و نەجمە و
سەمای بێری و
سەرخۆشبوونی دەمانچەدا
لەو شەوەدا
مێرگێ لە کچە سەبایەی شاخەکانیان
هەڵڕشتە ناو هۆڵێکەوە
هۆڵ ڕووناک و
کچ تاریک و
بۆ بژاری مێرگی غەمگین
چەند نەجمەیەک هاتنە پێشێ
لەسەر مێزێکی خەواڵوو
چەقۆیەک و سەبەتەیەکی پڕ لە هەرمێ دانرابوون
چەند نەجمەیێک هاتنە پێشێ
دەمانچەیێک پەلی یەکەم هێرۆی گرت و
ویستی لەگەڵ خۆیا بیبات
بۆ ژوورێکی چۆڵی سەرێ
لە پڕێکا گوڵە هێرۆ
کە چەقۆی دی هەڵیگرت و
چەقاندیە سەر هەرمێی دڵی و
خوێنی سپیی بوو بە فوارە و
بە لووزەوێ هاتە دەرێ
لەسەر سەکۆکەی دەرەوەیش
بینییان وا باڵای سەیاب
گوڵە هێرۆ تێی ئەڵاوە و
لقی دەستیش وا خەریکە هەرمێ بگرێ!
بیست و چوار:
من ئەم داستانە تازەیەم
بە ڕەنگی قاوەیی کاڵی
ئەو مەرەکەبە نووسیوە کە خۆڵەکەیم لە گۆڕی بەکۆمەڵ و
ئاوەکەیم لە فرمێسکی تازە و گەرمی چاوی ژنەوە هێناوە
خەم و تەمی گیراوەیە!
ئاخر ئەم مەرەکەبەی من
ئەم قوڕاوە
نە لە شێوەی مەرەکەب و
نە لە جاف و نە لە سۆفت و
نە تەباشیری ئێوەیە
وشک کات و ببڕێتەوە و
یاخود لەپڕ نووکی بشکێ
لەم مەرەکەبە تازەیە هێندەم هەیە
کە گۆمەکانی ناژمێردرێن
بەم مەرەکەبە تازەیە
ئەگەر هەموو داری وڵات ببنە نووسەر و شاعیر و پێی بنووسن
هەڵگورد ببێ بە ڕۆمان نووس پێی بنووسێ
وشک ناکا و دوایی نایە و
خەفەتێکە، نووکی ناشکێ و
لە نووسینا قەت ناوەستێ!
بیست و پێنج:
ئەگەر لە سەحرای خوارەوە
لە شەوێکا چاوتان کەوت بە ڕیزە بریسکە و ترووسکەی گوڵ ئەستێرە ڕوو لە چپا
دڵنیا بن
ئەوە هەموو زارۆکەکانی ئێمەن و
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە
ئەگەر ڕۆژێ لەسەر فورات یاخود دیجلە
پۆلەنەوڕەستان چاوپێکەوت بە پێچەوانەی ئاوەوە
سپیی سپیی بەرەو گۆیژە باڵ لێکدەن
دڵنیا بن ئەوە کیژەکانی ئێمەن
بە دەم بەستەی 'هەی بەلار و بەلارە'وە
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە
ئەگەر جارێ ڕێتان کەوتە ئەو کەنداوە و لە بازاڕی نەختینەدا
دانەی گەوهەر و مرواری و دوڕتان بینی
ئەوە چاو و ئەوە لێو و
ئەوە گۆی مەمک و سەرپەنجەی فرۆشراوی کچی ئێمەن
شەرم ئەکەن و
سەیر ئەکەن و
ناجووڵێن و جارێکی دی
ناگەڕێنەوە بۆ ئێرە!
بیست و شەش:
یەکەم شەو بوو
لەناو لمی عەرعەرەوە
دەستێک هاتبووە دەرەوە
هێشتا بازن لە مەچەکا زڕەی ئەهات
هێشتا خەنە لەناو دەستا پێئەکەنی و
موستیلەیێک لە قامکدا ئەیجریوان
یەکەم شەو بوو
لە لمەوە دەستێک هاتبووە دەرەوە
لەو شەوەدا
ناو لەپی دەست بووبوو بە دەم
ئەویش بۆ تەنها هاوارێ
کە هەر لە ڕێگە ئەمرد و
نەئەگەیشتە گوێچکەی سەرێ
خودایە بۆ! ؟
بیست و حەوت:
لەوێ بای سەحرا هەڵیکرد
لە گۆڕیچەی مناڵەوە
'وەکوو تۆوی گوڵی دەم با'
'با' برژانگ و
'با' خەنینەوە و گریان و
'با' پەڕەی گوێ و
'با' تاڵەمووی قژی هێنا و
لە سینەما گیرسانەوە و
ورد ورد لەناو دەنگما ڕووان
ئەی نابیبنن
وەختێ شێعر ئەخوێنمەوە
جار بە جارێ
کە ئەکۆکم یاخود هەناسەم سوار ئەبێ
وەک قەڵەمەکەم پێم ئەڵێ
لەبەر عومر و یان جگەرە و
سەهۆڵاو و سەرما نییە کە وام لێ دێ
ئەوە پەنجەی خرپنۆک و
ئەوە بیلبیلەی بزێو و
ئەوە کوڵم و ئەوە سەری بوکەشووشە و
ئەوە نوقڵ و ئەوە مەساسەی ئەوانە
لەبەر بینم ئەگیرێن و
ئەیانەوێ بێنە دەرێ!

من لە دواوە دەسم گرتووە بە پرچی 'کاڵێ' و هەردووکمان بەناو خەیاڵێکی شینا ئەفڕین و ئەو لەسەر گێڕانەوەی یادداشتەکانی ڕۆژی حەشر بەردەوامە!
- قافڵە بوو
پەنجەرەی ماشێنمان کوێر و دنیا ون و هەر خۆمان خۆمان ئەبینی
کات بزر بوو، شوێن بزر بوو
شەو بزر و ڕۆژ بزر و پەیڤین لەگەڵ یەکا بزر!
لەش
ئەتوت توێکڵە هەناری کۆن و وشکە و
دەم پەڵاس و هەناو کوولەکەی بەتاڵ و ئەندێشەمان شریتێکی پچڕپچڕ. جۆڵانەوە بە ئاستەم و گەر پێی ڕاستت لە پێی چەپت بکەوتایە دائەچڵەکیت. ترسمان وەک مریشکەکڕە لەسەر دەقیقە و سەعاتی ئەم سەفەرە کڕ کەوتبوو.
سەفەر نادیار، دیواری تەم لە مابێنی ئەو مەنزڵە و ئێمەدا بوو. کامە مەنزڵ! ؟ کەس نایزانێ و پرسیار ئەبێ لە ناو خانەی بێدەنگیا ڕاکشێت و بۆ خۆی بمڕێ! دەوڵەت لە ناو ماشینێکی داپۆشراوا، بە تەنها هەر دەم و چاوی بێدەربەستی عەسکەرێکی خەواڵوو بوو 'ئەرێ ئەمیش دایکی هەیە! ؟ کچی هەیە! ؟ کوڕی هەیە! ؟ خەو ئەبینێ یان نایبینێ! ؟ بیری پێخەفەکەی ئەکات! ؟ بیری حەوشەی ماڵەکەیان! ؟ بیری ژنێ! ؟ بیری تەیرێ! ؟ بیری گوێلکێ یان مەڕێ! ؟ ئەرێ ئەمیش خەمی گەڕانەوە ئەخوا بۆ لای یەکێ! ؟ بە خۆشەویستی ئاشنایە! ؟ زیننەوەرێکی خۆش ئەوێ! ؟ ئەم سەفەرەی بیر ئەمێنێ! ؟ '
ماشێن زەمان ئەجنێت و کات قووت ئەدا و ڕێگای درێژ هەڵئەلووشێ ئەڕوا و ئەڕوا هەر بەرەو خوار، جادە گێژ و ئەم وڕەی دێ و هەر وڕەی دێ.
ڤڕەڤڕی تەنی ئاسن ڕوو لە باشوور، ئارەق بە خەیاڵ دەرئەدا و ترس و لەرزیش دائەگیرسێ، یادگاریش وەکوو چاوانی پشیلەی ناو تاریکایی ناو بە ناو بریسکەی دێ. لە زیکەزیک و وڕەدا وام هەست ئەکرد، من گوێم لە دەنگی تر ئەبێ:
گەڤینی سەگەلی ناو دێ
گارەگاری مریشکەکان
سووڕانەوەی بەرداشی ئاش
یا خود هۆرەیەک پەرت پەرت و یا خود قیڕەی قەلەڕەشێکی ئێواران
یا دەنگی تەڕی پیاوەکەم لەبەر باران
یا خود شەوان لوورە لوورەی ڕەوە گورگ و
یا خود گچگچەی پژاڵی ناو دارستان
یان خولانەوەی باگردێن لەسەر سەربان
یان دەنگی سمی وڵاخی سەر ڕێی زاخان
ئۆهـ پیاوەکەم! 'ئەم شوفێرە سەروکەللەی لە پشتەوە هەر لەو ئەچێ'
ئۆهـ پیاوەکەم!
ئەهاتیتەوە لە ناو ڕان یان لە مەزرا و لە کێڵگەوە، تا ناوقەد تەڕ، بۆنی پونگە و بۆنی خوری و بۆنی ڕێحانەت لێ ئەهات
وەختێ بێڵەکەت دائەنا، لە پێش خۆتا
بۆن و بەرامەی گڵ و گیای بەر یەکەم بارانی دنیا، ئەهاتە ناو ماڵەکەوە
منت ئەدی و ئیتر هیلاکیت ڕاو ئەنا
دائەنیشتی و هەر لەسەر لا سەرت ئەبردە ناو بێشکەی نۆبەرەوە. خەنینەوەی مناڵەکە و ماچەکانت، منیان ئەکرد بە گوڵ خەندەرانێ لەوێ.
قاپێ دۆکوڵیوی گەرم لەبەر دەمتا و سەر بە هاڵا و میلی ڕادیۆکەت بائەدا و مێرگیلانی حەسەن زیرەک، بە شەونم و بە کەنێر و بە قوڕی ژێر بنچکەوە، ئەهاتنە سەر بەڕە و لباد.
تێرت ئەخوارد
ئەوسا ئیتر زەوقێکی شین لە ناو چاوتا ئەیجریوان. کە پڕ ئەبووی لە هەوەس و لە پیاوەتی، سەرت ئەکرد بێ ئۆقرەییت بۆ هەڵوەدای ناو ئامێزم تیا ئەپژا
من ئەمزانی و ئەچووم دەرگا تەنەکەکەم پێوە ئەدا
ئیتر ئەوسا هەڵئەسایت و بە هێواشی مەچەکی ڕاستت ئەگرتم و کەمێ پێش خۆتت ئەخستم و ئەتبردمە سەر دۆشەکەکەی یەکەم شەو و ئیتر ئیتر ئیتر...
گەلێ جاریش لەو ساتەدا
هەر بە 'با'یەکی ئەسپاییش جەستەی تەنەکەی دەرگاکە زیکەزیکی لێوە ئەهات!
ئۆهـ پیاوەکەم!
تۆ تاباز بووی
لە باوەشتا ئەتوت ئاسکی شل و ملم
لە ئەوەڵدا هەناسەمان سوار و گەرم و لە دواییشدا ئەبوو بە پرووکەی بەفر
ئۆهـ پیاوەکەم!
ئەبێ ئیسە لە ئامێزی کام ئاگر و زیگاری کام مەینەتی بی؟
ئەبێ ئیستە تۆ لە کوێ بی! ؟
مناڵ لە کوێ و بێشکە لە کوێ و مریشکەکان و جووجەڵە و گۆرانییەکانی زیرەک و پێکەنینی دار و بار و دۆشەکە و دەرگای تەنەکە لە کوێ بن! ؟
ئۆهـ کۆرپەکەم
لەو ڕۆژەدا، لەو کۆستەدا، دایکم بووبوو بە باهۆزێ
زەرد و شێت و لە تاوانا بە بێشکەوە 'لاس'ی فڕفان.
-'بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
بۆ دەر و دەشت. بۆ ئەشکەوتێ. بۆ بن بەردێ. بۆ لای خودا!
-بەڵام دایە ئەوان لە هەموو شوێنێکان!
کات و جێگە، شەو، ڕووناکی، دەر و دەشت و دارستان و شاخ و کێڵگە و کوێرەڕێگە!
ئەوان لە هەموو شوێنێکان
لە ناو ئاودان، لە هەوادان
ئەوان زەمانیان گرتووە
چاوی ڕۆژگار و دەستی دەقیقە و سەعات و قاچی چرکەیان بەستووە
ئەوان زەمانیان گرتووە
بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
ئەوان زەمینیان لەگەڵە
ئەوان ئاسمانیان لەگەڵە
ئەوان لە پەنجەی خۆمان و ئەوان لە چاوی خۆمان و لەم زمانە و لەم جامانە و لەم جلانە و لەم دەشتانە و لەم شاخانەیان لەگەڵە
ئۆهـ کۆرپەکەم! گەر تۆ بەرن!
لە پاکژی و لە ساوایی تۆ تێئەگەن؟
خەنینەوەتیان خۆش ئەوێ؟
لە ناو چاوتا کە لە زنەی ئاو ڕوونترە و لە نمەی شەونمیش پاکتر، لەو چاوەدا بێگوناهی ئەوخوێننەوە؟
بە گچکەیی خوا و خۆشەویستی ئەبینن، وەک هەموو جارێ ئەمبینین! ؟
ئەوان لە یاری ئەزانن؟
یاری لەگەڵ هەردوو دەستی خرپنۆکت و کردنەوەی مشتی نووقاوت و لەرانەوەی غەبغەبەت و هەڵدانت بۆ بەرەوژوور و گرتنەوەت و ئەوان لە یاری ئەزانن؟
ئەوان پێکەنینیان هەیە؟
ئەی ئەوان فرمێسکیان هەیە؟
قەت چاوەکانیان تەڕ بووە؟
ڕوومەتی خۆیان سڕیوە؟
خەو ئەبینن؟
خەویان بینیوە تیا ببن بە چۆلەکە و بە ناو هەوای ڕەنگاوڕەنگا بفڕن؟
خەویان بینیوە تیا ببن بەو وردەماسە جوانانەی هێواش هێواش لە بندیندا دێن و دەچن و ئێسک سووکن و لە تۆ ئەچن؟
ئۆهـ کۆرپەکەم!
ئەوان گوڵەگەنم و گەنمەشامی ئەکوژن و نانیش ئەخۆن!
ئەوان جۆگەی ناو باوەشی شاخ ئەکوژن و بەڵام ئاویش ئەخۆنەوە!
ڕەنگ ئەپۆشن و ئەشیکوژن!
ئەوان ناویان محەمەد و ئەبووبەکر و عومەر و عەلی و عوسمانە و ناویان حەسەن و حوسەینە و بەڵام لە پێش گشت ناوێکا ناوەکان و نوورەکانی خوا ئەکوژن
'بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟ '
ئەوان ئەتوانن بچنە ناو کون بە کونی کاتژمێر و هەناسەوە و 'با' دەستگیر کەن!
'بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟ '
ئۆهـ کۆرپەکەم!
تۆ ئیساکە لە ناو باوەشی گریان و لە ناو هەنیسکی نەنەدای! ؟
یان لە بەردەمی سیسارک و داڵەکانا! ؟
ئۆهـ کۆرپەکەم!
لەبەر چاومە گەورە ئەبووی
وەک باوکت دەنگ خۆش دەرئەچووی
وەک باوکت عاشق دەرئەچووی
ئەچوویتە سەر ملەی 'شاهۆ'
تێت ئەچریکان، عەلی ئەسغەر ئەهاتەوە و ئەحەپەسا
ئەچوویتە سەر 'پیرەمەگروون' تێت ئەچریکان
کچە کافرۆش ئەهات و شەیدات ئەبوو
لەگەڵ خۆیا ئەیبردی بۆ سەکری سەکران
بە جووت لە ناو لۆکەی هەورا ڕائەکشان
ئەبوو بە وەرزی ڕامووسان
لە ناو ماچا هەنگ شانەی دروست ئەکرد و پەپوولە باڵی ئەگرت و خۆشەویستی دائەگیرسا
گەورە ئەبووی
گڵۆپی شار ئەیبردی بۆ ژووری خوێندن
قەڵەم دەستی ئەگرتیت و لەسەر کورسی خۆر دایئەنایت
کتێبخانە پێش دەکەوت
دنیای پێ لەبەر ئەکردی
بەحری پێ لەبەر ئەکردی
گەورە ئەبووی
سواری تەیارە ئەبوویت و زمانی ئەستێرەی دوور و زمانی چین و ماچین و زمانی مەل و باڵنە و زمانی سیحریش فێر ئەبووی
لەوانە بوو
فریا کەوی بە چاوی خۆت پلیکانەی تیشک ببینی
چۆن ئەچێتە سەر کێوان و
لەوانە بوو ئاو ببینی
بریق و باق بە هەورازا سەر بکەوێ و
لەوانە بوو، بە چاوی خۆت خەو ببینی هاتۆتە دی و هەر دوو بەری شەقامی قیر چراخان و چرایش هەتا ناو ئەشکەوت و تا ڕەوەزی هەڵۆکان و ڕکەی بزنەکێوی ئەڕوات
لەوانە بوو، فریا کەوی بە چاوی خۆت لە زەمانێکی سپیدا، خاڵە 'سالار'ت ببینی
بە بەرگی گوڵە ژاڵەوە
جارێکی دی هاتۆتەوە و دەستی ڕاسی لەسەر شانی 'حەمە ڕەش' و بە دەستی چەپ سڵاو لە گەرمیان ئەکا!
لەوانە بوو!
ئۆهـ کۆرپەکەم
ئای عەشقەکەم. من ئاوێنە و تۆیش لە ناوما دێیت و ئەچی. هەر لە بیرمە بۆ یەکەمجار
لە دروێنەی گەنم و جۆی بەر مانگەشەوا یەکمان بینی
ئەو شەوە مانگ لە تەوقەسەری بەمۆدا لەسەر چیچکان دانیشتبوو
هەرچی چرایەکی هەبوو بەخۆیا هەڵیواسیبوو
خڕ و گەورە
ئەتوت سینییەکی تازەی زیوە و درەوشەدار
هێند نزیک بوو، ئەگەر دروێنە نەبوایە، پشتم ڕاست ڕاست دەکردەوە و ئەچوومە سەر نووکی پەنجە و دامئەگرت و ئەمدا بە تۆ
یەکەمجار بوو، عەشق بێت و پڕمان بکا لە شەونم و لە تریفە و لە تریقەی پێکەنینی گوڵە هێرۆ
دروێنە بوو
مەڵۆی ئێمە و شارای ئێمە لە هەموویان گەورەتر بوو، چونکە ئەوان هەر دەستەکانی خۆیانیان لەگەڵا بوو
بەڵام عەشق، دوو دەستی تازەی ئێمە بوو
ئەوان هەموو هیلاک هیلاک
بەڵام عەشق لە ئێمەدا سروەیێکی بەردەوامی حەسانەوە و کلووی بەفری ئارەقسڕ بوو!
ئەوان هەموو، پەلەیان بوو
بەپەلەتر لە گەڕانەوەی باڵنەی پێش تاریکی بۆ هێلانە
بەپەلەتر لەو هەورانەی ڕائەکەن و کۆڵەپشتیان پڕ لە بارانی پەڵەیە و عەرد خەمیانە
ئەوان هەموو خواخوایان بوو چی زووترە، وەخت وەکوو کەفەژیکلە بتوێتەوە و داسەکانیان فڕێدەن و بڕۆنەوە
بەڵام تۆ و من خواخوامان بوو
زەمان وەکوو گای ناو خمخۆرک بچەقێت و داس لە دەسمان نەبێتەوە و
دەغڵی دروێنەکراویش لە دوای خۆمان جارێکی تر بڕوێتەوە
پێشکەوتبووین، گەیشتینە ناو پەڵەیێ دەغڵی هەڵچووی هەتا بەرسنگ قامک بزێو
تۆ ئاوڕێکت دایەوە و نەتهێشت ئەو دەرفەتە بمرێ
بە ئەسپایی ڕاتکێشام و شەرمی دەغڵمان شکاندوو، دوو مامزی نێر و مێ بووین
لەسەر ئاوریشمی مانگەشەو ڕاکشاین و چاومان نوقان
ماچێک لە سیروان درێژتر
ماچێک لە گۆمەکەی دەربەنیخان قووڵتر
هەر بردینی و هەر بردینی و تا لە خەرمانەی ناو مانگا گیرساینەوە
لە پڕێکا چەند جارێ لەسەریەک پژمینی پورە نازێ کە لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو دایچڵەکاندم و هێنامیەوە ناو ماشێنەکە. لەم ساتەدا سەرنجمدا، عەسکەرەکە چەکەکەی هەڵبڕیووە و لە نزیکەوە لە لوولەکەی ورد ئەبێتەوە، لەم چەکی کڵاشینکۆفەیش لای ئێمە زۆر بوو، بەڵام ئێستا... ئێستا
لە ناو چرپە ئەیانوت:
هەندێ دەس و هەندێ چەکی کوڕی بەردی 'پیرەمەگروون' ماونەتەوە
بڕێ لە برینی نەسرەوت
بڕێ لە سروودی بەفر
هەندێ لەوانەی کە ڕۆحیان، وەک پارچەنان و ئاوێنە و نوقڵی شێعر و ڕەسمی هاوسەر و مناڵیان خستۆتە ناو هەگبەی پشت و لەگەڵ سووتوو و خۆڵەمێشی بەجێماوی خەم و ئەوینی ئێمەدا ماونەتەوە!
ئازاریان چۆڵ نەکردووە
گریانیان چۆڵ نەکردووە
خەزانیان جێنەهێشتووە
دووکەڵیان جێنەهێشتووە
ماونەتەوە
لەگەڵ هەتاوی بریندار...
لەگەڵ تەنیایی سێبەرا...
لەگەڵ نەمامی بێ باوک...
لەگەڵ بنچکی بێ دایک...
لەتەک گۆمی حەپەساو و لە تەک داری سەرسوڕماوا
ماونەتەوە!
لە ناو چرپەدا ئەیانوت:
لە هەندێ کەژ گوڵ لە مەرگا ڕواونەتەوە
هەواڵی فیراریش ئەیوت:
هەندێ درەخت گڕیان لە خۆیان بەرداوە و یەکەم مەفرەزەی مەشخەڵن و لە سنوورەوە بە دزی دەیجوورەوە بۆ زەڵم گەڕاونەتەوە
لە ناو چرپەدا ئەیانوت:
چرپە ئەترسا لە چرپە و گومان داوی ئەنایەوە بۆ گومان و بەڵام ترووسکایی مۆمێک لە ناو قسەدا ئەسووتا
لە کوولەکەدا ئەیانوت
لە ناو چرپەدا ئەیانوت:
نە یەک نە دوان و نە سەدان
لەو دەوروبەری 'لەیلان'ە بانگی شێوان
'مامە ڕیشە'یان بینیوە هاتووەتەوە
ئەستێرەیێکی بچووک لە سنگیا شەڵاڵ بە جریوەی سوور و لەسەر دەفەی هەردوو شانی گوڵە کێویلە ڕواوە و ناو کاکۆڵی پڕ پەپوولە و لە ناو ڕیشیا گوڵ ئەستێرە ترووکاوە!
بینیویانە هاتووەتەوە
ئاخر خۆ دەربەند باسەڕە و داری قۆپی و کەوەکانی ناوچەی شوان و دەشتی حەمک درۆ ناکەن!
بینیویانە و هاتووەتەوە
هەر لە ڕێوە لایداوەتە 'تەنگی سەر' و ژێر کەپرە کەسکەکەی 'ئارام'
لەوێشەوە چەند بولبولێ دەلیلی بوون وەرچەرخاوە و سەریداوە لە باخچەکەی 'عەلی مەردان'
بڕوا بکەم! ؟ بڕوا نەکەم! ؟
نا نا نا نا! هەر ئەبێ هاتبێتەوە!
کە باران بگەڕێتەوە گوڵی دار هەنار بێتەوە!
ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە! ؟
کە دوو چاوی کوێرەکانی ترووسکایی بۆ بێتەوە
ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە! ؟
کە شمشاڵ گەڕابێتەوە بۆ بەرقەدی خەمەکانمان!
ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە! ؟
کە 'با'ی وەشت گەڕابێتەوە
چووبێتەوە ناو باخەڵی دارستانێکی بێتاقەت!
ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە! ؟
کە مەرەکەب چووبێتەوە بۆ ناو پاندانەکەی 'بێکەس'
ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە! ؟
کە سدارەکەی 'پیرەمێرد' گەڕابێتەوە لای سەری شێعر و چیرۆک
ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە! ؟
هاتووەتەوە!
ڕەنگە ئێستا لە کاولاشەکەی ئێمەدا
هەتاوێ بێ و لەسەر بەردێ دانیشتبێ
ڕەنگە بووبێ بە کەڵێکی گوێ کانییێک
بە گلۆپی سەر شەقامێ لە کەرکووکا
ڕەنگە لەپڕ ببێ بە دەنکە چوکلێتێ
لە ناو مشتی مناڵێکا
هاتووەتەوە! هاتووەتەوە و لەوانەیە
ساتێکی تر یان هەر ئێستا
وەک چەخماخە و موعجیزەی خوا لەم شوێنەدا
پەیدا ببێ و پێش بە ماشێنی دۆزەخ و ئەم قافڵەی ڕێی نەهاتەی ئێمە بگرێ
فریادڕەس بێ و نەجاتمان با!

-قافڵە بوو
من خۆم ڕەزێکی وێران و سەر هێشوویەکی قرپۆکی ناو کۆشم بوو.
کوللەیەک هاتبووە ژوورێ و بە داوێنمەوە نووسابوو! لە کوێوە هات! ؟
کوللەیەک بوو، زەردێکی کاڵی پووشوویی
قاچی درێژ، ڕیشاڵی ورد، سەری درێژ، چاوی خۆڵین. لە کوێوە هات! ؟
چۆن تێپەڕی و هاتە ژوورێ! ؟ شێوەی ئەکەم
ناسیمەوە
هێشتا کچ بووم
نیوەڕۆیەک ڕەوەکوللە بەری دڵ ئاسمانی گرت
ڕووناکی کەوتە گیانەڵا و کوللە چاوی گوڵەگەنمی هەتاوی خوارد
هەورێکی زەرد. سێبەری زەرد. کەوتە دەشت و کەوتە شاخ و هەموو دەرگامان پێوەدا!
وتیان کوللەی بیابانە و ئافاتێکە لە ناو لمەوە هاتووە و لە دۆزەخەوە باڵیگرتووە و تاعوونێکە و هاتۆتە سەر ناوچەکەمان!
کوللەیەک هاتبووە ژوورێ!
لە کوێوە هات
زەردێکی کاڵ
بۆ خوا چییە منیش بکا بە کوللەیێک لەگەڵ ئەمە بچمە دەرێ!
بەڵام کوللە نەچووە دەرێ
لە پڕێکدا لەسەر داوێنی منەوە
بەرزبۆوە و بەناو هەموومانا ڕۆیشت و لەسەر پشتی دەستی ڕاستی عەسکەرەکە ڕێک نیشتەوە
ئەو داچڵەکی و بە دوو پەنجەی دەستی چەپی کوللەی گرت و لە پێشا باڵی دەرکێشا و لە دواییدا ئەویتری فڕێدایە ژێر پێیەوە!
نەحس
نەحس بوو ئەم ڕێکەوتەیش و کوللە کوژرا و لە دەرکێشانی باڵەوە تا کوشتنی
چارەنووسی هەر هەمووانم تیا بینییەوە!
قافڵە بوو
خەیاڵ و ئاو
خەیاڵ ئەڕوا و ماشێن ئەڕوا و ئاو هەر نەبوو
ئاو هەر نەهات
نە قومێ هات نە تنۆکێ!
کوێربوون لە ناو تینویەتییا
هەر وڵاتی خۆی ئەبینێ!
وا ئەبینم عەسکەرەکە زەمزەمیەکەی لە لاقەدی ئەکاتەوە، زاری گەورەی بۆ بەرەوژوور دائەپچڕێ. چەند قومێکیش بەسەر سینەیا ئەڕژێ، ئەو ئەڕژێ و من کوێر ئەبم. خەیاڵ و ئاو، لە پاش قەیرێ خەیاڵ مردوو ئاو هەر نەهات. نە قومێک و نە تنۆکێ. دنیا ون و کات بزر و بەڵام ئیستا بۆنی لم و بۆنی کوللە و بۆنی سەحرا و چۆڵەوانی و بۆنی هەوای ڕقاوی دێ
شۆفێرە سەربازەکە بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێوچان لێی ئەخوڕی لە ماوەی یەک ساڵی جەنگا دوو برای و دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی دزفوول و شووشا کوژرابوون. زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخا سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیێکی بیابانی بەدیکرد.
بیری ئەکردەوە، شۆفێرەکە بیری ئەکردەوە
خۆی لەگەڵ خۆیا ئەدوا
لە دڵی خۆیدا ئەیوت:
'ئەترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نە
هەر دڵی خۆم
وەختی نووستن، یان لێخوڕین
کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام لەو نەبێ
فرسەت بێنێ و لە ناو قەفەزەی سنگمەوە بە پێ دزکێ و بە بێ خشپە
خۆی قوتار کا و هەڵبێ و بچێ
لە دەرگای دڵی عەریف 'سائیر' با و ئەویش بڵێ فەرموو ژوورێ و لەسەر کورسی حەوتی نیسان دابنیشێ و ئەوسا خەبەرم لێبا کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی ناو دەروونما من چی ئەڵێم!
من ئەترسم خەیاڵی خۆم
تۆقین زۆری بۆ بهێنێ و ڕۆژێ بڕوا و دەرگای ژووری شیر و شمشێر بکاتەوە و قاچ لەسەر قاچ بەرامبەری وێنەی 'قەعقاع' دابنیشێ و چی ئەزانێ دەربارەی ناو و چرپەچرپ و وڕێنەکانی شەوگارم هەمووی بڵێ!
من ئەترسم لچ و لێوم یان مەڵاشووم یا خود زمانە بچکۆلەم یان ددانم
ڕۆژێ حاشام لێبکەن و
خەبەر لەم زمانە گەورە و لە گەرووم و
لە ژێکانی ناو دەنگم بەن!
من ئەترسم
هەندێ 'با' هەن سست و تەمەڵ
نەفس نزم و لەم دەشتانەدا کەوتوون و قەت هەڵناکەن
من ئەترسم 'با'یەکی وایان کڕیبێ و
کردبێتیان بە جاسوس و
'با'ی جاسوسیش نیوەشەوێ
هەر بە ناو درزی دەرگادا
بە ئاسانی بێتە ژوورێ و
گوێ لە هەناسە و یان پرخە و
یاخود نەبزی خوێنم بگرێ و
دوایی بڵێ:
لەوە ئەچێ ئەم سەربازە
بۆ 'بەووابەی شەرقی' نەمرێ و
بە مردنی خوایی بمرێ و
بۆ بەیانیی قیڕ بمگرن!
من ڕۆژێ چووم، دیارە هەر بە تاقی تەنیا
بەسەر قامیشەڵانی زەردەڵەی مل باریک و بەسەر ئاوی بێوەژنی ناو ئەهوار و سەریفە لەش سووتاوەکەی کۆنەماڵا
تۆزێ گریام
لەو ڕۆژەوە ئۆقرەم هەر لەسەر ئاگرە و دەسم لەسەر دڵی ترسە و ئەڵێم نەوەک
قامیشێکیان سیخوڕ بووبێ و چووبێ بۆ لای ماسییە نقەی ئاسایش و ڕاپۆرتێکی لە من دابێ چۆن گریاوم!
هەر لە بیرمە
من جارێکیان خەونم بینی
خەونێکی سەیر!
لەو خەوەدا ڕائید 'حەمدان' بووبوو بە بەرازێک ڕەش و لە ساحەکەی موعەسکەرا
یاری فتبۆڵی ئەکرد و خێرا خێرا بە پاشەڵی لە فتبۆڵەکەی هەڵئەدا
تا ئەکەوتە سەر لمۆزی!
وەختێ کە خەبەرم بۆوە
کێشام بە کەللەی نەگریسما و لە ترسانا یەکەندەردوو گەرما و گەرم
بینەقاقای خەوم گرت و هەر لە جێدا خەوم کوشت و چوومە دەرێ و لاشەکەیم دوور فڕێدا!
وتم نەبادا ئەم خەوە
بۆ شەوێ فریا بکەوێ و بڕوا و بچێتە ناو خەوی حەمدانەوە و بڵێ کە من ئەوم لە ناو خەوێکی خۆما بینیوە بۆتە بەراز
من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم
ئەڵێم نەوەک چاوی 'خەڵەف'ی پاسەوان
لەپڕێکدا قەترەیێکی بەزەیی خوا
یان یەک بریسکەی بچووکی لێبوردنی پێغەمبەرێ
لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمبا!
ئەیانبینم و نایانبینم!
زۆر نزیکن و زۆریش دوورن
لە ماشێنان و تیاشیا نین
بە ئێمەیان وا وتووە
ئەبێ ئێوە وابزانن
ئەم قافڵانە درۆن و ئەم ماشێنانە سێبەرن و کورسی چۆڵن و ئەبێ ئێوە وابزانن کە بەردەوام خەو ئەبینن
خەوێ کە ناگێڕدرێتەوە هەتا هەتا!
خەوێ نابێ دەقی بشکێ
هەتا ئەیبەنە لای خودا'
خەڵەف کۆکی و ئەم داچڵەکی و گەردەلوولی کلک کڵافەی دووری سەحرا هەتا ئەهات
لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک نزیک ئەکەوتەوە و لە پڕێکا لە ناو بەرایی تەماشای خۆڵاویا قەڵایەک و چەند قوللەیەک هەڵتۆقین و لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچا
ماشێن وەستا
خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی:
'نوگرە سەلمان'
'نوگرە سەلمان'
ئافاتێکی قەڵاقەڵا، دووپشکێکی گەورە گەورەی کۆنکرێتی
ئەشکەنجەیێکی درێژ و کڵپەیەکی بازنەیی
نوگرە سەلمان
ژەنگی مێژوویەکی کۆن و قوللەی زوڵمێکی زۆر دوور و مەنزڵێکی بیرچوونەوە و یادگارێ بێ پەنجەرە و تاعوونێکی خۆمەڵاسدەر لە ناو لمدا و کینە و ڕقێکی سرمدی
نوگرە سەلمان
قەڵا قەڵای ئازارێکی ڕەش داگەڕاو
تینوویەتییێکی ئەزەلی و پێناسەیێک بۆ ونبوون و بۆ تاریکی و شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و جێگەیێک بۆ پیاسەی زوڵم و گاڵتەی تاوان
نوگرە سەلمان
لە زستانا وشکەسەرمای دەم بە گوێزان
لە هاوینا گەرمایێکی پڕووکاوی گرنج گرنج
جێگەیێک بۆ پشوودانی نێزەی ماندوو
شوێنێ بۆ نووستنی هەوا و تا ئێوارە هەڵنەسانی
نوگرە سەلمان
چەند نەخشەیێکی فیراری نەخشەسازی
چەند بینایەکی هەڵاتوو لە ئەندازە
چەند پەتایەکی ڕاکردوو لە دەس فورات
چەند پاسەوانێ لە نەسڵی گورگی ڕەسەن
نوگرە سەلمان
'با'یەکی نائومێد وتی: بیابان بۆ خۆی شەرم ئەکا بڵێ مێژووم بنیاتی نا
تەیرێکی خۆڵاویش وتی: من شایەتم جارێک بیابان پێی وتم: من شەرم ئەکەم وەختێ نامە و هەر پۆستێکم لە ڕێی ئەمەوە پێ بگا
بەردی دیوار هەموو جارێ کە پاسەوان تێپەڕ ئەبوو ئینجا ئەیوت: ئای کە بەختێکی ڕەشم بوو
وەختێ نەکرام بە دیواری کتێبخانە و یان مەکتەبێ و یان خانووی شێعر و چیرۆکێ و یان بە بەردڕێژی شەقامی نێو باخێک و ئەم چارەنووسەم پێبڕا
ژەکەئاوی ناو بەرمیلیش
وەختێ کە پاسەوان ئەڕۆیشت
ئەویش ئەیوت: ئای کە بەختێکی ڕەشم بوو
نە گەنم و جۆیەک خواردمیەوە و نە چوومە ناو دووپەرداخی عاشقەوە و نە بەفرێ سەردانی کردم و من شەرمەزاری ئەم عەبدە فەقیرانەم
دوای سووتانم ئەمخۆنەوە
قەڵاقەڵا
شەوانەش چرای بنمیچی سەر عەبدەکان
وەختێ ئەیزانی بە تەنها ئەوان لەوێن
ئەویش ئەیوت: ئای کە بەختێکی ڕەشم بوو
لە ژوورسەری خۆشییەکا دانەگیرسام
لە ژوورسەری سەمایەکا
لە ژوورسەری هیوایەکا
من نەمئەویست ئەم قافڵەی کۆیلانە
لەسەر جێگەی دەردەداریم
زەرد و ژاکاو بمبیننەوە
من شەرم ئەکەم ئەیانبینم
لە ژێر منا یەکە یەکە گیان ئەدەن و کەچی من دەستەوەستانم و بۆ ڕێزگرتن لەم مردنە
چەند ساتێ ناکوژێمەوە!
قەڵاقەڵا مردن لێرە بەرجەستەیە
پێئەکەنێ و قسە ئەکا و سەیرت ئەکا و سەیری ئەکەی
دەس لە دەستیەوە ئەدەیت و بۆنی ئەکەی
هەڵئەسێت و دائەنیشێ و ڕائەکشێ و
بەناو ڕۆحا پیاسە ئەکات
مردن لێرە وەختێ کە دێت
سەگەلی ڕەش لە پێشیەوەن
چەند کەڕەتێ دێن و ئەڕۆن
تا شەو دادێ و ئەوسا مردن بەریان ئەداتە ناومان و
بە یەکەوە خەم و گۆشت ئێسکەکانی ئەم غۆربەتە و ژیان ئەخۆن!
-دوای پانزە ساڵ هەتا ئیستەش تینوویەتی کۆچم نەشکاوە. هەتا ئیستەش زەمزەمییەکە و ئەو چەند دڵۆپە ڕژاوەی زاری گەورەی عەسکەرەکەم لە یاد ماوە. دوای پانزە ساڵ هەتا ئیستەش هەموو جارێ بە درێژایی خەیاڵم تەپ و تۆزێک لە وڕێنەکانم هەڵئەسێ
لە بیابانایە چاوانم و لە قاقڕدایە تینوویەتیم
هەموو جارێ بە پانایی ئەم چاوەڕوانییە شێدارەم هەڵمێک لە ڕۆحم هەڵئەسێ
لە ناو لمایە خەمانم و لە سەحرادایە تەمەنم
چاوەڕوانی ڕواندومی و ئاویش نایە دەنگم قەوزەیێ گرتوویێتی و دووکەڵێکم
نە 'با' ئەمڕەوێنێتەوە و سێبەرێکی تا هەتاییم
پارچە عەردێکی هەتیوم
هەموو کاولاشی ڕووناکی لە مندایە
هەموو ڕەنگێکی کوژراوی ئەم دنیایە لە چاومایە
نووکە نووکی پەلکی داران
خشەخشی گەڵاڕێزان
قرچەقرچی یادگار و ورتەورتی ئاوی شلوێ و پووکەپووکی گوڵی ژێر پێ و هەرچی باڵنەی یەک چاوە و کوێرەکانی و هەموو مەسافەی دابڕان لە مندایە
من ئەسیاری نەختینەکانی تەنیاییم
تەنیاییەکی سارد سارد
تەنیاییەک کە ڕۆژانە 'با'یەکی بێوەژنی پەرەوازە و بەدبەخت لە دەشتێکی کلۆڵا بیلاوێنێتەوە
من 'زیگاری' ناو ڕەنگێکم
ژانی تیا ئەزرنگێتەوە
بە دیار چییەوە کرووشکەم کردوو؟
دەوەنی سووتاوم و لە خۆم ئەپرسم و بێدەنگی وەڵامێکی خنکاوم ئەداتەوە
لەوسەری تەنیاییەوە ژنێک دیارە!
ژنە یاخود کۆلکە دارە؟
ژنێک دیارە
لەوسەرەوە لەوسەری تەنیاییەوە
تاقە درەختێکی تەنیا دیارە ڕووت ڕووت
ئەوە ژنە؟
یان درەختی لێو بە بارە؟
نا... درەختە
درەختێ لە تینوویەتی
درەختێ لە نەزۆکی
نە ژنە
ژنێک لە هۆزی تەم و مژ
ژنێک لە مۆمی کوژاوە
ژنێک لە ئێسکی تاریکی
بە دیار چییەوە ترووشکەم کردووە؟
کێ دێت؟ چی دێت؟
لە خۆم ئەپرسم و بێدەنگی وەڵامێکی سووتاوم ئەداتەوە
ئەی هەڵوەدای ئومێدێکی نائومێد!
تۆ لەو چۆلەکە قەتیسە ئەچی
کە بەردەوام خۆی بە شووشەی پەنجەرەی ژوورێکا ئەکێشێ و بەڵام دواجار لەناو لەپی دەستی مەرگا
مت دەبێت و 'با'ی ساردی تەنیایی دێت و پەڕی مردوو ڕائەژەنێ
نە کەس دێ و نە کەس ئەڕوا!
ئەی ڕێگەی بێ ڕێبوار و ئەی هەڵوەدای ئومێدێکی نائومێد
ئەوە هەر خۆتی، هەر خۆتی، هەردووکیان
کۆچەری و ماڵ ئاواییکەر، هەر خۆتی هەردووکیان
خانەخوێ و میوان
هەر خۆتی هەردووکیان
نیشتمانیش و غەریبی
هیچ باڵنەیەک دیار نییە
چونکە هیچ ئاسمانێک دیار نییە
هیچ درەختێک دیار نییە
چونکە هیچ ئاوێک دیار نییە
بگەڕێرەوە بۆ لای خەو
بەشکوو لەوێدا بباری
-ئەی ژنەکەی پڕ لە سەراب و خۆڵەمێش!
ئەی چیرۆکی قژ درێژ و فرمێسک درێژ!
من بەقەد خۆشی لێت دوورم
من بەقەد بەهەشت لێت دوورم
بەڵام هێندەی ئەو دڵۆپە درشتانەی لە کالانەی چاوەکانتا و لە ڕوخساری خۆڵاویتا قەتیس ماون لێت نزیکم!
من دووکەڵکێشی شێعرێکی دوور وڵاتم
ناوم 'مەم'ە و خەڵکی 'دووز'م
خەڵکی دەشتە تەنیاکان و کوڕی دەغڵە سووتاوەکان
خەڵکی دەڤەرێ نەونەمام
تیا قەموورە و گوڵ و پەپوولە تیا پیرە و
لەو ناوەدا گەر بە ڕێکەوت پێکەنینێ لەدایکبێ
بە زگماکی قاقای لاڵە و
بە زگماکی سۆمای خڵتانی دەیجوورە
لەم ساتەدا من لێرەم و لە ژێر ئەرزا و لە میترۆیەکی دڵتەنگا
بەڵام چاوم لە پەلکەکانی باڵاتە
کە 'با'ی عەدەم لە سەحرادا چۆن ئەیانبا
گوێم لە ڕەنگتە کە نووزەی دێ
لە ئێوارەی ئاوابوونا
سیانزە ساڵە
غوربەت بووە بە شوققەیەک لە نهۆمی بێزاریدا
شێی بە پێستم هەڵهێناوە
غوربەت بووە بە زمانێ لە بەستێنی دابڕانا و شێی بە شێعر و شێی بە دەنگم هەڵهێناوە
غوربەت بووە بە تەپ و تۆزی لێنیشتوو
لە تەماشا و لە جانتاکەم
لە چاوەڕوانی و خەیاڵم و لە یادگار و چاویلکەم!
سیانزە ساڵە
غوربەت بووە بە هاوسەرم و من لەم ژنە پاییزەیە هەتا ئیستە
دەیان مناڵە خەزانی قژزەرد قژزەردەم لێ بووە
ئێرە
پڕپڕە لە گڵۆپ
کەچی من هێشتا تارماییم
ئاخر چیبکەم
من شەوانی 'دووز'م تیایە!
ئێرە هەموو هەر شەقامی گوڵ گوڵییە و ئەپارتمانی شووشەییە و کافتریای زەرد و سوورە و کەچی من هێشتا لە ناخا
هەر قوڕاویم
'ئاخر چیبکەم!
من هەر کۆڵانی مەندەلی و بەدرەم تیایە! '
ئێرە پڕپڕە لە سەما و لە بالێت و لە هەڵفڕینی گۆرانی و لە نیشتنەوەی کۆتری ماچ و کەچی من هێشتا هەر لاڵم!
ئاخر چیبکەم!
من قافڵەی بەرەو خوار و 'کاڵێ'م تیایە!
ئەچمە دەرێ، ئەبمە پەپوولە پاییزە
'با'ی گەرمێن دێ و ئەمبا و ئەمبا و ئەمکا بە ناو بازاڕێکی شووشەبەندا
جێگە ئەوەندە خاوێنە کۆگایش هێندە ئێسک سووکە، لە لەشی تازە خۆشتووی ژنێک ئەچێ سپی سپی و بە چریسکە
سۆپەرمارکێت، نهۆم نهۆم، بەژن و باڵای ئاوێنەیە و سترێجێکی تەسک لە بەردا و گوڵمی لاڕان دەپەڕیوە و ناوک دیارە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە، تەماشای شین
بە پلیکەی کارەبادا دێتە خوارێ و سەرئەکەوێ و لە بەردەمی فوارەیەکی پەمەییدا سەما ئەکا
ئاخر چیبکەم! ؟
من دوو چاوی ئەم غوربەتەم
بەدبەختیشن
لە بەردەمی زمڕووتام و لە بەردەمی گەوهەرام و لە بەردەمی یاقووتام و کەچی لێم ئەبن بە مووروو و بەردەشینەکەی ملی کیژێ لە خانەقین
ئاخر چیبکەم! ؟
من سوراحییەک کریستاڵ هەڵئەگرم و ورد ورد تەماشای ئەکەم و کەچی کریستاڵ لە دەسما و لە پاش قەیرێ
ئەگۆڕدرێت و ئەبێ بە گۆزەی گڵەسوور!
ئاخر چیبکەم! ؟
ڕەنگە من شێعرێکی گەوج بم!
دەست ئەدەمە، تازەترین، گرانترین
ڕەفتەی ئاوریشمینی دنیا و هەڵیئەگرم
کەچی لەپڕ ئەو ڕەفتەیە لەبەر دیدەم
ئەبێتەوە بە سرکەییە
زۆر کۆنەکەی ئەوسای دایکم
ئاخر چیبکەم! ؟
من جوانکوێرم! یاخود شێتم!
ئەچمە بەردەمی کڵاوێ
لە تووکی قوو دروستکراو
شل و شل و نەرم نەرم
هەڵیئەگرم... ئەیکەمە سەر
وەختێ ئەچمە بەر ئاوێنە
کڵاوی قوو ئەبێتەوە
بە کلێتە نەگبەتەکەی ئەوسای باوکم!
ئاخر چیبکەم!
من کە چاوم هی خۆم نەبێ و هی کاڵێ بێ
من کە گوێچکەم هی خۆم نەبێ و هی دەوەن و هی دارێ بێ و من کە ڕۆحم هی خۆم نەبێ و هی وڵات و هی خاکێ بێ
هەر وام لێدێ! ئاخر چیبکەم! ؟
دوانزە ساڵ بوو شاعیرەکە لە ژێرزەمینەکە هاتبووە دەرێ. دوانزە ساڵ بوو لە بەر هەتاوا شێعری ئەنووسی بەڵام هێشتا هەوای ژەهراوی لە بەغا حوکمدار بوو. تا ئەو ڕۆژەی مێژووی بەربەرییەکان بوومەلەرزەیەکی گەورە لێیدا و قەحتان و عەدنان و دەحام تەفر و تونا بوون. یەک لە دوای یەک گۆڕستانی چراکان ئەدۆزرانەوە. لەگەڵ هەڵدانەوەی چوارەم گۆڕستانا، شاعیرەکە چوار شێعری لەسەر باڵای پیرەمەگروون نووسی
یەکەم:
گومان
گومان گومان گومان ئەکەم
ناتوانن بیاندۆزنەوە
هەر هەموویان نادۆزنەوە
ئەو هەموو مانگی ژێر خۆڵە و ئەو هەموو خۆری ژێر گڵە و ئەو هەموو ئێسک و پروسکی گۆرانییانە و ئەو هەموو ڕەشەڕێحانەی گەرمییانە و ئەو هەموو قاسپەی بەفرانە و یەک بە یەکی ئەو گوڵ ئەستێرەی دەشتانە و یەک بە یەکی ئەو هەموو ئاسکە ونبووانە
گومان گومان گومان ئەکەم
ناتوانن بیاندۆزنەوە
هەر هەموویان نادۆزنەوە
ئەم حەففارانە بچووکن
ئەم حەففارانە ئەترسن
ئێوە بڕۆن لە عەمباری حەففارەی ئەو دنیاوە
کە بۆ هەڵکەندنی دۆزەخ دانراون
ئا لەوێوە
ئێوە حەففارەی خوا بێنن
حەففارەیێک بە یەک کەڕەت
لە زاخۆوە هەتاکوو فاو
سەری عێراق هەڵباتەوە!
دووەم شێعر:
پەیکەرێ ئێسک، سپی سپی
ملوانکەیێکی پەمەیی و تاکێ بازنی شووشەیی
شپرزە و مات، پیاوێک هات و دانەوییەوە و فوویەکی کرد
لە دەم و چاوی خۆڵاوی پەیکەرەکە
هەیکەلەکە کەوتە قسە:
-ئۆهـ پیاوەکە
چەند دەمێکە ئەم سروەیە لێی نەداوم!
ملوانکەکە
لە ناو دەستی پیاوەکەدا کەوتە جووڵە و ئەویش وتی: چەند دەمێکە ئەم خاتوونەی من نووستووە
چەندی شل بووم بە گەردنی ئەم هەڵنەسا و تۆیش نەهاتی
بازنەکە ئەویش وتی: چەند دەمێکە ئەم خاتوونەی من خەوتووە
هەر هەڵنەسا و چەندیش گەورەبووم بە دەسی
لە دوای فوویەک کە پیاوەکە سەیری بازنی شووشەی کرد
وردتر بۆوە
لە ناو هەناوی شووشەدا
سەرچاوی عەسکەرێکی تیا مابۆوە
لە ناوچەوانی نووسرابوو:
قیامەت و حەشری ئەنفالی عرووبە!
سێهەم شێعر:
لە چاڵێکی هەشتا و هەشتدا
من سەرین و بووکە شووشەی مناڵێکم هەڵگرتەوە
لە ناو شێعرا و لەگەڵ خۆما هێنامنەوە بۆ ماڵەوە!
کە شەو داهات، وەختی نووستن
سەرینەکەی خۆم فڕێدا و سەرم کردە سەر سەرینی مناڵەکە و ئیتر من تاکوو بەیانی
هەر خەونەکانی پەپوولە و کانیم بینی!
بۆ سبەینێش
ساتێ کە چاوم کردەوە
تەماشام کرد
بووم بە کچ و بچووک بچووک بوومەتەوە و پرچ درێژ و شەش ساڵانم
شێعر هات نەیناسیمەوە
ئاواز هات نەیناسیمەوە
چیرۆک هات نەیناسیمەوە
ئەوەی کە منی ناسییەوە
سەرینی دایکی کچەکە و گوارەیێکی بەجێماوی کچەکە بوو
چوارم شێعر:
بەو سەرەوە
تەیرێک لە ناو دووکەڵەوە
کە منی دی
هاتە خوارێ و ڕێک بەرامبەرم نیشتەوە
یەکەمجار بوو تەیرێ ببینم عەمامەی لە سەردا بێ!
وتی: تۆ ئەمناسیتەوە
وتم: تەنها شێوەت ئەکەم
وتی: من ناوم نەجەفە و لە شێعری جەواهیریا یەکمان دیوە!
کە تۆزێ لێی وردبوومەوە
وتم: وایە!
وتی: تۆ هەر چاڵی باڵنەکانی خۆت باسکرد
تۆ هەر مۆمت لەسەر گۆڕی قوربانییەکانی خۆت هەڵکرد
بەڵام ئاخر...
نەمهێشت قسەکەی تەواو کا
وتم: هێشتا من فڕینم بەردەوامە و نەگەیشتوومەتە ناو دڵت
وتی: تەنها من یەک قسەم پێیە و ئەڕۆم!
ئەمجارەیان ئێمە و ئێوە
لە گۆڕستانی چرادا
لە ڕێی ئێسک و پروسکەوە
لە ناو مردنا بۆ ژیان
بە تەواوی بووین بە برا!
سەرنشینی قافڵەکان کەمێکیان نەبێ ئەوانی تر نەگەڕانەوە. حەیران بێژێکی ئاگر لە ڕۆح بەربووی عاشق، حەیرانی ئەنفالی خولقاند. نەزمێکی نوێی موتوربەکراو بە ژان و حەسرەتی لاوک. هەندێ ناویان لەم بەیتە تازەیە نا 'حەیاوک'.
چریکەکانی لە نێوان بەیت و داستان و عەشق و دابڕان و غەریبیا هر جارە و لە سیلەی خەمێکەوە باڵی ئەگرت. لە شەوێکی مانگەشەوی ئێجگار خامۆشا، کە تەنیایی لە مانگ ڕەنگ پەڕیوتر بوو، حەیرانبێژ لەسەر قەڵای هەولێرەوە بەرامبەر خەرمانەی خۆڵەمێشی مانگ و ڕوو لە باشوور، وردە وردە سەدای ئەکەوتە شەقژن. باڵندەی چریکە بەرەوخوار ئەفڕی و لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، نمە نمە خوێن لە ژێکانی دەنگی ئەتکا و دانە دانە وشەکانی دائەگیرسا و وێنەکان ئەبوون بە شارا بۆ پەپوولە و یادگاریش بە خۆڵەمێش...
'حەیاوک' ئەیوت:
لەو خوارە، نزیک بە تەنگەی ئەستووری 'سعوود' نزیک هەتاوێکی نەخۆشی ناوچەوان کڵپەدار کە بەردەوام وڕێنەیێک لەناو لمدا بە 'با' ئەدا
لەو خوارە، نزیک قیامەت و نزیکی عەدەم
هەر بە تەنیشت، مێژوویەکی کەڕ و کوێرەوە
لەو خوارە، لەوێندەرێ
کە دەشت و دەر نەزۆکن و سەراب پادشای وڵاتێکە لە تینوویەتی ئەبەدی
تاک و تەرا باڵنەی وەجاخ کوێر قیڕەقیڕیانە و لێرە و لەوێ، لە هێلانەی خۆڵەمێشا
هەڵکورمان و بە تەنها هەر ئاسمانی ڕابردوو
خەونی مردوو
یادگاریانە
لەوێندەرێ لە قاقڕێ
ئەمجارەیان، خۆڵ ئەمنووسێتەوە
چاڵ ئەمخوێنێتەوە. ئەمجارەیان، لەوێندەرێ
لەو سەحرایانەوە کە هەر زێدی 'سەعیر' بوون
نیشتیمانی مەنجەنیق و مەملەکەتی سوننە و کوللە و زێدی عاگول، زێدی خوێن و کیفی کینەی یەکدانەوەی
هۆزی غەدری شمشێر و شیر بوون!
لەو سەحرایانەوە، 'با'یێک هەڵئەکا
بە وژەوژی ئافاتەوە، زەرد، زەرد
لە لمۆزی
دوورگەیەکی ئاوساوەوە
لەو خوارەوە، لوورەیێک دێت
لوورەیێکی گرێ گرێ
گڤەگڤی پڕە لە لم
پڕە لە زام و وەیشوومە و پڕە لە گڕ
لەو سەحرایانەوە هاوارێ دێ، قەترانییە و سووکەڵەیە و ڕاناوەستی و لە غاردایە و درێژ درێژ ئەبێتەوە
هەتا ناو کۆستی ئەم بەفرە و هەتا لای من
هاوارێ لە ئێسک و پروسکەوە، تیژ تیژ
هاوارێ لە ڕیزەچاڵەوە، قوڵ قوڵ
ئەمجارەیان خۆڵ ئەمنووسێتەوە:
چ دەفتەرێکی بەرینی هەیە ئەم خواوەنی لمە!
دەفتەرێ ئەستوورتر لە ناوقەدی دۆزەخ و تۆمارێ پان و پۆڕتر لە زەریای عەرەب و
حیکایەتێ لە کەنیزەکی ناو 'غەنائم' بە ئاپوورەتر و لەشکرێ لە شارەمێروولەی حیجاز زۆرتر
خۆڵ ئەمنووسێتەوە
بەو زمانەی کە خودا
حەشر و نەشری بەنی ئادەمی پێ ئەکا
بەو زمانەی تۆڵە تیا ئەزێ و بەو زمانەی ئاگر لە پەلکەگیا موتوربە ئەکا و بەو وشانەی لە قافڵەیێکی درێژی حوشتری دووسەنەمی بارکراون و ڕۆژگار کاوێژ ئەکەنەوە و ڕوویانکردۆتە بەردە ڕەشەکەی کەعبە و عەگالی 'قەعقاق' جڵەوگیریانە
لەو خوارە بەردەوام خۆڵ ئەمنووسێتەوە
هەر وەکوو چۆن تەور دار بنووسێتەوە و هەر وەکوو چۆن، کوللە گوڵەگەنم و تۆڕ ماسی بنووسێتەوە
لەو خوارە خۆڵ ئەمنووسێتەوە
مەرگ ڕۆژ کوێرە!
ئەو هەر لە شەوەزەنگا ئەمخوێنێتەوە
نە چرای ئەوێ و نە مانگەشەو
چرای ئەو ملمە و مانگەشەوی ئەو مەحاقی سەرم
ئەو بەردەوام بەو دەیجوورە ئەمنووسێتەوە
نە قاچی حەرفە کوفییەکانی تێکەڵ و پێکەڵ ئەبن و نە هەڵەیێکی نەحوی ئەکات و نە پەنجەی ئەشڵەژێ و نە چاڵەدێڕێ ئەپەڕێنێ و نە خاکەنازێ غەدر بە خەسار ئەدا و نە سڵ لە خودا و نە سڵ لە نەوەد و نۆ ناوەکەی تریشی ئەکاتەوە!
لەو خوارە خۆڵ و چاڵ و باگژەیێک لە عەدەم ئەمنووسێتەوە و ئەمخوێنێتەوە
ئەو خوارە، مووبەمووی جەستەی منی لەبەرە
فەنا بوونی منی لە خۆیا دەرخ کردووە
بڕینەوەی منی لە چنگیا خەتم کردووە
لە چەقی هەموو بزەیێکی، مناڵە بەدبەختەکەما
دەرزییەکی داناوە و لە سەرەڕێی هەموو وشەیێکما قەمەیێک و لە ناو نزارەکان و زاوزێ کەژیشمانا گیژەلووکەیەک ژەهر!
لەو خوارە، تەپ و تۆزێ لە تەندوورەی خۆڵا
نە هێشتوویەتی ئاو چاوی ببینێ و نە تاقە پەپوولەیێکیش بێ بە عاشق
تەندوورەی خۆڵ ئەمخوێنێتەوە
دەنگم تەیرێکە مردوو
لە هاوارما، هاوار ئەخنکێ و لە بێکەسیما چۆڵەوانی سەرسامە و لە قیژەما خوا لەگەڵ تیلماسکە نوورێکی سپیدا دێتە دەرێ و ئاوێتەی فرمێسکی دایکم و چیام ئەبێ لە قیژەما خوداوەندی 'با' ئەشڵەژێ
لە تەنیاییما تەنیایی زۆرجار ئەنوێ
بەڵام 'ئەعراب'
وەختێ ئەدوێم
ئەوان و بیابان، نازانن خودا 'ئەڵڵا'یە و
نازانن 'ئاو' چییەو؟ 'دایە' چییە و بە تەنها فەنابوونی منیان لە خۆیانا خەتم کردووە!
چەند زەلیلە
ئەم جەستەیە
چەند تەنیایە
زریکەم و چەند بێ خەمە بیابان و چەندیش کڵۆڵە غەریبیم!
خەو نەبوون، کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوە ڕەز بوون و ئەمردن
ئەوە ئاو بوون و ئەمردن
ئەوە بەرد بوون و شل ئەبوون
ئەوە گۆم بوون و ڕەق ئەبوون
خەو نەبوون کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوە دەستی سەرگوزشتە و
خەیاڵ نەبوو کیژۆڵەکەم
ئەوە دەستی نیوەی دنیا و
نیوەی دەوڵەت و قانوون بوو کە ئەهات و
تۆی ئەخستە زیلێکەوە و
دوور ئەیبردی
ئەوە نیوەی بلیمەتی و نیوەی عەقڵ و
نیوەی زانای جیهانێ بوو
بەیەکەوە لەگەڵ 'مونتەسیر بیللادا'
'با'ی بۆگەنیان بۆ هەڵکردی
خەو نەبوون کیژۆڵە، خەو نەبوون
کڵۆ خەڵووزە ساردەکە
ئەوە مەمکێکی دایکت بوو
تۆپەڵە سوورە گەرمەکە
ئەوە دەماغی باوکت بوو
خەو نەبوون
کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوەی کارژۆڵەکەی تۆی خوارد
ئەوەی مراوییەکەی دزیت
ئەوەی مامزەکەی بردی
ئەوەی چیرۆکەکەی کوشتی
گورگ نەبوو کیژۆڵە گورگ نەبوون
ئەوە حیکایەت نەبوون بۆت بکەم
شێعر نەبوون بۆت ڕێک بخەم
ئەوە دەوالی مێژوو بوون
ئەوە وەقاس و سەعد بوون
لای خەلیفەوە هاتبوون!
خەو نەبوون کیژۆڵە، خەو نەبوون
وەکوو پرچ و زەردەخەنە و گوارەکانت
حەقیقەت بوون!
خەو نەبوون، هەرگیز خەو نەبوون
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
گوڵەکان چۆن لە ترسانا ڕایان ئەکرد
بنچکەکان هەڵ ئەهاتن
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لی نەبوو
لەو ئێوارە بەسامەدا
سەگەکەمان کەوتە قەسە و بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن بەڵام من نابم بە بەعسی
خەو نەبوو کیژۆڵەکەم، خەو نەبوو
ئەی هەر لەبەر دەمتا نەبوو
لە دوای لەبەر دەمتا نەبوو
لە دوای ناشتنی هەڵەبجە
ئەستێرەیێک بە میوانی
ئەستێرەیەکی مرۆڤدۆست
هاتە هەیوان و قەیرێ لەگەڵمانا گریا و
ئینجا ڕۆیشتەوە بۆ ئاسمان
خەو نەبوو کیژۆڵەکەم، خەو نەبوون!
-ئەگەڕێمەوە بیابان
قافڵەکەیش بە بەتاڵی گەڕایەوە بۆ کوردستان
'تۆپزاوا' باری هەیە و دیسانەوە چاوەڕوانە
تۆپزاوا باری هەیە و باری قورسە
باری ژان و باری قیژە و باری نووزە
ئەو وەختەی ئەبن بە ڕەژوو!
باری گریان و تەنیایی وەختێ ئەبن بە کۆتەرە و بە سووتماک و وردەشووشە و ئەو دەشت و دەرە پڕ ئەکەن، باری زووخاو وەختێ ئەبێ بە قوڕقوشم و باری زووڕە زووڕی منداڵ، وەختێ سوێیان ئەبێتەوە و ئەوەرێن و ئیتر ئەبن بە خەزان و بە گەڵای دار باری ساڵەکانی عومری پیرێژن و باری کچە عازەبەکان، باری ئەو هەموو جوانییە وەختێ ئەبن بە مرواری و بار ئەکرێن بۆ شێخەکانی ناو خەلیج و بۆ بازاڕی عەرەبستان
باری حەریری جەستەی کیژ
بۆ دیوەخان
باری پەمووی بێوەژنان
بۆ ڕەشەخەڵک
باری کەوڵی پیرەمێردان
بۆ کارگەکانی دەباغی
لەمسەر خاڵییە قافڵە و لەوسەر پڕە لە ئەستێرە و لە گۆرانی و لە چراکان
ئەی ئادەمییە بەفرینەکان!
لە کوێوە گەیشتنە ئەم لێواری سەعیرانە! ؟
چ کاروانسەرایەکی درێژە ئەم دووکەڵی سەفەرانە! ؟
ئەرێ هیچتان لەبیر نەچووە! ؟
دڵۆپە فرمێسکێ؟
ئاخێکی نێو لۆچی تەمی! ؟
خۆزگەیەکی سیس! ؟
باڕژنی ئاسکێ! ؟
قاسپەی کەوێ! ؟
ئەرێ هیچتان لەبیر نەچووە! ؟
پەلەتان بوو. ئەو دەمەی خەوتان بەجێهێشت!
پەلەتان بوو، پێتان نەکرا
نە سڵاوێ لە درەختێ
نە ئاوڕدانەوە لە نووزەی ڕەزێ
پەلەبوون و بێ پریاسکەی ماڵ ئاوایی
بە بێ ورتە. بێ چرپەیەک
پەلەبوون و هیچتان نەبرد
لەگەڵ خۆتان:
نە کۆڵەپشتێ
نە بوغچەیێک
نە جانتایێک
نە مشتێ مێوژ و نە باسوقێ و نە چەند بەڕوویەک و نە چەند کەشکێ و نە تۆزێ گەزۆ و نە هەندێ ڕەشکە و هیچتان نەبرد. نە نانی ساجێ و نە مەمکەمژەی ئەو ساوایە و نە بووکەشووشەکەی باوەشی و نە حەت حەتۆکە و نە تارای بووکێ و نە ئاوێنەیێک و نە گۆچانەکەی باپیرێ و نە دەرمانی سک ئێشەکەی 'پوورە ئەجێ؟ '
ئەی باشە چیتان هێناوە بۆ سەفەرێ! ؟
بە تەنها پێستی لەش و پرچ و قژ و جلکەشڕێ! ؟
ئاخر ناکرێ هەر وا بە دەستی بەتاڵ
بچنە حزووری یەزدانێ لەوێ
ئەی چپکەگوڵێ بۆ بارەگای پەروەردگار!
ئەی بارانی هەورێ بۆ پێغەمبەری بیابان!
ئەی لە زنویرەوە تاشەبەفرێ بۆ خەڵیفە و بۆ حەزرەتی والیش هەندێ ڕێواسی کەلیخان!
پەلەتان بوو
نە 'با' لە سەرتان ڕاوەستا و نە چریکەی زیل و نە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و نە کۆنگرەی موسڵمانان! ؟
ئەی ئادەمییە بەفرینەکان!
لە کوێوە گەیشتنە ڕۆژی حەشر و بەردەمی قاپی قیامەتێ!
لە کوێوە گەیشتنە ئەم دەشتی عەدەمە و بە کام پڵنگی باڵدار و بە سواری باڵی کام
فریشتە و پەری، گەیشتنە حەوت تەبەقەی ئاسمان و بەردەم عەرشەکەی خودا و چوونە سەرێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە عەبدی یەزدان و لە ئۆمەتی جنۆکە و خێڵی گومڕاه و خەڵکی کافرستانێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
قافڵەیێک لە جارییە و لە سەبایای پاکیزەکانی چیا و بەفرێ
ئاپوورەیێک لە گوناهەکانی هەژاری و
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە ئەهلی دۆزەخ و لە ڕەگەزی گەڕوگولی ناو مەجووسێ!
چەند زەلیلە ئەم هەقەی من
چەند گوناهە بێ گوناهیم
چەند ڕسوایە زمانی شاخ
چەندە تەباین من و مەرگ و کە شەو داهات
سەگەلی ڕەش یەک لەدوای یەک چۆن ئەمانخوات!
ئای کە تەنیام
چەندە تەنیام
چەندە چەندە چەندە لەم وەختەدا
لە تۆ تەنهاتر خودایە
لە تۆ بێکەستر خودایە
تەنها کوردە!
-پاکیزەکان
مانگەشەوە خۆڵاوییەکان
هەر شەوەکی لە نێوانی
زرێپۆش و بەنگەڵەدا
لە بەر شەوقی گڵۆپی تیژی زیلەکان
ڕیز کران و لە نێرینەکان دابڕان
لە یەکتر جوێکرانەوە
گوڵەکانیش بۆ چەند جارێ تڵژێن کران!
گوڵەکان ئاویان نەخواردبۆوە
لارەمل
وەک هێرۆی ملشکاوی بەردەم ڕەشەبا
لە ناو چڕە تەمێکی خۆڵەمێشی 'تۆپزاوا' ئەگریان و هەڵئەقرچان
ئەپاڕانەوە لە خودا ئەڵاڵانەوە و خوازیار بوون
قودرەتەکەی 'کون فەیەکوون' پیادە بکا و ئەرز کون کا و قووتیان بدا
پاکیزەکان بینی ئاو نەبوون ئەلەرزین
بەفر نەبوون ئەتوانەوە
ئاگر نەبوون ئەسووتان و پاییز نەبوون ئەوەرین و شووشە نەبوون هەر ئەشکان و پاکیزەکان چاوێکیان هەر لە ڕێی خودا و گەیشتنی قودرەتی بوو
چاوەکەی تریان هەر لەسەر
لەش و لاری بێ پەرژین و جەستەی بێکەسی خۆیان بوو
پاکیزەکان لەو ساتەدا
لە دار هەناری مەلوول و لە ڕیشۆڵەی ناو تۆڕ ئەچوون
لەو ساتەدا هیچ شتێکی سپی و بێگەرد لەوێ نەبوو:
نەیەک دڵۆپ لە نووری خوا و نە تیلماسکێ لە ڕۆحی کەسکی باران و نە یەک شنەشنی هەق و نە یەک پرژە پرژی شێعر و نە یەک لەرەلەری هەست و نە کەوچکێک لە بەزەیی و نە یەک قولانج لێبوردن و نە یەک پیاڵە قسەی شیرین!
لەو ساتەدا ئەوەی لەوێ بوو هەر ترس و تەم و دەشتی خۆڵەمێش و حەربەی زمانی عەڕەبی و ڕیزەبەرمیلی پڕکراو لە جۆرەکانی مردن و ئەوەی لەوێ بوو هەر غەدری نەوتاوی بوو
ئەوەی لەوێ بوو بە تەنها تەختەسڕی سڕینەوەی دەم و چاوم و سڕینەوەی شاخ و داخ و سڕینەوەی دەنگ و ڕەنگم و ئەوەی لەوێ بوو درێژەی گێڕانەوەی هەمان هەمان هەمان
قیژە و زریکەی خوێناوی سەبایەکانی ناو دەنگی 'تەبەری' بوو!
مریەمەکان بە تەنها شەرمیان لە جەستەی بێکەسی خۆیان ئەکرد
لە دڵەوە بانگی مردنیان ئەکرد: فریایان کەوێ
بەڵام مردن خۆی نەئەهات!
ڕاوچییەکان لە سەروملەوە تا ناوقەد
بەرازی شفرەدار بوون و نیوەکەی تریشیان ئادەمی بون
ئەمن دەمگۆت
خەوێکم دیتیە سۆر سۆر
لەو خەوەیدا
شەنگەبێری کارمامزێ بەژن عەرعەری
لە دوورەوە ڕا، لە سەحرای غەریبیەوە ڕا
هاتبوونەوە مارێ!
یەکەک ببووە ڕەشە ڕێحانێ و
ئەوی دی ببووە گوڕی دار قەزوانێ و
یەکەکی تریان بوو بە زنەئاوی بن شاخان
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ
ئەمن دەمگۆت لەو خەوەیدا
ئەرێ کیژان! لۆ سەفەرتان
هێند تولانیدا و لە کێندەرێ بوون، بابان وێران!
چ بوو! ؟ چتان دی! ؟ چتان کرد! ؟
ئەرێ کیژان
لەوێندەرێ، لە قیامەتێ
عاشقان چ دەکەن! ؟
ئەوانیش دەچنە بەهەشتێ! ؟
خۆ لەوێندەریش نارەنار ناکەن
لە دەس غەدر و غەدارێ
ئەمن دەمگۆت لەو خەوەیدا
خودایە!
ئەوی خەوی ڕاستبێ و
کیژان هاتبنەوە مارێ!
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ!
وای لە کیژانێ، وای لە حەیرانێ
وای لە ئافاتی دەور و زەمانێ
وای لە غوربەتی نێو بیابانێ
وای لە شەوانێ کە مانگ تیا ئەمرێ و
بەفری کێوانیش چ پێنازانێ!
وای لە مریەمێ
وای لە پاکیزێ
وای لە سووتانی ڕۆحی ئازیزێ
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ
وەیل!

فەرهەنگۆک:
گڕەژۆ: گەڵاڕێزان
گڕاگڕ: کڵپە و بڵێسە
گژگژە: پووش و پەڵاشی با بردوو
چکچکە: دەنگی دڵۆپەکردن
گاپێڵ: گەوەی پێچی شاخ
گراداڤ: ئاوی بەخوڕ کە خول ئەخوا
گارۆ: هێلانەی مەل لە کونی دارا
توتاک: جۆرە کۆترێکە وەکوو قومری
پژاڵ: لکی هەرەباریکی دار
مەراڵ: ئاسک، مامز
پاسفندە: گەندەڵ، ڕزیو
دەوال: دزی شەو
ترووم: نەژاد، ڕەگەز
گرمژن: دەنگی ڕووخانی گەورە
ئەسیار: ئێشکگری کاروان
زیگار: شەونشین
گچ گچە: لەرزینی دار
زاخان: ڕێی بەردەڵان
تاپاز: زەبەلاح، هێزدار
پرووکە: دەنگی وردی بەفربارین
تڵژین: هەڵبژاردەی هەرەباش
بندین: تەختایی بنی ڕووبار
بن بیڤ: ژێر زەوی
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit