ئەی نەشمیل، ئەی بلاوێنی دڵی تەنگم
هەستی مەستیی لاوی تەزێن، شۆخ وشەنگم
تاسە بزوێن، گوڵی گەشی باغی ژیانم
ئیلهام دەری شیعرم، نەغمەی تاری گیانم
دوو چاو گێژاوی سەحراوی تەلیسماوی
کوڵمە ڕنووی کەلی بەفرینی خوێناوی
دزەی نیگا تاڵانکەری بیری دڵدار
نوقمی دەریای هەستم، دەریای بن نادیار
ڕادەخوشێن ئەستێرەی فرمێسکی ئاڵ و سوور
پرێسکەی ڕاز، بێ گەرد و جوان وەک کۆگای نوور
چاوەڕوانتن بە ڕیز لەسەر ئاسۆی گۆنام
ئەی خواوەندی جوانی، توخوا چییە گونام؟
تا کەی دووریت دڵی تەنگم داخورپێنێ؟
لە سەرچاوەی چاوم ئەسرین بە خوڕ بێنێ
پەیکی گورجی شەوگار بڕی هەناسەی سارد
بە شوێن تۆدا ئەی گوڵی جوان چەن جارم نارد
بەڵێ ناردم بەڵام گیانە هەر نەهاتی
داخی گران!! ئەی بەختی ڕەش، هەی نەهاتی!