قسەی ئەو کەسەی لەناو دڵمایە
گەر ژەهری ڕووتە هەمووی نۆش ئەکەم
بەو سروەی یادەی کە لەگەڵمایە
بڵێسەی سۆزی هەستم خۆش ئەکەم
بەو بۆنە خۆشەی کە لە گوڵمایە
ئازاری دڕکم فەرامۆش ئەکەم
بەوگڕە خۆشەی لە کەللەمایە
هەموو شەوقێکی تر خامۆش ئەکەم
وەکوو پەروانەی بێ پەروا، بێ دەنگ
ڕێ بۆ سووتانی جەرگم خۆش ئەکەم
بادەی هیچ کەسێ مەستی نەکردم
بە پیاڵەی مەستت خۆم سەرخۆش ئەکەم
وەرە تەماشای ناخی دەروون کە
گەر وائەزانی قسەی بۆش ئەکەم
بەشیری پاکی خۆشەویستی تۆ
ساوای نازداری دڵم گۆش ئەکەم