ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
١
لە سەرەتای ڕێی مێژووا
ساڵانی کۆنی پێشووا
لەو ڕۆژەوە بیر کەوتە ڕێ
قەڵەم دەستاودەست ئەگەڕێ
نووکی قەڵەم پشتاوپشتە
تۆ و چێنی بەهرە و بڕشتە
لە زەوی مێشکی ڕەقەنا
لە دڵی سەختی دەوەنا
بە چنینی پیتی پیرۆز
دێڕ گەرم ئەکاتەوە بە سۆز
بە پرشنگی هونەری جوان
گەشە ئەبەخشێ بە ژیان
بە بیری چاک، بە وتەی گەش
کەوتۆتە وێزەی هێزی ڕەش
کاروانەکەی قەڵەم بەدەست
لەسەر پەڕەی ویژدان و هەست
بۆ بلبلی لقی نووسین
هەڵیان بەست هێلانەی ڕەنگین
بۆ پەپوولەی وێڵی وتن
پەڕەی گوڵ کەوتە بزووتن
لە ئاوێستاوە ئەم کوردە
لەگەڵ پیت و بیری وردە
کۆنترین کاروانی پشتە
مەشخەڵ هەڵگری زەردەشتە
ئەم کاروانە پیت پەرستە
گەرمی نووسین و هەڵبەستە
دەستە بە دەستە و چین بە چین
ئارەقیان ئەڕشت: ڕەش و شین
بە دێڕ بە دێڕ و بەند بە بەند
تۆوی بەهرەی زلیان ئەچەند
بە زمانی کوردیی ڕەوان
گیانیان دا بە هونەری جوان
لەسەر هەر داری لق بەرزێ
بلبلێ ئەیخوێند بە تەرزێ
لە چلەی تۆفی زستانا
لە وەیشومەی کوردستانا
بە وشەی گەرمی ئاگرین
جۆشیان ئەدا بە ڕاپەڕین
٢
قەڵەم بەدەستانی سەردەم!
ئەو هەستەتان هەیە سەرجەم
کەوا ئێمەی نەوەی ئەوان:
کاروانی ڕێی وشەی ڕەوان
ئەرکی پیرۆزی بەجێ ماو
کەوتۆتە ئەستۆی پیر و لاو
پیر و لاوی دنیا نووسین
هونەرمەندی بەهرەی شیرین
باخچەمان سیس و ژاکاوە
تینووی ئارەقی ناوچاوە
بە دەستی دڵسۆزی بژار
پێ ئەکەنێ گوڵی بەهار
بەهاری هەڵبەست و پەخشان
ئەکەوێتە گەشە و نەخشان
لەبەر کارێزی تەقیوا
خوڕە و هاژەی چەم و شیوا
لەبەر برووسکەی ئاگرا
بڵێسەی کێوی باگرا
لەبەر هەوری قورسیی ئاوا
تاڤگە و شەپۆل و لافاوا
لەبەر ڕەهێڵەی بارانا
گرمە و ناڵەی بەهارانا
وشەی گەرم و تەڕ و پاراو
وێنەی تازە بێنیتە ناو
ڕستی قال بووی بۆتەی خەبات
هەڵبەستێ بۆ گەل و وڵات
لە کارەساتی کوردستان
گیان ببەخشێ بە داستان
لەبەر چیرۆکی ئاگرین
دنیای دەروون بێتە لەرین
کوردستانی ئەم سەردەمە
بۆچی نەبێتە مەلحەمە؟ !
شەماڵی فێنکی ڕەخنە
دەبا بکەوێتە شنە
گوڵزاری لێکۆڵینەوە
سەوز بێ بە پەرژینەوە
ئەوسا لە گوڵ بپرسە: بۆ؟
گەش و سووری وەکوو پشکۆ
چۆنە وا تەوژمی پاییز
پەڕەی تۆ زەرد ناکا هەرگیز؟
بای خەزان ئەگەر کێو بەرێ
گەڵایەکی تۆ ناوەرێ؟
ئەڵێ: مەردیی باخەوانە
کە یەکێتی نووسەرانە
یەکێتی نووسەرانی کورد:
کاروانی وشەی جوانی کورد

پەراوێز edit