ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
٥٧. ملوانکەی یاقووت
١
لە یاقووتی وشەی جوانی کوردی پەری خان!
ملوانکەیەک ئەهۆنمەوە بۆ تۆ ورد و جوان
نەشئەی مەستی بەسەر ئەچێ ئەڕوا وەکوو گیان
گوڵی گەشی جوانی تۆش سیس ئەبێ پەری خان!
جاپیر ئەبی پشت کۆماوە کز ڕائەوەستێ
ملوانکەکەم ئەوسا ئەڵێ: چەن خۆشی ویستی
٢
دوای خۆت ئینجا کیژۆڵەکەت ئەیکاتە گەردن
بەهاری نوێ ئەکەوێتە گوڵاو پرژاندن
ئەکەوێتە دەست کیژۆڵە کچەزاکەی تۆ
ملوانکەی وا ورد هۆنراوەم بە گەوهەر و گۆ
ملوانکەی ئەم شیعرە جوانەی ناوی تۆی تیایە
ئەڵێ: پەری نەمر ئەژی هەتا هەتایە
٣
ئەو سەردەمەی مرۆڤ بیری والای دڵداری
خۆشەویستی وردە وردە ئەڕوا لەبەر چاو
پیری دێت و مردن دێنێ بۆمان بە دیاری
کەچی جار جار سامی مردن ئەهێنینە ناو
لەژێر خاکا کەجێ خوڕەی ئاوە وا ئەڕوا
من ڕووی دەمی بیر و باوەڕ ئەکەمە لای خوا
تروسکەیەک لە ڕووناکی لە دڵما دیارە
وەک ڕووناکی ئاسمانێکە کە پرشنگدارە
٤
ئایا دیوتە مناڵەکەی سەر لوتکەی چیا
کە کەوتۆتە شوێن خوڕەی ئاو، ئەڕوا لە دنیا
جوانی ئێمەش دێت و ئەروا وەک بڵقی سەر ئاو
کەمێ مەستی، تۆزێ خۆشی، ون ئەبێ لە چاو
دێ ینە خوارێ لەسەر لوتکەی بەرزی خەوبینیین
ڕەش ڕەش ئەبێ وەک شەوەزەنگ ئاسمانی شین
دائەپۆشرێ زەردەخەنەی گشت ئەستێرەکان
ڕووەو سیس بوون، بەرەو مردن، بۆ کۆشی نەمان
لە شیعری هونەرمەندی کورد «عەلی تەرمۆکی»یە لە عەرەبی یەوە کراوە بە شیعری کوردی

پەراوێز edit