ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
٥٣. لە یادی شێخ سەلامدا
سەلام! هەزاران سەلامی گیانی لە شوێن و ناوت
بۆ یادگاری تا سەر بەنرخ و بەرزی جێ ماوت
ئاوێنەی ڕوونی دیوانی شیعری پڕ سۆز و تاسەت
ئەنوێنێ وێنەی هەستی پەنگ خواردووی دەریای هەناوت
گەرچی ئەو باوکەی کۆچی حەو کوڕی ئێسک سووکت دی
تا شیعری جگەرگۆشەت بمێنێ، ئەمێنێ ناوت
زۆر دڕکی تیژی شیعرت چەقانە گلێنەی خوێن مژ
گوڵی سەر سنگە بۆ ڕەش و ڕووتی زۆر لێ کراوت
هەڵمەتی تۆ بوو بەرامبەر «درۆی زۆری بە لێشاو»
وێڵی ڕاستی بوو تیغی زمانی هەمیشە ساوت
هێرشی تۆ بوو بۆسەر ئەفسانە و شتی پڕوپووچ
بێ ئەوەی کە وا گوێ بەیتە گرێ و قۆرتی بەر چاوت
تۆ بووی نووسەری چیرۆکی جوانی «جوولەکەی کۆڵگێڕ»
نرکە و ناڵە بوو بۆ خاک و ئاوی داگیرکراوت
ئەو هەستە گەرمەت لەڕاست بێگانە و داگیر کەرانا
جێی سەربەرزی بوو بۆ گەلی کوردی دیل و چەوساوەت
شاعیری کوردی مەستی بادەکەی ناو پیاڵەی «خەیام»
لەگەڵ هەڵبەستا ئەژی سەرەڕای چاوی لێکناوت
تۆ بووی «خەیام» و «نەخەعی»ت ناسی بە ئەدەبی کورد
لە شەوەزەنگی خەرافاتیدا تیشکی هەتاوت
گەرچی لە دنیای ئەرکی وەزیفە و ڕێی گوزەرانا
فەرمانبەرێکی بچووک بووی ئەڵێ حاڵی شێواوت
هەرچەن تۆماری ژینی تۆی نەمر دەردی سەری بوو
ژمارەی نایە دڕک و داڵی ڕێ و زیندان و داوت
مەگەر بە تەنها هەر دیوانی تۆ و هاودەردەکانت
بزانن خەم و پەژارەی خەست و دەرد و زوخاوت
گەر خوا نەخواستە تۆش هەر وەکوو زۆر لە خۆفرۆشان
بە نرخی هەرزان بتفرۆشتایە ئاوی ناوچاوت
تۆش وەکوو ئەوان تۆوی ناپاکیت گەر بچەندایە
هەڵبەت هەر تەڵای ڕووت ئەبوو بەری دێم و بەراوت
بەڵام لەلای تۆ ئەو شتەی کە پێی ئەڵێن کەرامەت
سەری بڵند بوو، وەک لووتکەی کێوی بەرز وەستاوت
شەربەتی دەستی سووری داگیرکەر کەوسەر بوایە
تۆ لەوانە بووی نەتەوێ لەجێی قومێ بەفراوت
بەستە لە دنیای شیعر و نووسین و بیر و باوەڕدا
بەرەو هیوای کورد جێی شانازی بوو بەهرەی هەنگاوت
ئەی ڕاکشاوی گردی سەیوانی ئاخ و داخی من!
چاوێ هەڵبڕە بۆ ملەکەوەی شین هەڵگەڕاوت
بزانە ئاخۆ برینی کۆنە و نوێی ئەم وڵاتە
سارێژە، یاخوو لێی ئەتکێ خوێنی جەرگی بڕوات

پەراوێز edit