ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
ئەی میوانی تازەی دنیای گەورە و فراوان
دەستی بە خێرهاتنی تۆم نایە سەر چاوان
بەخێرهاتی شەشەم چرۆی داری ژیانم
تروسکەی چاو، هێزی ئەژنۆ، ئارامی گیانم
بەخێرهاتی خونچەی ساوای گوڵباخی بونم
جگەر گۆشەی ناو باوەشی گەرمی دەرونم
لەمەڵبەندی نەبونەوە بۆ ئاسۆی ژیان
لەتاریکی نادیاری بۆ سەر دنیای گیان
لەئاسمانی نەدیوەوە بەرەو دنیای بون
هاتی بگەی بەو مەلانەی لەپێش تۆوە بون
بەڵام ڕۆڵە! تۆ مناڵی، بەرخۆلەی ساوای
بێ پرس وڕا، بێ ڕەزابون، بەرەولای دنیای
دیارە ئەمڕۆ تۆ نازانی کە ئەم دنیایە
بۆ شەپۆلی مەینەتی ودەرد ئەڵێی دەریایە
ئەوەتا من کە بۆ ئێوە وەک پاسەوانم
بۆ پەروەردەی نەمامی باخ وەک باخەوانم
بە برژانگی تیژی چاوم باخچەم ئەکێڵم
بەدەستم بێ، چۆن دڵم دێ بەجێتان بێڵم؟
تۆوی ڕەنج و تەقەڵایە لەوباخە ئەڕوێ
خونچە و چرۆی گوڵ و نەمام بەخوێن ئەپشکوێ
بە ئارەق و خوێنی جگەر نەمام ئاو ئەدەم
ڕیشەی دڵم بە پەرژینی دەوری باخ ئەکەم
بەدەستم بێ چۆن ئەتوانم لە ئێوە دوربم
بە ڕۆژ و شەو لەسەر پشکۆی ئاگری سوربم
تا تەنانەت لە شێوەی تۆش بێ بەهرە و بەش بم
منی باوک، بۆ تۆی ساوا وا بێ باوەش بم
بەڵام ڕۆڵە دڵنیابە هەتاکوو ماوم
بۆ پەروەردە و خۆشی ئێوە ئەبێ هەنگاوم
تاکوو ئێوەی نەمامی باخ گەش و تێراو بن
دڵ نایەوێ گوڵی ڕومەت سیس و ژاکاو بن
تادێنە بەر، تا پێ ئەگەن بۆ کۆڕی ژیان
ورد ورد گیانم لە ڕێتا ئەکەم بە قوربان

پەراوێز edit