زمانم با نەجوڵێنم، کە جوڵانم قسەی پێیە
لە گوللەی خۆت بپارێزە، تفەنگێکە و لەسەر پێیە
دەبا تیری قسەی ناخی دەروونی خۆم بهاوێژم
بەری و جێی تێ ئەگەم، تۆش هەر بڵێ چەند بێ سەروپێیە
بە سەربەرزی بژی تاماوی، مردوو پیاوی سەرشۆڕە
ئەگەرچی نرخەکەی باسی سەرە ژینێکی بەم پێیە
مەڵێ حەیفە مەرگ جەستەم ئەکاتە خاک و خۆڵی ڕێ
سەری سەردارەهای دوینێیە وا ئەمڕۆ لەژێر پێیە
ئەوی نازانێ ژیری بێ هونەر، تیغێکە بێ جەوهەر
لە دوو پێ زیاترە، هەرچەن بە ناهەق ناوی دووپێیە
برا پێ هەڵگرە و توێشوو نەبەردی باب و باپیرە
بەسەر ڕێگەی ژیانا کردەوەی مەردانە جی پێیە
سەرنجی پەندی کۆنت بە برای کوردم کە کون نابێ
کە مردن مردنە ئیتر چییە ئەم لنگە فرتێیە
کە ئازا جاری ئەمرێ ترسنۆکیش ڕۆژی دووسەد جار
لەژین و مردنی مەردی دڵی تۆ بۆچی کرمێیە؟
ئەوی شوێنی نەوی شایانی شانی خۆی ئەبینێ وا
لە جێگەی گەردی ژێر پێیە، سەرانسەر ژینی بێ جێیە
ئەوەش مەرگی لە ڕێگەی ژینی سەربەرزا ڕەوا دیوە
شەهادەت بەن شەهیدی باوەڕی بەرز و بەڕێ و جێیە