ئاخ بەبێ بارانی لوتفت وەک گیا چەوسامەوە
داخ وەکوو پووشێ بە جەزوەی جەزبە هەڵگیرسامەوە
لەم جەفا و جەورە ئیتر دەس هەڵگرە تۆ بی خودا
گەر لە ناڵەم تێک دەچی وا لەم خەوە وێستامەوە
شۆر و جەزبەی عالەمێ بووم من بە عیشق و شیعر و سۆز
گیانەکەم: تاوانی سەردی تۆیە وا تەوسامەوە
تۆ بە دەستی جەورەوە پچڕیت گەڵای عومرم لە چڵ
دەستی تۆم هاوڕێ بوو دیسان مامەوە و گیرسامەوە
کەوتمە ژێر پێلەقەی زوڵمی ڕەقیبی ملشکاو
بیری ئەو یارەم لەسەردا بوو چ خۆش هەڵسامەوە
ئاخ چ خۆشە سەهمی نازت بێتە نێو ئاماجی دڵ
جا لە باوەش ڕایگرم بەم قەددی قەوساسامەوە
تیری جەورت سەد شکافی خستە نێو جەرگ و دڵم
من لە سەگمەرگی نەمردم دەمبەدەم لێسامەوە
عەقڵی من حەیرانە بۆ حەللی موعەممای زوڵفەکەت
من لە ئەو هەم زیندەگیم وەرگرت و هەم تاسامەوە
یەعنی وەک ڕشتەی حەیات و بەندی جەرگ و تاڵی دڵ
کاتێ جار نامە ملی خۆم کاتێ جار بۆسامەوە
شیعری من وەک پەتکی داپیر بێبەهایە لای حەبیب
هیچ گرەی مەعنی نەما، شیم کردەوە و ڕێسامەوە
ئۆف چ خۆشە یارەکەم بمداتە بەر شەق وەک ڕەقیب
بەم غوروور و نخووەت و بەم تەبعی ناپەرسامەوە
بەختی بەدنێو چاوی تاڵ کرد لێم بە حیرمانی ئەبەد
چاری بەختی خۆم نەکرد هەرچەندە لێی خێسامەوە
ڕۆژێ وەعدی دا بە یاری ڕۆژی گوستاخیم هەڵات
شەو کە ڕووی درژ کرد ئەمن حیز بووم و هەم ترسامەوە
مانگی دڵشادیم لەگەڵ ئاوایە، وایە بەختەکەم
چیت دەوێ حاسید لە کانە و ئەسبەحە و ئەمسامەوە
خۆشە تاهیر گۆشەگیری تا جەسوورانی لەئیم
تێ نە فیکرێ هیچ لە وەزعی ئێستە و ئەوسامەوە