نەما ناوم لەناوا سا لەبەر ناوی خودا ڕەحمێ
بە حاڵی ئەم حەزینەی دوور لە یارەی بێنەوا ڕەحمێ
پەنام لای هەر کەسێ برد دەستی ڕەددی نایە سەر سینگم
دەخیلە غەوسی بەغدا ئەی پەنای هەر بێ پەنا ڕەحمێ
یەیانی دەردی خۆم لای هەر تەبیبێ کرد و نەیناسی
خوداناس و تەبیبی ئێش و دەردی بێدەوا ڕەحمێ
بەشم تێ هەڵدەیە و خواری جنێو و نەعلەت و نەفرین
لەجێی مووچە و خەڵات و مەرحەبا باوکی گەدا ڕەحمێ
بە پشتگەرمی کەسێ من چواردە ساڵ باری عەنام کێشا
کە وا خۆی بەردی سەردی داوەتە سەر دڵمدا ڕەحمێ
لە تاریکەی شەوی حیرمانەدا من وێڵ و حەیرانم
ئەمان هادی سوبول نووری خودا شەمسی سەفا ڕەحمێ
هەموو ئێسک و پەراسووم ورد و هانی بەردی ئەغیارە
سەگی دەرماڵی تۆم بێرە جواو کانی وەفا ڕەحمێ
لەکوێ وەک تۆ لە مەیدانی قەدەر گۆی سەروەری دەرکرد
هومایۆن شەهسەواری تر بە گۆچانی قەزا ڕەحمێ
لەکوێ وەک تۆ کەسێ سەرمەستی بادەی نوور و تەوحیدە
بە دەستی مورتەزا حەو جار لە کاسی موستەفا ڕەحمێ
بەجێیە گەردەنی پاکان وەکوو فەرشی قەدەمگاتە
کە شەئنی شانی تۆیە پێی شەهەنشای ئەنبیا ڕەحمێ
نەتیجەی ڕەنجی عومرێکم هەناسە و ئاه و ئەفغانە
لەبەر سوێنی درۆ و وەعدەی خیلافی پڕ جەفا ڕەحمێ
بە عیززی حەزرەتی خاتەم، شەفیعی ئادەم و عالەم
ئەمینی سیڕڕی ما أوحىٰ شەهی موڵکی دَنىٰ ڕەحمێ
بە سیدقی سینەیی بووبەکر و سۆزی باتنی فارووق
بە حەققی شەرمی عوسمان عیلم و تەقوای مورتەزا ڕەحمێ
بە حەققی عیسمەتی زەهرا کە بِضعَةی فەخری ئەکوانە
بە جەرگی لەتلەت و سەبر و سکوونی موجتەبا ڕەحمێ
بە خوێنی حەڵقی تینووی ئەو کەسەی وا مەرقەدی پاکی
وەکوو کەعبەی فەقیرانە لە شاری کەربەلا ڕەحمێ
بە حەققی جەمعی ئەسحاب و ئەئیممەی پاکدین لوتفێ
بە ئەقتاب و مەشایخ ئەسفیا و ئەزکیا ڕەحمێ
بە حاڵم سا بە حاڵم قیبلەگاهم گۆشەیی چاوێ
لەگەڵ من سا، لەگەڵ من شاهەکەم، تۆ بی و خودا ڕەحمێ
بە هاژەی باڵەکەی خۆت بازی ئەوجی لامەکان جارێ
بە ئەم پۆڕە خوراوەی کەوتووەی بێ دەست و پا ڕەحمێ
شەهەنشاها ئەتۆی میخدەع مەقامی زوروەیی عیززەت
بە حاڵی تاهیری پەستی زەلیلی ڕووسیا ڕەحمێ