زمانی شەوقی من کۆتایە، سا ئەی خامە تەحریرێ
بە هانام گوێی نەدا دڵبەر، دە زوو بە ناڵە تەئسیرێ
لە عیشق ئەو مانگە ڕسوام سا بە دڵسۆزی بکەن چارەم
کە شێتیم ئاشکرا بوو، نۆرەتە سا عەقڵە! تەگبیرێ
موسڵمانی لە دەستم دەرچووە کافر وەرە ڕەحمێ
ئەمن دەیری دوو چاوم، زوڵفی پڕ چین! هێزی زەنجیرێ
هەتا کەی بیری ئازارم، فەلەک جارێ مودارایێ
بە کامی دوژمنان سا کەم بچەرخێ، چەرخە دەی بیرێ
لەگەڵ مندا جەفاکارە و لە گەڵ ناحەز وەفاشێوە
لە دەس چو عەقڵ و عیلمم، شێخی خۆم ئامانە، تەفسیرێ
لەبەر ئارامی لەش وەسپی ویساڵێ، دۆستان جارێ
لەبەر تەسکینی دڵ باسی جەماڵێ، بیرە! تەسویرێ
بە کوێ ئەو دڵبەرە عومرێکە ڕێم نادەن ئەجەل ڕەحمێ
کە دڵشاد بم بە پابۆسی، دەخیلە، مەرگە! تەئخیرێ
ئەمن تاساوی تاسەی دڵبەرم یاریم دە ئەی تالیع
دڵم وێرانی هیجرانە فەدات بم وەسڵە تەعمیرێ
نییە قاسد بباتە لایی دڵبەر عەرزەکەی تاهیر
بە قوربانی دەمت سروەی نەسیمی سوبحی شەبگیرێ