ئەمان لەو کاتە کە یارم بە عیشوە لەنجە دەنوێنێ
هەڵئەستێ، هەڵدەکا چاک، مەی دەڕێژێ، ساغەر ئەشکێنێ
دەچێت و من لەسەر ئاگر ئەبرژێم ئاخۆ کەی بێ ئەو
دووبارە بێتەوە، حەققم لە دەستی هیجر بستێنێ
کە کێشای خەنجەری ناز، دەس لە من هەڵگر نییە تاوێ
مەگەر دەستی شەکەت بێ و شێوەیی مروەت بەجێ بێنێ
فدای ئەو مەستییەم وا ڕێگەیی مەیخانە کەج ناکا
لەگەڵ شەحنەش ئەگەر تێهەڵ بچێت و دەستی بسپێنێ
چ قەسرێ بوو خودایا دوێنێ شەو من گەیمە قاپی ئەو
کە دەربانی بە قەیسەرداغی چەندین ساڵە دەڕژێنێ
لە ترسا مانگی چواردە مووی هەموو ئەعزای ئەبێ سنگ سنگ
هەتاوی من لە ئاسۆی حوسنەوە گەر ڕوویی هەڵبێنێ
لە خوێنی خۆت دە تاهیر جامی بادەی نابی بۆ تێکە
کە بادەی خوێنی تۆی گەر دەس کەوێتن ناچێ بۆ شوێنێ