ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
٢٤. بەهارە ئەی یار نازەنین پەیکەر
بەهارە ئەی یار نازەنین پەیکەر
تاوێ لە هۆدە سەر بهێنە دەر
نەسیمی بێنخۆش شۆخی بەهاری
تا بن مێشکی دڵ دەکا موعەتتەر
وریجەی شەونم لەسەر بەرگی گوڵ
ئەڵماسە لەدەور یاقووتی ئەحمەر
چەمەن بوو بە داخ نەقاشخانەی چین
لەبەر ڕەنگی گوڵ لەسەر سەوزە تەڕ
لە هەموو لایێ کۆگا بووە گوڵ
هەر گۆشە پڕە لە مینا و ساغەر
گوێی هەر شەتاوێ لەبەر خەیمەی گوڵ
وەک نەخشی مانی هۆش دەبا لە سەر
خەیمەی پیرۆزە ئەڵماس دەبارێ
لەسەر زمڕووتی کێو و دەشت و دەر
داران ڕاست و ڕێک بە کەیف و پاراو
گوڵی سوور بەسەر جلی سوور لەبەر
لەسەر لقی گوڵ بولبول بە ئاهەنگ
ئەڵێ بۆخۆشی: بڕیارە بێ گەر
گوڵووگ لەسەر چڵ دەمی کردەوە
وەک دەمی ساوای جوانی نازپەروەر
نازانم شەتاو یام خۆ بادەیە
یام بەهەشتە و حەوز پڕ شیر و شەکەر
لە نەغمەی بولبول بەسەر غونچەدا
مەینۆشان شەیدای دیداری دڵبەر
تا چاو کار ئەکا گوڵ و سەوزییە
سارا و سەرزەوی ئەمپەڕ تا ئەوپەڕ
وەکوو فرمێسکی عاشق بۆ ئازیز
تافان دەڕێژن بە خەرمان گەوهەر
لەسەر هەر جۆگە یارانی گوڵڕوو
وەک حۆری بەهەشت لەدەوری کەوسەر
لەناو باخاندا مەست و دەس لە مل
بێ خەمی دنیا دڵدار و دڵبەر
بزە لەسەر لێو هەر دوو دەس لە مل
بۆی هەناسە خۆش چفە بێ خەتەر
نەسیم زوڵفی یار پەخش ئەکاتەوە
جوانتر لە چنێر بەڕەزای سەر مەڕ
عاشق وەک زرێ دەیخاتە سەر شان
ئەڵێ ڕۆستەمم کوڕی زاڵی زەڕ
بەهاری تازە و کاتی جوانی
چی لەمە چاتر ئەی یاری باوەر
بۆی شنەی بەهار عەتری زوڵفی لەیل
خۆشتر لە نافەی موشکی ئاهووی بەڕ
سارا و سەرچیا دۆڵ و شیو و چەم
هەڵدێرگە و سەرکێو کاچ و ماوکەمەر
هاتوەتە زمان بە ناڵەی مەلان
چاک گوێ ڕاگرە ئەر نیتە باوەڕ
فەسڵی بەهاران کاتی شاییە
خۆش بە با نەچێ عومرت بە هەدەر
سەیری نەوگوڵان زەرد و سپی کە
بێ خەیاڵی خام کۆگای سیم و زەڕ
وادەی بەربەیان هەناسەی نەسیم
پڕشنگی ڕوومەت ئەستێرەی سەحەر
لەم بەهارەدا ئەر بە ئیخلاس بی
نوور ئەخاتە دڵ بە دانای داوەر

پەراوێز edit