ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
١٧. یاری من ڕەنگی ڕۆژگاری گرت
یاری من ڕەنگی ڕۆژگاری گرت
ئایەنەی خاترم غوباری گرت
لێوی ناکەس لە لەعلەکەی ئەنگووت
لێوی من لەم جەفایە باری گرت
سەروەکەم هاونشینی کۆڵەبییە
گوڵبونم ڕەنگ و بۆی خاری گرت
بۆ مژینی ڕقیی پڕ سەفرا
سەروی باڵای لە کۆی هەناری گرت
بۆ مەزاجی منی حەزینی سەقیم
نەیشەکەر چی بوو، زەهری ماری گرت
ئاخ لە دەس چاوی پڕ لە کینی حەسوود
چاوی بەختم غوباری تاری گرت
جارێکی دڵبەرم بە میهر و وەفا
حورمەتی عاشقی هەژاری گرت
جارێکی ڕەهبەرم بە ڕەسمی قەدیم
ڕێی سەفا و عیززەت و وەقاری گرت
من بەدەس دۆسی خۆمەوە فەوتاوم
هەموو دوژمن لە من کەناری گرت
مەدەدی ڕۆحی غوث الاعظم بوو
لایەنی خەستەیی فەگاری گرت
ئەو کەسە وا لە فەیزی ئەنفاسی
فەسڵی سوننەت شکۆی بەهاری گرت
ئەو کەسەی وا لە حەڵقەیی دەرسی
عالەمی عیلم ئیعتیباری گرت
ئەو کەسەی وا لە عەتری ئیخلاسی
شیعری تاهیر شنۆی تەتاری گرت

پەراوێز edit