بێنەوە قەومینە چارێ وا بەڵایێ هاتووە
تایەفەی کەر لێلمان ئیعلانی حەربی کردووە
هەر وەکوو جنسی یەهوودی لێل عەرەبدا شەڕ ئەکا
چی کەری ئەهلی عیراقە گشت لە ژێر بار دەرچووە
گەر دەپرسن چۆن ئەزانیت من کەرێ سوورم هەیە
پیاوەکەم چوو باری کا سەیری ئەکەم جرتەبووە
هەر چی هەوڵم دا نەهاتە ژێر ئیتاعە و ڕام نەبوو
ناعلاج خۆم لێم سوال کرد بۆ چی وەزعت تێک چووە
زۆر تەقالام کرد لە تەکیا وای جواب دام ئاخری
پێی گوتم ئەی بێ مرووەت بۆ چی خۆت وێڵ کردووە
جۆ لە خەڵقی ئادەمۆ تا ساڵی پار و ساڵی حاڵ
ڕزقی ئێمە بوو کە چی وا ئێوە زەوتتان کردووە
دوانزە مانگە ڕەنج ئەدەین نۆبار ئەبەین نۆ کار ئەکەین
شەو بە شەو لای ئێوە ڕزقی ئێمە دوو گوێل جۆ بووە
وا لە ساڵی پارەوە ئەو گوێلە جۆیەشتان بڕی
بۆ خۆتان ئەیکەن بە نان و ئێمەتان گشت کوشتووە
نەک بە تەنها من ئەمین بە هەرچی کەر هەین لە عراق
حەفتەیێ پێش ئیستە یەک جار عەهد و شەرتمان کردووە
تا وەکوو یەک کەر بمێنێ یا یەهوودی زیندە بێ
دوژمنی کورد و عەرەب بین پاشگەزیش نابینەوە
ئێستە وا ئێوە و خوا ئەی کاردارانی عراق
چارەیی ئەم کارەکەن، چون زۆر خراپ ڕێک کەتووە
بێت و جنسی کەر لەگەڵ قەومی یەهووددا ڕێک کەون
هەر لە کورد تاکوو عەرەب یەکجاری مەحو ئەبێتەوە
چونکی چی کارمان هەیە گشتی بە کەر تەکمیل ئەبێ
عوشرەت و کەیفی هەموومانیش بە مێنگێنەی جووە
جوو ئەگەر لێت بێت بە دوژمن نامێنێ کەیف و سروور
کەر ئەگەر عاسی بێت بێژن کەسابەت مردووە