ئاڵەکۆک

مینە جاف add_a_photo
مینە جاف دیوانی مینە جاف
٧٢. ئەی لایە لایە حەسەن لای لایە
ئەی لایە لایە حەسەن لای لایە
لە خوام تەڵەبە بگەیتە پایە
پایەت بڵند بێ بەرز بێ مەقامت
بەو شەرتە سەربەرزیی کورد بێ مەرامت
غایە و ئاماڵت حوڕڕیی کوردان بێ
ڕۆحت فیدایی ڕێی نیشتمان بێ
چاوت لە بەرزیی ژینی وڵات بێ
گیان بەخت کردن لە لات خەڵات بێ
کۆرپەم گوێ بگرە لە دەنگی دایە
بە دڵی خوێنین بۆت ئەکەم لایە
پەردەی دڵەکەم پڕ لە خوێناوە
بۆ زەلیلی کورد جەرگم بڕاوە
هەی لایە لایە حەسەن لای لایە
لە ژێر دەستی زوڵم دەر بچووینایە
کۆرپەم نازانم بۆچ خەوت نایە
ئێشی زەلیلی کورد لە دڵتایە
بۆیە من شیری سپیت پێ ئەدەم
بە خوێنی جگەر پەروەردەت دەکەم
سەر و گیان و ماڵ گشتی فیداکەی
قەومەکەت لە ژێر شەقان ڕەها کەی
ڕۆڵە پێت ئەڵێم تۆ کورد زوبانی
تازە نەمامی باغی کوردانی
دەخیلت ببم کۆرپەی نەخشینم
تازە گوڵغونچەی گوڵزاری ژینم
کە پێ گەیشتی ئەمەت تەگبیر بێ
ئەم کزی کوردەت دایم لە بیر بێ
قەت تەخسیر نەکەی بە ڕۆح و بە گیان
تا وەر ئەگری تۆڵەی کوردستان
ئەی لایە لایە حەسەن لای لایە
نازانم بۆ چی تۆ خەوت نایە
ئەڵبەت تۆش وەک من دڵ پڕ برینی
بۆ کوردی بەدبەخت جگەر پڕ خوێنی
ئێشی کوردستان تۆ لە تۆی دڵتە
بۆیە بەم شەوە تەپاوە تلتە
حەسەن من هیوام وایە بە یەزدان
زوو بێیتە بەرهەم بە عەقڵ و عیرفان
ببی بە ئەسباب بۆ یەکێتی کورد
گەردەنی نیفاق بشکێنی ورد ورد
ڕۆڵە بۆ دنیا چاو لە خوار نەبی
دوژمنی هۆزت بۆ ئەغیار نەبێ
نەبی بە خادم فکری ئەجنەبی
قەومت نەفرۆشی بۆ سەر مەنسەبی
ئەی لایە لایە حەسەن لای لایە
لەم گێژەی غەمە کەی دەرچووینایە
فەهیمە خانی هاوسەری کەریم بەگ لایە لایە بۆ حەسەنی کوڕی ئەکات

پەراوێز edit