ئازیز تۆ پرشەی هەسێرەی چاوت
تۆ چین زەنار پەرچم خاوت
تۆ بەژنی باڵای نەو توول لاوت
ناوت نازانم پێم بێژە ناوت
خۆ من فەرەنگ نیم کەوتوومە داوت
بەو مەرجەی جەلای جام جەمینت
بە قەترەی عارەق گۆنای شیرینت
بە ئاوی حەیات چاڵەکەی تینت
بە خەتی ئایەت خاڵەکەی شینت
لە سەر کام دینی تێمە سەر دینت
بۆ بۆی عەتری خاو غونچەی لێوەکەت
تۆ گردی و تامی چەنەی سێوەکەت
تۆ شەدەی لاری شل و شێوەکەت
نایێمە نزیک لە بەر خێوەکەت
تاراکەت لادە بۆ نیم شێوەکەت
قەسەمت ئەدەم وە قەوس ئەبرۆ
وە پەڕەی گوڵباغ سەر کوڵمی گوڵ بۆ
وە زەردی و کاڵی سووراییی سەرەرۆ
تاوێ وە لاما لایێ کەرەرۆ
گیان و سەر و ماڵ پێشکەش بێ بۆ تۆ
داگیرت کردم وە نیو نیگای ناز
تێکت شکاندم هەر وەکوو شاباز
من سوێنت ئەدەم شۆخی مەکرباز
وە عشوەو غەمزەی وە دیدەی تەناز
تاوێ بێرە لام مەیکە بانگەواز
سوێنت بۆ ئەخۆم تا ڕۆژی مردن
فدایی تۆوم بۆ گیان بەخت کردن
تۆ زەردی گوارەی پەخشی لای گەردەن
لەبەر تانەی عام گشت دۆس و دوژمن
بێ تاقە تاوێ دانیشە لای من
دیوانە و عەوداڵ بەژنی ئاڵاتم
عاشق وە جوانی ڕەنگ و کاڵاتم
من شێت و شەیدای قەد و باڵاتم
بە سەرگەردت بێت سەر و ماڵاتم
بۆ چی ناپرسیت چۆنە حاڵاتم
دولبەر تو خوا تا کەی سزام بێ
تا کەی بێ مەیلیت بار و جەزام بێ
تا کەی جەرگ و دڵ پڕ زۆخی زام بێ
دووریت ئێش سەخت دووری ئارام بێ
بمدەرێ ماچێ با بەس فیزام بێ
مینە واز بێنە لەم وتە و باسە
بۆ خوا پێت ئەڵێم بۆ تۆ وا خاسە
باش بیگریتە گوێ ئەم قسە ڕاسە
بیزانە دولبەر خوانەناسە
هەزاری وەک تۆی کوشتووە بە تاسە