پێم بڵێ جانا کە تۆ قەد عەرعەری یا گوڵ بەنی
قامەتت توبایی جەننەت یا کوو سەروی گوڵشەنی
یاسەمەن یا نەستەرەن یا سونبولە گێسوویی تۆ
چاوی مەستت پیاڵەیە یا نەرگسی ناو چیمەنی
لالەیی گوڵباغە مانگە یا کوو خورشیدە ڕوخت
ئەختەرە یا ئەخگەرە یا ڕەنگی لۆکسی جەرمەنی
هەر لە ئەووەڵ ڕۆژی دەوران تاکوو ئەمڕۆ دیویە کەس
ساکنی سەر بەردی ڕەخشان دوو هیلالی سۆسەنی
دوو هیلال و دوو شەو و دوو سوبحی سادق ڕێک کەون
چینی زوڵف و ئاو و ڕەنگی کوڵم و ئەبرۆی پڕفەنی
گەردنت پیاڵەی بلوورە یا گێلاسی ئەحمەرە
لێوت یاقووتە عەقیقە یا کوو لەعلی مەعدەنی
دوو مەمە و دوو سێوە یا دوو پرتقاڵی خۆشمەزەن
یا دوو گۆی زیوە و لە ناو زیوایە جێگە و مەسکەنی
دێنە جەولان گاهێ ناز و چاوت بۆ سەیدی دڵان
ڕۆح و دڵ ئەوگار ئەکەن قوروان بە غەمزەی پڕفەنی
مینە زوڵفی چین بە چینی یار لە سەر خورشیدی ڕووی
شەمسی ڕەخشانی خەیاڵت کرد بە بشکن بشکنی