ئاڵەکۆک

مینە جاف add_a_photo
مینە جاف دیوانی مینە جاف
١٦٦. وەرن دووبارە بە زامی نۆوە
وەرن دووبارە بە زامی نۆوە
لە گشت وڵات و هاوڕێ و گرۆوە
بە ناڵە و زاری بە زایەڵەی شین
بڕێژین لە چاو فرمێسکی خوێنین
بۆ کۆس ئەڵکۆسی شاری کوڕ مردوو
بۆ گەنجی ناکام لەش لافاو بردوو
بە ناڵین، بە گرین، بە دیدەی نمین
هەموو سیاپۆش قڵاخی نشین
بۆ وەیشوومەی شووم لافاو و باران
ڕووی کردە شاری جگەر ئەوگاران
بۆ ئەو لاوانەی وا هیوامان بوون
هیوای سەرکەوتن ڕۆژی دوامان بوون
کە وا کوژریان بە گوللەی بێ دەنگ
بێ شیر، بێ خەنجەر، بێ بۆمبا و تفەنگ
ئای لەم نەگبەتەی ڕووی کردووە تێمان
کێ کوڕت بکوژێ و لافاو و باران
دوژمن نادیار خوێ نەخوێی بێ خوێن
لاوانت بڕوا بێ تۆڵە و بێ خوێن
ئەی سلێمانی ئەی شاری شێران
فەخری کوردان و جێگەی دلێران
کام ئافەت نەبوو نەیدا بە سەرتا
کام ڕۆژ خوێنی کورد نەڕژا لە بەرتا
بۆمباردومانی تەیارەی دوژمن
چەن قەسر و قەڵای ڕووخانی لە بن
چەن کوڕی شۆخی نەونەمامی تۆ
خوێنیان ڕژیا لە بەر سەرای تۆ
ئازێت وەیشوومەی پار و ئەم وەختە
توێژی نەبەستووە ئەو زامە سەختە
ئەوا دووبارە بە مەرگی لاوان
بە لاشەی بێ شوێن، بردووی لافاوان
هێناتۆ ئاسۆ زامی کۆنە و نۆ
گەرمە شینیە گشت کوردێ بۆ تۆ
بۆ چی نەگبەتی کەوتە هەر وڵات
جیای ئەکاتەوە لە گشت سەربسات
وە ئەی نا دونیا بە فەسڵی بەهار
ئەڕازێنێتۆ دەشت و سەر کوسار
تۆ هەموو ساڵێ پاییز ئەجۆشی
خۆت بە خوێنی گەش لاوان ئەپۆشی
ئەنووسین بە ڕەنگ فرمێسکی خوێنین
مانگی بێ و حناد و نون و زێ لە ژین
بۆ لافاوەکەی ١٩٥٧ی سلێمانی

پەراوێز edit