وا بەهارە دولبەرا قومری بە سەروێ شاد ئەبێ
هەم لە ئێشی دەردی دووری بولبولیش ئازاد ئەبێ
گەرمی بازاری ڕوویی گۆڵ وا خەریکە بێتە جۆش
ئەگریجەی سونبول لە گوڵشەن سوبحەدەم تاتا ئەبێ
وا کەوای سەوزی لەبەر کرد سەروی جۆباری لە باغ
گوڵ بەنەوشە بۆنی عەتری بۆ گوڵان ئیفشا ئەبێ
شەست پەڕیش لای داوا ئەمڕۆ وا لە ڕووی پەردەی حەیا
لالە و خاڵی کوتاوە ڕەغبەتی ئەفزا ئەبێ
وەختی عیشوە و وەسڵە گیانە ئێشی دووریت لا ئەچێ
زامی جەرگی عاشقان ساڕێژ و بێ ماوا ئەبێ
ئەو بەهارە ئەمڕۆ گوڵشەن زۆر سەفاگاهی خۆشە
فەرموو ئەمڕۆ با بچین سەد دڵ دڵی شەیدا ئەبێ
عاشقی سەروم عەزیزم مائیلی ڕەنگی گوڵم
بەستەیی تای سونبولم ڕۆحم چ وەخت ئەحیا ئەبێ
دڵ فگار و سینەزار و دڵ بە خوێنم دائیما
هەر وەکوو بولبول ئەڵێم ساکەی گریێ دڵ ڕا ئەبێ
غەمزەیی دیدەت نیگارا وا دڵی کردم بە خوێن
عیشوە و غەمزەی فەتانت ئاری لێ پەیدا ئەبێ
پێم ئەڵێن مینە نەسیحەت بگرە گوێ، بۆ بووی بە شێت
لەو دەمەی لۆمەم ئەکەن من شیوەنم بەرپا ئەبێ