سەیری ئەم باڵا دەڵێی سەروی هەڵچووە
پەرچەمی خاوی دەڵێی وا سونبولە پەخشان بووە
کێ ئەمەی دیوە ڕەفیقان وام لە بەحری حیرەتا
وا لە ناو بەدری دوو هەفتم دا هیلالی یەکشەوە
زوڵفی وەک زوننارە ئاڵاوە لە دەوری شەمسی ڕووی
ئەی مەلا ئێوە و خوا، کافر ئە جەننەت کەی چووە
خاڵی مەفتوونی لەسەر سەفحەی گوڵی کوڵمی ئەڵێی
هیندویی ئاگر پەرەستە سەر قوبەی نوور کەوتووە
هەر ئەڵێی لەعلە کراوە نەسبی ئاوێنەی بلوور
لێوی ئاڵی حەق کە نەقشی ناو خۆری ڕووی کردووە
خۆ ئەڵێی ئاوی حەیات چەشمەی لە ناو تاریکییە
وا بە عەکسی شەوق ئەدا لەو غەبغەبە نوورینەوە
بێرەوە مینە تەماشا کە لەمە سەودا سەرم
سەیریکە بڕوانە عەرعەر پرتەقاڵی گرتووە