پیری ژیر ئەی خاوەنی ژین و ژیان
ئەی یەکە دڵسۆزی خاکی نیشتمان
هەوڵ ئەدەی بەم پیرییە کوردی هەژار
سەرکەوێت و دەرکەوێت بێتە مەیان
تۆ لە ڕێی زانستی یا بۆ هۆزەکەت
ناتە ئەستۆی خۆتەوە ئەرکی گران
دانەیەک ڕۆژنامەی کوردی نەبوو
ئەودەمە دەنگی ژیان کەوتە جیهان
دەنگ و ڕەنگێکی هەبوو پڕ سۆز و جۆش
وەک جگەر سووتاوی ژێر دەستی زەمان
هێندە دڵ پڕ کوڵ بوو بۆ ڕێی یەکیەتی
بووبووە بەیداخی بەرزی کاریان
ویستیان لەو جێگە بەرزە ڕای گرن
خۆت فڕاندت تا گەیشتە جێی ئەمان
جاری دوایی هاتەوە ئەمما چلۆن
جوان و شیرینتر لە جاران بێگومان
غایەتی هەر ناوی خۆی کردبووە ژین
وەرنە ئامانجی وەکو ئەو بێ زیان
پڕ لە ئەشعار پڕ قسەی کور؟ د
پڕ لە باسی عەنعەنەی چەرخی بەیان
پڕ لە باسی ڕاستی و دۆستایەتی
پڕ لە باسی کردەوەی شیرین و جوان
سەد سوپاس ئەمڕۆ لە چەرخی بیستەما
خۆی گەیاندە ساڵی بیستەم بێ وچان
پیری ژیر عەرزت ئەکەم تاقانەکەت
جێگەی شانازییە بۆ کورد زوبان
چاوەکانت ڕوون کە ئەمڕۆ جەژنتە
جەژنی ئەو پیرۆز و کوردیش کامەران