شەوێک ناوجەرگی ئاسمان ڕۆشن بێ
وەک قەڵای مەردی دۆست و دوژمن بێ
ئەستێرەی ئاسمان بە جریوەجریو
پرشنگ بگرنە کەژ و دۆڵ و شیو
بووکی مانگ لە کەل چاو هەڵبهێنێ
تریفە تریف ڕووی خۆی بنوێنێ
جار جار لە ناکاو کزەی بای شەماڵ
ببێتە هاوڕێی سایەقەی ساماڵ
گیانلەبەر لەژێر تارای شەوا بێ
سەرجەم لە گرمە و پرخەی خەوابێ
ئاواتم وایە لەگەڵ نازدارێ
هەردوو یەک بگرین لەناو گوڵزارێ
کام نازدار ئەوەی ئەگەر پێی شادبم
لە بەندی خەم و خەفەت ئازادبم
وەکوو دوو دڵسۆز هەتا بەیانی
سکاڵا بکەین بە شادمانی
لەسەر مەخمەڵی گیا و سەوزەڵانی
شەونلخون کێش بین بۆ کامەرانی
شەرابمان عەتری پەڕەی گوڵان بێ
ساز و سەمتوورمان دەنگی مەلان بێ
مەزەمان ماچی لێوی نازدار بێ
پەرداخمان پیاڵەی چاوی دڵدار بێ
لەبەردەممانا خوڕەی ڕووبار بێ
لە چاوی مەستی هەستیم لێ دیار بێ
ئای چەندە خۆشە لای منی هەژار
ئەو شەوە بۆ خۆم ئەژیم بەختیار
سەرم کەڵکەڵەی ژیانی نابێ
دڵم ئارەزووی جیهانی نابێ
سامانی زۆرم نایەتە بەرچاو
بیرم دوور ئەبێ لە خەیاڵی خاو
سا فەلەک خۆ تۆ خۆشیت هەیە و ئێش
هەلێکی وەهام بۆ بێنەرە پێش
با شەوێک لە سای تۆدا وەک شابم
تووشی ئاوات و بەرزی هیوابم
بەڵام سەد ئەفسووس بۆ تۆی نالەبار
ڕەگی پیاوەتیت نابزوێ یەک جار
کەواتە تەنیا ڕێی ڕاست و گوشاد
مردنە بمکا بەو ئاواتە شاد
تا ئەوسا گیانم لە سزادایە
ژینی گیان لەوێ جووتەی هیوایە