ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
سەر لە بەیانی کە لە خەو هەستام
بۆ خۆ ڕێکخستن کوڕێکی وەستام
ئیتر لەبەردەم باڵا ئاوێنە
ئەکەومە گرمە بگرە و بۆم بێنە
تاوێک گیرۆدە بە ڕیش تاشینم
دەمێک خەریکی موو هەڵپاچینم
دوای ئەوە ئەچم سەر و ڕووم ئەشۆم
سەرم دابێنم چیم هەبێ ئەیخۆم
لەبەر ئاوێنە هێندە بەتینم
ساتێکم ئەوێ بۆ جل گۆڕینم
ئنجا کە وێنەی خۆم دێتە بەرچاو
ئەڵێم بوومەتە لاوێکی تەواو
خۆم بە خۆم ئەڵێم وا بووم بە ئینسان
ئەتوانم بچم بۆ گەشتی شاران
بەڵام پاش نەختێ کە ئەچمە بازاڕ
هەندێ تووش ئەبم لە ئەهلی ناوشار
هەرچەند بە سوورەت وەک من باڵا نین
بەڵام بەسیرەت دڵسۆز و گیانین
ڕووخۆش و هێمن زوبانیان شیرین
بۆ فەرمانی خەڵک دەم بە پێکەنین
هەر ساتەی ئیشێک ئەگرنە ئەستۆ
کە سوودی هەبێ بۆ بێگانە و خۆ
هێندە لاوچاکن بۆ بێ دەسەڵات
هەوڵ ئەدەن بۆیان بگەنە ئاوات
کە ئەوانەم دی دڵم دێتە جۆش
ئەچمەوە ماڵێ هەروەکوو سەرخۆش
لەبەردەم باڵا ئاوێنەی ناوماڵ
ئەکەومە دەریای بێ بنی خەیاڵ
تێ ئەگەم بەرگی نهێنیم ماوە
وەکوو ئەمەیان جوان ڕێک نەخراوە
جا بەدڵ ئەڵێم ئەی مینای گوڵگوون
تۆ بۆ من دەرخە ناڕێکیی دەروون
بزانم ڕاستم یاخۆ چەوێڵم
ناشیرین یاخۆ شیرینی خێڵم
وەک سەرم بۆنی ئەڕوا بیست هەنگاو
وڵات پەرستیش ئەزانی تەواو
وەک دەم و چاوم بریقەدارە
پرشنگی زانین لەناویا دیارە
وەک بە دەم ئێجگار قسەم بەسۆزە
ئامانجەکەشم پاک و پیرۆزە؟
وەک دانم سپی لێویشم ئاڵە
مژینی خوێنی کورد لایان تاڵە
وەک مل هەڵپێچێ سوورە وەک خوێناو
بۆ ڕێی سەربەستیش خۆی ئەخاتە داو
وەک گوڵی یەخەم جوان و بێ گەردە
دڵیشم وایە یاخۆ پڕ دەردە
وەک لەپێش ئیشا جگەر خوێنینم
کە چوومە سەرئیش باشی ئەبینم
بەڵام سەد ئەفسووس هەرچەند ئەڕوانم
ئەوانەی وتم نایدا نیشانم
خۆزگە مینایەک ئەبوو پاک و ڕوون
نیشانی ئەدام ناڕێکیی دەروون
تا وەک خەریکی سەر و ساچاخم
کەمێک خەریک بم لەگەڵ دەماخم
لەبەر ئەو ڕێک خەم کردەی ناشیرین
بەرگێک بپۆشم سەرتاپا ڕەنگین
ئەوسا ئەمبینی هێندە لاوچاکم
لە کوردستانا کوڕێکی تاکم
ئیتر ئاوێنەم بۆ ئەبوو بە دووان
ئەو بۆ ئاشکرا ئەم لە بۆ نیهان
ئەو وەختە زۆر جوان ئەهاتمە بەرچاو
ئەگینا هێشتا ماومە ببمە لاو

پەراوێز edit