بام ڕۆژانەکەم یەک دوو قڕان بێ
خواردنم وەکوو سەپان و شوان بێ
با لەشم ڕووت و دەردم گران بێ
بەڵام تا مردن بێ درۆ کردن
عەشقی نیشتمان دەرناکەم لە گیان
بام بۆ زۆرداران بچەوسێمەوە
با لە بێگاریان نەحەسێمەوە
شپرزە نابم هەڵ ئەسێمەوە
چونکە تا مردن بێ درۆ کردن
بەرزیی وڵاتم بۆتە ئاواتم
هەرچەند جێگەی خەڵق کۆشک و تەلار بێ
جێی منیش قۆختە و زنج و دەوار بێ
بەڵام پێویستە کە شوێنم دیار بێ
بە بوون و نەبوون بە پەستیی گەردوون
لە خزمەت کردن نابم تا مردن
بە قسە و نووسین بە دەست و زوبان
هەوڵ ئەدەم کوردی نەبەردی زەمان
بخەمە سەر ڕێی بڵندی ژیان
هەتا کورد زوبان لە خۆشیی ژیان
بێ بەهرە نەبن چ پیاو و چ ژن
ئەمەوێ عالەم تێ بگەێنم
بیری نوێ لەناو کوردا ئەچێنم
ڕەگی بیری کۆن لەبن دەردێنم
دەسیسەی ناپاک ئەنێمە ژێر خاک
ئاواتی دوژمن دەردێنم لەبن
نامەوێ بژی کۆنەپەرستی
ئاو ئەدەم بە خوێن گوڵی سەربەستی
پێم قووت نادرێ دیلی و ژێر دەستی
بە دەنگی دلێر وەکوو بێچووە شێر
هاوار ئەکەم من بڕووخێ دوژمن
بەڵام پێویستە ئاوەڵەکانم
بە کوڵ ئەوانیش شان بەنە شانم
بۆ بەرزیی کورد و بۆ کوردستانم
هەتا پیر و جوان یەکدڵ یەکزوبان
بەختی نەکەین خۆ نابین سەربەخۆ