لە دەوری پیری مەیخانە، سەدایی موتریبان با بێ
لە تاریکی شەبی هیجران، چرای دەفعی خەمان با بێ
لە ناو بەزمی حەریفاندا، لە زومرەی بەزمی ڕەنداندا
لە ناڵینی غەریباندا، دەوای دەردی دڵان با بێ
لە بەر ناڵەی حەزینی من، لە بەر شین و گرینی من
لە بەر دەردی برینی من، نەسیمی هەم زەبان با بێ
غوڵامی سەروی باڵاتم، ئەسیری زولفی تاتاتم
شەهیدی چاوی شەهلاتم، قڕانی ئاشقان با بێ
لە هیجرانی خەزان تا کەی، بە ئومیدی گوڵان تا کەی
لە نەغمەی بوڵبوڵان تا کەی خوا فەسڵی گوڵان با بێ
زەمانە بەزمی ڕەندانە بدە ساقی بە پەیمانە
لە بەر تەعزیمی مەیخانە بڵێن پیری موغان با بێ
نەماوە حاڵەت و ژینم لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم
ڕەفیقان بێن بکەن شینم، سەدای گریە و فوغان، با بێ
کە تاهیر قوڕ بە سەر ماوە، سەراپا غەرقی خوێناوە
ئەڵێن دووبارە کوژراوە، تەبیبی حازقان با بێ