ئەلا نازر ئەگەر ئەهلی کەماڵی
تەماشا کە لە کاتب چۆنە حاڵی
لە خەتتی ڕەخنە مەگرە بێ میسالە
بکە تەحسینی گەر شیرین مەقالی
دڵی کاتب عەجەب غەمگینە ئەمڕۆ
کە سەیید بۆ تەماع بووەتە مەوالی
کە دنیا لەم زەمانە بۆ کەرانە
خوسووسەن لۆتی ڕەنگ و لائوبالی
ئەوی عاریف بێ ئێستا دڵ مەلوولە
بەدائیم کۆمە پشتی وەک هیلالی
من و تۆ تێ ئەگەین دائیم فەقیرین
بڵێم چی کەللەخاڵیش بووەتە والی
فەقیری بووەتە جببە و چۆتە بەرمان
ئەمین بین تازە نابینین زەوالی
بە هەر بارێ بوو تەلقینمان تەواو کرد
بە یاریدانی لوتفی لایەزالی
بە پوولێ نایەوێ دنیا کە ئینسان
ئەگەر بێ خوا بکا خێر بێ مەئالی
لەلای هەر خۆشە موحتاجیش بە شەرتێ
کە ئیمانی سەلامەت بێ ویساڵی