غەریقی بەحری عیسیانم، اغثنی یا رسول الله
حەریقی ناری نیسیانم، اغثنی یا رسول الله
لە میوەی نەخلی بوستانت عەجەب مەستوور و مەهجوورم
هوزارئاسا بە ئیفغانم، اغثنی یا رسول الله
ئەگەر مەللاحی ئەلتافت نەنێری بۆ منی عاسی
سەراپا غەرقی تۆفانم، اغثنی یا رسول الله
ئەوا بەفری - - - کێوی ئەعزامی هەموو داگرت
بە حەق موحتاجی بارانم، اغثنی یا رسول الله
مەتاعی دڵ، قەناعەت بوو، چەتەی نەفع و تەمەع بردیان
ئەوا نابووت و عوریانم، اغثنی یا رسول الله
لە ڕووسووری عیبادەت بووم و ڕووزەرد و خەجاڵەت مام
زەلیلی باری هیجرانم، اغثنی یا رسول الله
لە کێوی غەفڵەت و ڕێگەی نەدامەت وا بە ڕیسوایی
ئەسیری نەفس و شەیتانم، اغثنی یا رسول الله
بە سەنگی حەسرەتی میحنەت، بە گورزی زەحمەتی
شکستەفەرق و غەڵتانم، اغثنی یا رسول الله
لە دەوری کەعبەی قوربت منی بێدڵ بە ناکامی
وەکوو واماندە حەیرانم، اغثنی یا رسول الله
ئەگەر چی من کە ڕووزەردم، ئومێدم هەر هەیە چونکە
سەگی دەرگاهی یەزدانم، اغثنی یا رسول الله
بە یادی مەیکەدەی حوسنت منی سەرگەشتە ڕۆژ و شەو
موقیمی بەیتی ئەحزانم، اغثنی یا رسول الله
لە نێو مزگەوتی تاعەتدا، لە بۆ دڵ شەمعی ئیخلاسم
نییە، چبکەم، پەرێشانم، اغثنی یا رسول الله
لە کووچەی زیللەتا کەوتووم و بەرگی زیللەتم پۆشی
نەما قووەی تن و جانم، اغثنی یا رسول الله
ویساڵیش هەر وەکوو یاران، لەدووی ئەسحاب و ئالی تۆ
کە دوورئوفتادە و حەیرانم، اغثنی یا رسول الله