ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
٦٣. سەرم ئێشێ لەبەر بێ چایی قوربان
سەرم ئێشێ لەبەر بێ چایی قوربان
وەکوو تەڕڕاح ئەوا کەوتووم لە مەیدان
کە چایە نووری چاوی ئینس و جیننە
کە چایە زینەتی بوستانی ڕیزوان
کە چایە شەمعی جەمعی عاشقانە
کە چایە شاهیدی گوڵزاری کەنعان
کە چایە موتریبی خۆشخوانی مەنزڵ
کە چایە ساقی بەزمی جوملە یاران
کە چایە خۆشەویستی جوان و پیرە
کە چایە دڵبەری سوڵتان و شاهان
کە چایە باعیسی ئەحیایی عالەم
کە چایە ڕەونەقی دێهات و شاران
کە چایە دافیعی عیجزی دەروونی
کە چایە واسیتەی ڕێکی و عیرفان
کە چا ئەسبابی بەزمی ئیتتیحادە
ئەگەر چایی نەبێ عالەم پەرێشان
خوسووس بۆ ئێستە گەر فەسڵی بەهارە
زەمانی عەیش و نۆش و بەزم و سەیران
ئەگەر چی ئێستە دونیا سەوز و سوورە
وەلی بێ چا سەراسەر چۆڵە قوربان
کە من چاییم نەبوو قوربان لە ماڵا
ئیتر بۆ چیمە ماڵی ورت و وێران
چ موحتاجی بەیاناتە کە بیکەم
ئەزانی حاڵی بێ چایی بە ویجدان
مەگەر چایە مەسیحی ئیبنی مەریەم
ئەکا ئەحیا هەزاران قەلبی بێجان
کە تەشریفی نەبوو چایی لە ماڵا
وەکوو ورچ بۆڵەیانە ماڵ و میوان
ویساڵی وێڵی وەسڵی بووکی چایە
وەکوو مەجنوون کەوا کەوتۆتە کێوان
کە ماڵێ خاڵی بوو یەعنی لە چایی
نییە فەرقی لەگەڵ ئەشکەوتی کێوان

پەراوێز edit