ڕەقیب با بڵێ لێت ئەمڕێنم
من تێ نافکرم هەر ئەتتڕێنم
ئەی هاوار چ بکەم لە چنگ ئەسپێ و کێچ
خواردیان گۆشت و ئیستقان و خوێنم
خودا هەڵیخەی وەقتێ لە وەقتان
بۆ خۆم بە بێدەنگ تێی بوەشێنم
خودا بۆم بکا فەسڵی ئێوارە
قەومی ئەسپێ و کێچ هەر ئەشێوێنم
تەنووری گەرمم ئەگەر دەسکەوێ
بەجارێ هەردوو هەر ئەفەوتێنم
تۆ خودا مەنعم مەکەن ئەی یاران
شەرتە ڕیشەیان لە بن دەربێنم
هەر چی تکای کرد گەر بیانبەخشم
لە ڕقا لیباس خۆم ئەسووتێنم
هەر کەسێ وتی خوا قوبووڵ ناکا
ئەڵێم خوێنی خۆم بۆ خۆم ئەیسێنم
ئێوە نازانن چییان پێ کردم
لێم گەڕێن با هەر بیانسووتێنم
ویساڵی مەدە توول بە ئەشعارت
حەقت نافەوتێ ئەگەر بمێنم