بۆم وەها مەعلووم بووە ئێستا لە لا ئەهلی سەلەف
نینە ئەسڵەن زەڕڕەیە نامووس و کەرەمی ناخەڵەف
کوللی جنسێ سەیری کە تالیب بە جنسی خۆی ئەبێ
تۆ وەلی گەر جنسی خۆت دی، زۆر ئەخۆی زەهری ئەسەف
ئیتتیفاقی ئەهلی شار جەمعەن لەسەر ئەم قەولەیە
کەس نییە ئێستا لە دونیا وەک جەنابت بێ شەرەف
بیستبووم کەززابی تۆ، لاکین لەلام تەسدیق نەبوو
چی کە ئێستا دەنگی داوە کیزبی تۆ وەک دەنگی دەف
تەفرەیی عالەم وەکوو من زۆر ئەدەی ئەی بێ ئەدەب
خۆ بە زێڕ ئەنوێنی ئەووەڵ، دەردەچی ئاخر خەزەف
بۆ ویساڵیت تەفرەدا هەی گەر --- من دەیدەمێ
زاهیرەن نیمە ئەڵێی، باتین ئەدەی بەهری عەلەف
کەریەتی تۆ وایە لادێیی، ئەڵێی جەمعەن کەرن
چونکە بۆ خۆت زۆر کەری بۆیە لە دین بووی بێ تەرەف
مەنعیشت ناکەم کەوا ئێستاکە بووی بە فەرمەسۆن
بێ نماز و ڕۆزوو ئەمما دینی خۆت داوە تەلەف
من غەمی خۆتم نییە کافر ئەبێ چاوت دەرێ
خەوفی توللابی ترم زۆرە ببن وەک تۆ کەنەف