ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
٢٧. تەماشا کەن لە مەیدانە سەماوەر
تەماشا کەن لە مەیدانە سەماوەر
خەریکی شین و گریانە سەماوەر
میسالی بێوەیی کوڕمردە دائیم
خەریکی شین و گریانە سەماوەر
هەمیشە چاو پڕ ئاو و دڵ پڕ ئاگر
لە زومرەی دڵ حەزینانە سەماوەر
یەتیم ئاسا بەبێ ساحێب دەناڵێ
دڵی پڕ جۆش و بوریانە سەماوەر
لە چاوی دێتە خوار بارانی ئەسرین
دەڵێی یەعقووبی کەنعانە سەماوەر
میسالی حەزرەتی لوقمان لە دنیا
تەبیبی دەردەدارانە سەماوەر
ڕەفیقێکی غەریبە بۆ حەریفان
ئەنیسی داغدارانە سەماوەر
عەجایب مەجلیس ئارایە و دڵ ئەفرووز
وەکوو شەمعی شەبستانە سەماوەر
بە میسلی بولبولی شەیدا شەب و ڕۆژ
بە ئاه و سۆز و گریانە سەماوەر
کە ئەو تەشریفی حازر بوو لە هەرجێ
ڕەئیسی شاه و سوڵتانە سەماوەر
وەکوو ئەسکەندەری هەر چار کەنارە
چراغی قەسر و ئەیوانە سەماوەر
لەنێو شێخ و مەلاو و تالیبانا
وەکوو مورغی غەزەلخانە سەماوەر
بە حوببی ئەو هەموو کەس موبتەلایە
بە فەیز و لوتف و ئیحسانە سەماوەر
دڵی پڕ ئێشە دائیم خەستەخاتر
نەخۆشی ناری هیجرانە سەماوەر
بە زاهیر عاشق و باتن چ مەعشووق
زەدەی عەشقی حەبیبانە سەماوەر
میسالی ئەولیای ساحیب خەواریق
کەمەندی نەفس و شەیتانە سەماوەر
بە ڕەنگ ئیدریس و باتن میسلی ئیبلیس
بە تەزویر و بە دەستانە سەماوەر
لە جامی فەیزی عالەم مەی دەنۆشن
عەجایب پیری مەیخانە سەماوەر
ئەگەر زۆر موخلیسی بی ئەبیە موفلیس
عەدووی مسکین و سوڵتانە سەماوەر
تەریدەی کاروان و ماڵ و موڵکە
دەڵێی ئینگلیز و یۆنانە سەماوەر
تەمەتتوع بەخشی قەلبی ناتەوانە
سەفابەخشی حەریفانە سەماوەر
دەڵێی شایە کە سفرەی دێتە پێشێ
عەزیزی جینن و ئینسانە سەماوەر
هەمیشە شیفتە و بوریانی عەشقە
حەریفی بادەنۆشانە سەماوەر
ئەکا زیندوو دڵی عوششاقی فانی
میسالی ئەبری نیسانە سەماوەر
لە وەقتی فەجری سادق دێتە مەیدان
وەکوو عابید سەناخوانە سەماوەر
خەلیل ئاسا لە دەستی ناری نەمروود
هەموو دەم ڕووی لە سوبحانە سەماوەر
لە کۆهی بێستوونی هیجری چایی
عەجەب فەرهادی بێجانە سەماوەر
بە سۆزی دڵ ئەناڵێ سێ سەعاتان
موقیمی سەحنی مەیدانە سەماوەر
گرفتاری خەمی زوڵفینی یارە
بە میسلی شێخی سەنعانە سەماوەر
بە گریان و بە زاری وەک هوزارە
شەهیدی یاری بوستانە سەماوەر
وەکوو دەروێش و شێخی ئەم زەمانە
خەریکی تەپڵ لێدانە سەماوەر
بە چاوی دڵ تەماشای حاڵی ئەو کە
کە غەرقی بەحری عیرفانە سەماوەر
بە زاهیر گەر چی مەستی ناری عەشقە
بە دڵ مەشغووڵی ڕەحمانە سەماوەر
بە چایی چا نەبێ، چا نابێ کاری
کە مەنزەرگاهی چاکانە سەماوەر
حەقیقەت قیبلەگاهی ئەهلی عەشقە
لە شوعلەی نووری یەزدانە سەماوەر
مەگەر ئەهلی بیارا بێ ویساڵی
کە دائیم دەم بە قورئانە سەماوەر
خۆشی و بەزمی سەماوەر

پەراوێز edit