ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١٢٣. خورشیدی ڕوخت جانا مەعلووم و هووەیدا کە
خورشیدی ڕوخت جانا مەعلووم و هووەیدا کە
ئەم عالەمە وەک مەجنوون دێوانەیی سەحرا کە
سەد مووسیی عیمرانی مەخمووری تەجەللا کە
ئەگریجەیی میقرازت پەخشان و موهییا کە
پەرگوڵ بکە پۆشینت، گێلگێلە بە سەردا کە
ئەنواری مەه و خورشید، عەکسی ڕوخ و سیماتە
شمشادی بەهەشتی هەم بەندەی قەد و باڵاتە
جەمشیدی دڵم داغی لعلی لەبی سەهباتە
هەوری ڕەشی لێ لادە لەو گەردنی میناتە
نارنجی مەمت چەسپی نێو سوخمەیی خارا کە
دەر باغچەیی سینەت تەحقیقە نییە کەسرێ
کەچ نابێ یەقین کەعبەی دڵ بارێ ئیزن بدرێ
تا گورگی ڕەقیب و هەم شەیتانی عەدوو بمرێ
بەرمووری دەرت با بێ قوببەی کەمەرت بگرێ
دەسوانە و خڕخاڵت یەک دەفعە بە دەسدا کە
گەردی ڕەهی ئەقدامت تاجی سەری سوڵتانە
سەربەرزییە لوتفی تۆ بۆ عاشقی دێوانە
تۆ پادشەه و عالەم یەکبارە نیگەهبانە
فەرموو سەری ئەو بانە، دەستت لە کەمەر دانە
هەر وەک منی دێوانە ئەم عالەمە شەیدا کە
ڕوشکی هەموو حوورانە مینایی سیمین ساقت
دونیایی ڕوخی خوبی نوورینە بە ئەشواقت
بازاڕی شەکەر ئەمڕۆ شیرینە بە ئەخلاقت
هاتوونەتە سەر سەیری باڵا، سەفی عوششاقت
هەنگامەیی غەوغایە ئەو بەزمە تەماشا کە
ئەسکەندەری دڵها بێ دەر چاهی زەنخدانت
مەحبووس و پەرێشانن بۆ چەشمەیی حەیوانت
سەد شاهیدی کەنعانی کەوتوونەتە زیندانت
هاتوومەتە مەیدانت ڕۆحم کەمە قوربانت
بەو عەسکەری مۆژگانت فەرمان بدە هیلاکە
مەدداحی گوڵی ڕووتم، وەک بولبولی گوڵزارم
ڕەحمێ بکە بەم بەندە توخودا بەسە ئازارم
ئاشوفتەیی زوڵفی تۆم شێواو و بریندارم
ڕەنگین بکە پەنجەت بە خوێناوی دڵی زارم
سبحەی کە قیامەت دێ شاهید نییە حاشا کە
لەم ساحەتی عوششاقە بۆچی کاس و ڕەوتی؟
لەم مەجلیسی ڕەندانە بۆچی خوێڕی و دەم چەوتی؟
هێند تاڵی وەکوو حەنزەل، بیعەینە دەڵێی جەوتی
سۆفی چییە مل چەوتی، قەد قامەتی مزگەوتی
هەستە بڕۆ سەر سەیری قەد قامەتی ڕەعنا کە
من کۆتە و بێچارە، ئەو سەروە دڵی بردم
بێسوودە دەڵێ قیسسەت، چی دیکە مەکە عەرزم
بێ مایە و نابووتم، مەبهووتی غەم و قەرزم
من شێتی پەری تەرزم، ئەو دێت و دەدا وەعزم
کاکە وەرە دەسکەننەی ڕیشی فشی موللا کە
تەسریفی بینای حوسنت تەکمیلی بە تەحویلە
مەفهوومی کەلیماتت شایستە بە تەسجیلە
تەهزیبی خەتی لێوت تەشریحی بە تەفسیلە
موختەسەر ئەگریجەیی ئەو زوڵفە موتەوویلە
هەر شەو بە چرای کوڵمت تەحقیق و موتاڵا کە
مانەندی دەمی تەنگی گوڵخونچە نییە حاشا
تەرویجی بە دوڕ داوە دندانەیی لەیلا
موشکینە بە زوڵفینی چون خاکی خوتەن سەحرا
هەوری ڕەشی ڕووی مانگی پۆشیوە کەچی دونیا
وا ڕوونە دەڵێ ئێستا هەر مانگە شەوی پاکە
فەرهاد سیفەت کەوتووم سەرگەشتە و غەمگین دڵ
لەم وادییە سەرسامم تەنخەستە و خوێنین دڵ
نەزدیکە ببێ ئاخر غەرقی غەم و ئەسرین دڵ
هاو وەحشە لە هیجرانی ڕەعنا گوڵی سەنگین دڵ
جان بێ تەڵەبم ساقی، ماتەڵ مەبە، ئازا کە
ئەو ڕوومەتە گوڵزارە، زینەتی دە گوڵزارە
پڕ نار و بەیە سینەت وەک جەننەتی غەففارە
ئەی ساقی لەبالەب کە، ئەو بادەیی گوڵزارە
لەو چاییە ڕەنگدارە، وەک لەعلی لەبی یارە
فنجانی بلوورینت، لەبرێز و موهەییا کە
موتریب وەرە مەیخانە بۆم لێدە لە چنگ و نەی
وەک مورغی غەزەلخوانم، هەر لەحزە لەبۆ غونچەی
مەخمووری لەب و جامم، ئازا کە هەتا سا دەی
بۆم تێکە پەیەندەر پەی، هەتتاکوو دەڵێم ئۆخەی
جەرگم کە کونە وەک نەی، بەو شەربەتە ئیحیا کە
مەنواڕە لە ڕوخسارم گەر زەرد و پەشێواوە
بنواڕە لە گوفتارم وەک قەندی سپی خاوە
ڕەحمێ بە ویساڵی کە، مەفتوونی برۆ و چاوە
تا بەندی جگەر ماوە، یەک دەفعە نەسووتاوە
هەر دەم غەزەلی سادق بۆ دڵبەرت ئینشا کە
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری سادق

پەراوێز edit