ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١١٥. ئەی جەنابی عەلی یەفەندی چی گوتوومە قافییە
ئەی جەنابی عەلی یەفەندی، چی گوتوومە قافییە
تۆ کە موئموور مەرکەزی دیققەت بکە لەم قافییە
تۆ لەلا خۆت ئیلتیفاتت بوو لەگەڵ من چاوەکەم
بۆ چی ناپرسی عەزیزم ئێستە ئەحواڵم چییە؟
وا لەدەس چەرخی زەمانە، سەیری کە وەک فڕفڕە
هەڵدەسووڕێم دائیمە یەک لەحزە ئارامم نییە
هەم لەبۆ دەفعی پەرێشانی و بەیانی حاڵی خۆم
هەر خەریکی گردوشاتم ڕۆژ و شەو وەک دەورییە
تۆ کە جاران ئاشنا بووی بۆ منی دێوانەڕەنگ
ئێستە نازانم کە ئایە ئاشناییت باقییە؟
ڕۆحەکەم بیستوومە چایی و شەکر و کووتاڵ هاتووە
هیچ دڵم پێی خۆش نییە، ئێستا کە من پارەم نییە
ئێستە با تەدبیر حەواڵەی ڕەئیی تۆ بێ ڕۆحەکەم
یەعنی بۆ وەرگرتنی ئەم دوو شتە چارەم چییە؟
ئەی ویساڵی عەلی یەفەندی بۆت وەرئەگرێ تۆیش نەڵێی
موختەسەر با پێت بڵێم ئەو حاتەمێکی سانییە
گەر ئەزانی هاتنم بێ پارە سوودێکی هەیە
پێم بڵێ بێ یا مەیە، یا لێی گەڕێ قیری سییە
گەر بە وەعدەی چەند شەوێ کووتاڵ و چام بۆ وەرگرێ
تا قیامەت هەر لە بیرمە و باعیسی مەمنوونییە
یا بفەرموێ بیفرۆشە ئەبمە کابرای پیازفرۆش
چون لە ئەسڵا کەم نفووسم، هیچی بۆ من تیا نییە
چونکە هەر چی چوو لەلا بایع ئەبا بۆ من نەبم
یا بە تەنها من کەری قازی ئەگێم لەم ناحییە
کاکە ڕازی نیم بە قورئان ئیستیقاقی خۆم ئەبەم
هەر ئەبێ بمداتێ بایع ئیشەکەم مەجبوورییە
چونکە وەک عالەم منیش لەم ئەمرەدا ساحێب بەشم
یا ویساڵی بۆی بڕاوە هەر بەشی غەمخوارییە
ماڵی بێ چایی هەمیشە پڕ لە بۆڵە و پرتەیە
هەر بەوە مەعلوومە چایی باعیسی دڵ جەمعییە
بۆ هەموو دەم چاکە چایی، خۆ خسووس فەسڵی بەهار
چونکە سەحرا سەوزە سوورە، موقتەزایی چاییە
تا زەمان چا بوو بە قوربان زیرەک و فەرزانە بووم
ئێستە گەر مات و نەخۆشم باعیسی بێ چاییە
من بە ئوممێدی وەفا تۆم کرد بە جێگەی ئیلتیماس
گەر چی نەفسم پێم ئەڵێ تەکلیفەکەت خۆراییە
عەلی یەفەندی ماڵی ئاوا شەکر و چاکەی بۆ کڕیم
با بزانم چۆنە ئەمجا تۆرە باجی حاجییە
ئەی ویساڵی وا مەزانە حاجی عالی هیممەتە
چون لە تۆفانی بەڵا بۆ ئێمە نووحی ناجییە

پەراوێز edit