سەد لە سەد بەحسی شەوی هیجران بکەم هێشتا کەمە
چی بڵێم بەخوا سەراپا گشتی هەر دەرد و غەمە
ڕۆژ هەتا ئێوارە، ئێوارە تا وەختی سەحەر
بیست و چوار ساعەت لە خانەی سینە شین و ماتەمە
ئاه بزانی بۆ چی دڵ ئەخولێتەوە بێ هۆش و ڕا
پێچراوی پێچی پێچ و پێچی پەچە و پەرچەمە
حەڵقە حەڵقە ماری زوڵفانی کە ئاڵایە ملم
عەینی ڕاکێشانی کامۆس و کەمەندی ڕۆستەمە
بۆ چی مەنعی من ئەکەی یا شێخ گوناهە کۆڕی عەشق
ئەم گوناهە پێش هەموو عالەم لە ئەستۆی ئادەمە
گەر لە نەزعا چاوەکەم چاوی بە چاوانی کەوێ
ڕەنگە زیندوو ببمەوە باوەڕ بفەرموون ئەو دەمە
سککەی ڕووی دڵبەرە خولیایی خستۆتە سەرم
خەڵقی لای وایە کە عورفی شێتی پارە و دەرهەمە