مەکە باوەڕ بەوەی پیشەی هەمیشە چەوت و دوو ڕوو بێ
بە زاهیر ئەولیای وەخت و لە باتیندا وەکوو جوو بێ
ئەجەلمان وا لە مەیدانا وەکوو پەروانە دەورانە
لە خۆمان بێ خەبەر ناکاو لەگەڵمانا بەرەوڕوو بێ
ئەجەل وەعدەی کە هات هەرگیز دەقیقەمۆڵەتێ نادا
لەدەس ئەم زاڵمە ڕزگاری نابێ گەر ئەرەستوو بێ
کە کۆچت کرد لە دونیا ا لەژێر خاکی سیا پەنهان
ئەبێ ئەم لاشە جوانەی ئێمە توعمەی مار و مێروو بێ
چ خێرێکم لە دونیا دی بە غەیری فیتنە و ئاشووب
نەتیجە چوونە لەم دونیایە وا چاکە هەتا زوو بێ
ئەوەی چاکەی لەدەس نایە خراپەی کردووە پیشە
بەناو هەرچەندە زیندوو بێ بەڵام وای دانێ مردوو بێ
برادەر چاکەیە عەدلە وەفایە هەر ئەمێنێ بۆت
وەکوو نەوشیروان تاکوو قیامەت ناوی زیندوو بێ
لە وەختی مردنا فەرقی نییە سەر تەختە یا خاکە
لەژێرتا دۆشەکەت قوو بێ وەیا پەڕڕی پەرەستوو بێ
بە هاش و هووش و تەزبێحی دوو سەد دانە مەکە باوەڕ
گرەوبوردە کەسانێکە تەبیعەتبەرز و خۆشڕوو بێ
هەموو کەس واجیبە بۆی بۆ سەفەر دواڕۆژی بەرچاو بێ
بەپێی ئەعمالی موحتاجی بە چەند نانێکی تێشوو بێ
جەنازەی داڕزاوی بێتە بەر چاوت چۆن ئەیزانی
قوماندانێکی ئوردوویێ وەیا جوانێکی دڵجوو بێ
بە حاڵی زوعفی عورفی وا مەزانە دوور لە یارانە
تەنافی ڕشتەیی دینی دوو لەت نابێ ئەگەر موو بێ