ئاه لەدەس جەوری فەڵەک ئەی وای لە چەرخی چەنبەری
داد لە زوڵمی بێشوماری وەی لە حوکمی بەربەری
بارک الله ئەی فەلەک میزانی عەدلت وا دەبێ
ئەهلی دانش تحت الاقدام و لەسەر سەر سەرسەری
با سەرەوژوور بێ ئەبێ ڕۆژێ سەرەوژێرت بکا
نەک هەموو کەس لێی بزانێ ئیددعایی سەروەری
تاقی کیسرا بۆ مەقامی شاهی عەدلە و ئێستەکەیش
مار و مێروو جێنشینی شوێنی میللەتپەروەری
با مەقامت سەر بکێشێتە فەزا و جەووی سەما
یا بڵندتر بێ لە بورجی ماه و زوهرە و موشتەری
یا لە کونجی خەڵوەتا خەڵوەتنوشین بێ ڕۆژ و شەو
بۆ کەرامەت با بگەینە ڕوتبەیی پەیغەمبەری
یەک بە یەک فەرق ناکرێ ڕۆژ و زەمانی خۆی کە هات
گەر گەدایی بەر دەری، یاخۆ شەهەنشای خاوەری
ئاخری دەستی ئەجەل ئەدڕێ گریبانی ژیان
ژێری ئەو خاکەت ئەخا ئیمڕۆ بەسەریا تێپەڕی
بۆچ ئیتر مەغروور ئەبی دەعیەی فەلاتوون لێ ئەدەی؟
ئاخری کارت ئەسیری ژێری دوو گەز چادری