ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٤٣. هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو
هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو
تەریقەی گۆشەگیریم گرت ئەمە ڕێگەی سەلامەت بوو
غەڵەت بووم پێم نەزانی بوو پەشیمانی ئەبێ حاسڵ
دڵی بێچارە ناحەق ئینتیزاری پەیک و نامەت بوو
بەڵا بوو یاخۆ باڵا بوو بە دڵ زۆرم سەرنج داوە
تەواو حاڵی نەبووم ئێستەیش کە قامەت یا قیامەت بوو
کە شمشێری برۆی کێشا بەجارێ تاک و جووت وەستا
لە ڕێگەی عەشقدا بۆ کوشتنی ئێمە عەلامەت بوو
مودەڕیس حەقیەتی سوجدە بباتە بەر جەماڵی ڕووی
کە دی ئەو جووتە ئەبرۆی تاقی میحرابی ئیمامەت بوو
گەهێ قیبلەی پەرەستی، گەه ئەبەستێ ڕوشتەیی زوننار
لە ئیعتیقاد و ئایینا سەرم سووڕماوە کامەت بوو
بەسە عورفی بەسی بێ پەیڕەوی جوانان ئیتر مەگرە
لە عەشقا کار و باری تۆ نەتیجەی هەر نەدامەت بوو
پەرێشانە کەلامت شێوەیی شیعرت پەشێواوە
دیسان سەد بارک الله بۆت ئەمە نووسینی خامەت بوو

پەراوێز edit