ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
٦. بازرگان و تووتی
ئەڵێن تاجرێ بووە لە ئێران
بۆ کڕینی ماڵ ئەچووە هیندستان
پێش ڕۆیین پرسی لە ماڵ و مناڵ
چیتان بۆ بێنم لە دیاری و کوتاڵ
هەریەک شتێکی داوا کرد ئەوسا
تووتییەکی بوو لە ناو قەفەسا
پێی وت کە چوویتە خاکی هیندستان
تووتی ئەبینی لەسەر درەختان
بڵێ تووتی من وا لە ناو قەفەس
لە دووری ئێوە بووە بە قەقنەس
تاجر کە چووە خاکی هیندستان
قسەی تووتییەکەی وت بە تووتییەکان
لە پڕ تووتییەک کەوتە خوارەوە
گیانی دەرچوو زوو بە پەژارەوە
تاجر وتی ئەم تووتییە هەژارە
خزمی تووتییەکەی منە وا دیارە
لە دەردی دووری ئەو وا دەست و برد
کەوتە خوارەوە گیانی تەسلیم کرد
بۆ وڵاتی خۆی کە گەڕایەوە
قسەی بۆ تووتی زوو گێڕایەوە
تووتییەکەی ئەویش کەوت و لە پڕا
بە لنگەفرتێ گیانی لێ بڕا
مناڵان دەستیان بۆ کرد بە گریان
لە پاش شیوەن و زاریی فراوان
لاقێکیان گرت و خستیانە کۆڵان
زیندوو بووەوە فڕی بۆ سەربان
وتی بە تاجر ئاغا بە دووعا
ماڵت ئاوابێ هەر خۆش بیت یاخوا
ئەو تووتییەی وا لە هیندستان مرد
نەمردووە بۆ من ڕاسپێری وا کرد
یەعنی تا نەمری هەر ئەسیر ئەبی
لە ناو قەفەسدا دیل وزویر ئەبی
ئەگەر تۆ پیاویت زوو خۆت بمرێنە
لە کۆت و زنجیر پێت دەر بهێنە
کاتێ ئەمەی وت دای لە شەقەی باڵ
لە بەر چاو ون بوو وەکوو بای شەماڵ

پەراوێز edit