ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
٤٣. لە غەمزەت تیرە باران بۆ دڵی عوششاقی مسکین هات
لە غەمزەت تیرە باران بۆ دڵی عوششاقی مسکین هات
لە زوڵف و ڕووت بە جارێ ترسی کوفر و موژدەیی دین هات
لە سیحری چاوی مەخموورت بەڵا بۆ گیانی بێ تین هات
«محاتی عاریزی دولبەر لەسەر دا زووڵفی مشکین هات
بە دەورەی باخی گوڵ دا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات»
بە تەنیا تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجن ئەنجن کرد
وجوومی تیری غەمزەت گیانە سینەی زاری کون کون کرد
هەموو دەرد و جەفای یەکجاری وەقفی جەستەیی من کرد
«هەوای ماچی دەمت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد
موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات»
لە دووریی ڕووی تۆ ئەمشەو زەلیل و خەستە و بێ خەو
ئەگریام بێ کەس و تەنیا بەبێ شەوقی چرا و پڕتەو
لە پڕ هەڵسام بە سۆز و شەوقەوە خوێندم بە وێنەی کەو
«دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ نەکرد ئەمشەو
لە دەم ڕووحولئەمین تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات»
لە باڵای تۆ عەزیزم سەرو ئەکا مەشقی دڵارایی
ئەکا عەڕعەڕ لە بەژنت گیانە دائیم کەسبی ڕەعنایی
هەموو لاسایی حوسنی تۆ ئەکەن ئەی شۆخی بەغدایی
«کتێبی وەسفی جوانیی تۆم ئەخوێند ئەمشەو بە تەنیایی
لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات»
بەڕاستی مردنی عاشق جیایی خزمەتی یارە
لە وەسڵی یار ئەگەر دووربێ لە گیانی خۆشی بێزارە
بە ڕاستی سەیرە وەزع و حاڵی عوششاقانی بێچارە
«بڵێم پێت با حەدیسی کوشتنی فەرهادی ئاوارە
لە شەوقا دای لە سەریا تیشە کاتێ دەنگی شیرین هات»
ئەوەی ڕۆیی بە ڕێی عەشقا سەر و ماڵی بە تاڵان چوو
ئەبەد ناگاتە مەقسەد دائەمینێ هەروەکوو مردوو
بە هەر لایا بچێ بەختی ڕەشی ڕێی لێ ئەبەستێ زوو
«لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز بە تەم کێوی دەماوەند بوو
بە ڕێی ڕەی دا کە قیسمەت ڕۆژی هەووەڵ بۆ وەرامین هات»
چ خۆشە ئینتزار و چاوەڕێی تەشریفی دڵداران
لەسەر ڕێگا بە ئوممێدی ویساڵی شۆخ و نازداران
کەمالی وا کوڵاوە زامی جەرگی سینە زاماران
«هەمیسان هاتە سوێ زامی دڵی سالم وەکوو جاران
بە سروەی بای سەحەر کاتێ کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات»
موحیتی عاریزی دڵبەر لە سەردا زوڵفی پڕچین هات
بە دەوری باغی گوڵدا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات

هەوای ماچی لەبت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد
موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات

بە تەم کەللەی دەماوەند بوو لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز
بە ڕێی ڕەیدا کە قیسمەت ڕۆژی ئەووەڵ بوو وەرامین هات

کەلامی وەسفی حوسنی تۆم دەخوێند دوێشەو بەتەنهایی
لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات

دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ دەکرد ئەمشەو
لە دەم روح الأمین تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات

حەدیسی کوشتنی فەرهادی بێکەس پێت بڵێم چۆن بوو؟
لە شەوقا دای بە سەریا تیشە وەختێ، دەنگی شیرین هات

هەمیسان کەوتە خوێن زەخمی دڵی سالم، وەکوو جاران
بە سروەی بای سەحەر یەکدەم، کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات

«سالم»
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری «سالم»

پەراوێز edit