دەبێ قوڕ کەم بەسەردا خەڵکە وا دیسان نیگار ئەڕوا
وەکوو بولبول بناڵم چاکە چونکە نەوبەهار ئەڕوا
زوبانی ڵاڵ بێ بۆچ وا زوو خورووسی سوبحەدەم خوێندی
شەوی وەسڵم بەسەرچوو مەوسمی بۆس و کەنار ئەڕوا
لە دێهاتی ئەبێ سووچی چ دیبێ یاری بێ ڕەحمم
کوتوپڕ واکە زوو بێزار بوو لێمان ڕوو بە شار ئەڕوا
بە پەیکانی موژەی پێکامی ئەو بێ ڕەحمە وای زانی
کە تیری ڕۆستەمە و بۆ دیدەنیی ئەسفەندیار ئەڕوا
ئەگەر مردی لە ساردی میهری دەهری دوون مەبە عاجز
زەواڵی دێ ئەمیش وەک بەفرەکەی پێرار و پار ئەڕوا
کەمالی بۆ نیساری مەقدەمی جانان تەماشاکە
کە ئەشعارم دوڕ و گەوهەر قەتار ئەندەر قەتار ئەڕوا