کە یار نەبینێ عاشق لای وایە
کەسی تیا نییە ڕووی ئەم دنیایە
غەیری ڕێی ماڵی دلبەر نازانێ
پێی بۆ جێگای تر ناشارەزایە
بەرامبەر یارە دڵی ڕۆژ و شەو
ناسرەوێ هەروەک قیبلەنمایە
قەهر و جنێوی بۆ ئەو خەڵاتە
جەور و جەفاشی هەروەک وەفایە
کەڕە نابیستێ غەیری قسەی یار
لە گوێیدا قسەی ئەم خەڵکە بایە
پەندی واعیزان قسەی دڵسۆزان
لای پڕوپووچە وتەی بێجایە
بەدەست خۆی نییە هەقیەتی چونکە
ئەم کارەساتەش ئەمری خودایە