وا مەزانی تۆ لە زڕگوێزی دڵی ئێمەش زڕە
باوەڕت بێ پێم لە مەیلی تۆ دڵم بە خوا پڕە
تەجرەبەی کە شەق بکە سینەم بە غەیری مەیلی تۆ
گەر شتێکی تیا ببێ توخوا لە بێخا بیبڕە!
تۆوی لالەم هێند لە سەحرای سینەما داچاندووە
فەرموو سەیری کە عەجایب لالەزارێکی چڕە
ئەم جیهانە هەر لەبەر عەشقە کە هاتۆتە وجوود
عەشقی گەر تێدا نەبێ خۆ مەسئەلەی دنیا تڕە
وا نەزانی پیر و داماوم لە سایەی عەشقەوە
وا لە هەشتا تێپەڕیم هێشتا دڵی من هەر کوڕە
وەسفەکەی لالەت ئەوەندە جوانە وەک شیرداخی شام
وایە بۆ ئەم جەژنە گیانە بۆ کەوای خۆت بیبڕە